وێستگەکە لەسەر بنەمانی گرێبەستێکی نەوت کە ساڵی 2008 لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کۆریای باشوور (KNOC)دا واژۆکراوە دروستکرا، تەواوی تێچووی ئەو وێستگەیە لەلایەن ئەم کۆمپانیا کۆرییەوە دابیندەکرێت.
قۆناخی دووەمی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەبات کە 150 مێگاواتە خرایەگەڕ و گوتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت، لەگەڵ بەگەڕخستنی وێستگەکە، کارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان سێ هەزار مێگاوات تێدەپەڕێنێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش گوتی، راستە وێستگەکە لە خەباتە، بەڵام بەرهەمەکەی بۆ هەموو کوردستانە.
ئەو وێستگەیە لە 6ی ئابی 2012 لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر گرێبەستی دامەزراندنی کرا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیران بوو و لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کۆریای باشوور KNOC و پۆسکۆ، ئەوکات پڕۆژەکە بەهۆی شەڕی داعش راگیرا و دواتریش قەیرانی دارایی. وێستگەکە لەسەر بنەمانی گرێبەستێکی نەوت کە ساڵی 2008 لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کۆریای باشوور (KNOC)دا واژۆکراوە دروستکرا، تەواوی تێچووی ئەو وێستگەیە لەلایەن ئەم کۆمپانیا کۆرییەوە دابیندەکرێت.
بەپێی گرێبەستە نەوتییەکە، کۆمپانیای (KNOC)ی کۆریای باشوور لە قۆناخی یەکەمدا پرۆسەی پشکنین و گەڕان بە دوای نەوتدا لە هەرێمی کوردستاندا دەکات، لە قۆناخی دووەمیشدا پشتگیری له پڕۆژەکانی بونیادنانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان دەکات، دابینکردنی تێچووی دامەزراندنی ئەم وێستگەیەش لە چوارچێوەی قۆناخی دووەمی گرێبەستە نەوتییەکەدا بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-07-2020 وێستگەی دووەمی هەڵمی خەبات کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کرایەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی 150 مێگاوات کارەبای هەیە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای هەڵمی خەبات رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە لە کابینەی پێشتر دەستیپێکرا و ئێمە لە تەواوکردنی ئەو کارە باشانە بەردەوام بووین. گوتیشی “راستە پرۆژەکە لە خەباتە، بەڵام بەرهەمەکەی بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە”.

هەروەها فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کە پرۆژەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات دەتوانێت لە 10%ی هەموو کارەبای هەرێمی کوردستان زیادبکات.
لەماوەی رابردوودا وێستگەی یەکەمی هەڵمی خەبات کرابووەوە کە ئەویش توانای بەرهەمهێنانی 150مێگاوات کارەبای هەیە، بەمەش کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان 3000 مێگاوات تێدەپەڕێنێت. بەپێی زانیارییەکانی تيمى سەرپەرشتیاری وێستگەکە، وێستگەی كارەبای هەڵمی خەبات بە یەكێك لەو وێستگە پێشكەوتووانە دادەنرێت كە بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز دروستكراوە و لەڕووی كەمی تێچوون و پاراستنی ژینگەوە گرنگییەكی رادەبەدەری هەیە و جیاوازە لە وێستگەكانی دیکەی بەرهەمهێنانی كارەبا، كە لە رێگەی گازی سرووشتی و گازوایلەوە كاردەكات، تەنانەت ئەو ئاوەی كە لەوێستگەكە دەردەچێت چارەسەری كیمیایی بۆ دەكرێت و دەتوانرێت دووبارە لەلایەن مرۆڤەوە بەكاربهێندرێتەوە. ئەو وێستگەیە لەلایەن تیمێکی ئەندازیارانی کۆرییەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تیمەکە گەڕانەوە کۆریای باشوور، بەڵام 12-6-2020، تیمەکە بۆ کارپێکردنی وێستگەکە گەیشتنەوە هەولێر.

بەپێی گرێبەستەکە لە قۆناخی یەکەمدا بڕی 300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت. پرۆژەکە دەبووایە لە ماوەی 36 مانگدا تەواو بێت بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ دواکەوت. ئێستا لە هەرێمی کوردستان 14 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن، کۆی توانای وێستگەکان دەگاتە شەش هەزار و 737 مێگاوات، بەڵام تەنیا نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن.
• ئەم هەواڵە لە پێگەی ئەلەکترۆنی ڕووداو وەرگیراوە