وەزارەتی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٠/١٢/٢٠ بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی خاوی مانگی تشرینی دووەم ڕاگەیاند.
ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی دووەم بە پێی ژمێرەی کۆتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) ڕاگەیەندراوە بریتی بووە لە ٨١ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار و ٣٧٦ بەرمیل نەوت. تێکڕای داهاتی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٤٠٣ملیۆن و ٧٢٢ هەزار دۆلار.
کۆی هەناردە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەوە بریتی بووە لە ٧٨ ملیۆن و ١٩٠ هەزار و ٤٤٤ بەرمیل نەوت. داهاتی ٣ ملیار و ٢٨٢ ملیۆن و ٣٩٤ هەزار دۆلار. هەروەها هەناردەی کێڵگەکانی کەرکوک لە ڕێی بەندەری جیهانەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨١٩ هەزار و ١٦٩ بەرمیل نەوت، بە داهاتی ١١٤ ملیۆن ٥٨٨ هەزار و٤٨٠ دۆلار. کۆی هەناردە بۆ ئوردن بریتی بووە لە ٢٥٢ هەزار ٧٦٣ بەرمیل نەوت بە داهاتی ٦ ملیۆن و ٧٣٩هەزار و٦٨٣ دۆلار .
تێکڕا هەناردەی ڕۆژانەی عێراق لە مانگی تشرینی دووەم بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٧٠٨ هەزار و ٧٤٥ بەرمیل. وە لەم بڕە تێکڕا هەناردە لە ڕێی بەندەرەکانی بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٦٠٦ هەزار و ٣٤٨بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەناردەی لەڕێی بەندەری جیهانی تورکیاوە بریتی بوو لە ٩٣ هەزار و ٩٧٢ بەرمیل لە ڕۆژێکدا وە هەناردە بۆ ئوردن ڕۆژانە تێکڕا ٨ هەزار و ٤٢٥ بەرمیل نەوت بووە.
تێکڕای نرخی فرۆشی نەوتی عێراق لە تشرینی دووەمدا بریتی بووە لە ٤١٫٨٨٦دۆلار لە کاتێکدا لەمانگی تشرینی یەکەمدا بریتی بووە لە ٣٨٫٤٨٠ دۆلار .
هەروەها کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند بڕی ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی یەکی بەسرە بە زیادەی ٤١ سەنت فرۆشراوە ئەو داهاتی نەوتەی کە لەمانگی پێشوودا بەونرخە زیادە فرۆشراوە بریتی بووە لە ٦ ملیۆن و ٥٣٢ هەزار و ٣٥٠ دۆلار .
لەگەڵ ئەوەی نرخی فرۆشی بەرمیلێک نەوت بەرزتر بووە بەراورد بەمانگی مانگی پێشوو بە تێکڕا ٣٫٤٠٦ دۆلار بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕی ٧ملیۆن و ٨٩١ هەزار و و ٥٢٣ بەرمیل هەناردە لەمانگەکەدا کەمی کردووە بۆیە داهاتیش لەمانگی پێشو کەمتر بووە.
نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمدا لە لایەن ٣٠ کۆمپانیای نێودەوڵەتییەوە کڕراوە ئەوانیش (٨ کۆمپانیای هیندی، ٦ چینی، ٣ ئەمەریکی،٣ کۆریای یاشور،٣ ئیتالی، ٢ یۆنانی، ١ تورکی، ١بریتانی، ١ ئیسپانی، ١ ڕوسی و ١ ئوردنی.
بەشێوەیەکی بەردەوام وەزارەتی نەوت لە سەرەتای هەرمانگێکدا ژمێرەر سەرەتایی بۆ ئاستی هەناردەی لەگەڵ بڕی داهات و نرخی نەوتی فرۆشراو ڕادەگەیەنێت وە لە پێش کۆتایی مانگیش ژمێرەی کۆتایی ڕادەگەیەنێت.