ڕوونبین
بەپێی هەواڵێکی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێژەی هەناردەی داهاتی نەوتی عێراق بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەمڕۆ ٢٠٢١/٠١/٠١ وەزارەتی نەوت بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی خاوی مانگی کانونی یەکەم ڕاگەیاند.
ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەم بە پێی ژمێرەی سەرەتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) ڕاگەیەندراوە دەردەکەوێت کە هەناردەی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە ئەنجامدا ئاستی داهاتیش بەرزبووەتەوە. تێکڕا هەناردە بریتی بووە لە ٨٨ ملیۆن و ٢١١ هەزار و ٧٥٠ بەرمیل نەوت لە کاتێکدا لە مانگی پێشودا(تشرینی دووەم) بڕی هەناردە ٨١ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار و ٣٧٦ بەرمیل نەوت بووە کە بەرهەم بڕی ٦ ملیۆن و ٩٤٩ هەزار و ٣٧٤ بەرمیل بەراورد بەمانگی پێشوو زیادی کردووە.
تێکڕای داهاتی فرۆشی نەوت لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمدا بریتی بووە لە ٤ ملیار و ٢١٣ ملیۆن و ٤٣٢ هەزار دۆلار کە بڕی ٨٠٩ ملیۆن و ٧١٠ هەزار دۆلار داهات زیادی کردووە کە دەکاتە ڕێزەی١٩٪ داهات.
کۆی هەناردە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەوە بریتی بووە لە ٨٥ ملیۆن و ١٩٥ هەزار و ٦٠٨ بەرمیل نەوت. هەروەها هەناردەی کێڵگەکانی کەرکوک لە ڕێی بەندەری جیهانەوە بریتی بووە لە ٣ ملیۆن و ١٦هەزار و ١٤٢ بەرمیل نەوت. ئەم مانگە هیچ ئاماژەیەک بەهەناردە بۆ ئوردن نەکراوە.
تێکڕا هەناردەی ڕۆژانەی عێراق لە مانگی کانونی یەکەمدا بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٨٤٦ هەزار بەرمیل. وە لەم بڕە تێکڕا هەناردە لە ڕێی بەندەرەکانی بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٧٤٨ هەزار و ٢٤٥بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەناردەی ڕۆژانە لەڕێی بەندەری جیهانی تورکیاوە بریتی بوو لە ٩٧ هەزار و ٢٩٥بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
تێکڕای نرخی فرۆشی نەوتی عێراق لە کانوونی یەکەم دا بریتی بووە لە ٤٧٫٧٦٥ دۆلار لە کاتێکدا لەمانگی تشرینی دووەمدا ٤١٫٨٨٦ بووە و لە تشرینی یەکەمدا بریتی بووە لە ٣٨٫٤٨٠ دۆلار .
زیاد بوونی داهاتی عێراق لە کانوونی دووەمدا بۆ بەرزبونەوەی نرخی فرۆشی نەوت و زیادبوونی هەناردە دەگەڕێتەوە. هەناردە ڕۆژانە ١٣٨ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و نرخ بڕی ٥٫٨٨ دۆلار زیاترە لە مانگی پێشوو . پێشتریش ڕوونبین پێشبینی کردبوو کە داهاتی کانوونی دووەم لە سەروو ٤ ملیار دۆلارەوە دەبێت.
بەشێوەیەکی بەردەوام وەزارەتی نەوت لە سەرەتای هەرمانگێکدا ژمێرەر سەرەتایی بۆ ئاستی هەناردەی لەگەڵ بڕی داهات و نرخی نەوتی فرۆشراو ڕادەگەیەنێت وە لە پێش کۆتایی مانگیش ژمێرەی کۆتایی ڕادەگەیەنێت.