ئایا كۆمپانیا نه‌وتییه‌ چینییه‌كان جێگه‌ به‌ كۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌كان لێژ ده‌كه‌ن

فه‌رهاد حه‌مزه‌ محەمەد

سه‌ره‌تایی مانگی ته‌مموزی رابردوو احسان عبدالجبار وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیا رۆژئاواییه‌كان به‌ نیازی پاشه‌كشه‌ن له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت له‌ عێراقدا كه‌ نزیكه‌ی ده‌ ساڵه‌ به‌ گوێره‌ی گرێبه‌ستی خزمه‌ت (Service Contract) له‌ كێڵگه‌كانی باشووری عێراق كارده‌كه‌ن . كۆمپانیاكانیش بریتیین له‌ كۆمپانیای (BP) ی به‌ریتانی و ئه‌كسۆن مۆبێل ی ئه‌مریكی و لۆك ئۆیه‌ڵی ڕووسی ، پێشتریش له‌ ساڵی ٢٠١٨ كۆمپانیای (Shell) ی هۆڵه‌ندی پشكه‌كه‌ی خۆی له‌ كێڵگه‌ی مه‌جنون فرۆشت .
ده‌توانرێت هۆكاری پشت ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌م فاكته‌رانه‌ بگه‌ڕێنریته‌وه‌ :-
١- ژینگه‌یه‌كی نا ئارام ڕووبه‌ڕوویان بۆته‌وه‌و چه‌ندین جار كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش و میلیشیا شیعه‌كان .
٢- هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان خۆیان به‌ نیازی گۆڕینی هه‌یكه‌لی كاركردنیانن له‌وانه‌ كۆمپانیای (BP) كه‌ به‌ نیازه‌ له‌ بواری غاز كار بكات ، هه‌روه‌ها كۆمپانیای ) (Shell له‌ به‌رنامه‌ی دایه‌ جه‌خت له‌ بواری غاز و پتڕۆ كیمیاوی بكاته‌وه‌ .
٣- ئه‌و پاره‌یه‌ی كۆمپانیاكان له‌ عێراق ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌ كه‌می ده‌زانن بۆ نموونه‌ به‌پێی ووته‌ی وه‌زیری نه‌وت كۆمپانیای ئه‌كسۆن مۆبێل ساڵانه‌ ١٠٠ ملیۆن دۆلار قازانجیان كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش داهاتێكی نزمه‌ .وێرای ئه‌مه‌ به‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ هه‌ندێك جار عێراق نه‌یده‌توانی پابه‌نده‌ داراییه‌كانی وك خۆی جێبه‌جێ‌ بكات .
٤- گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی كۆمپانیا چینییه‌كان له‌ عێراق له‌ چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌دا . چین ئه‌م دۆخه‌ی عێراقی قۆسته‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی نه‌وتدا له‌ عێراق بۆ نموونه‌ گرێبه‌ستی له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌ كێڵگه‌ی (غرب قرنه‌) به‌ ده‌ست هێناوه‌ ، هه‌روه‌ها مۆڵه‌تی په‌ره‌پێدانی (پاڵاوگه‌ی فاو) ی به‌ بڕی ٧ ملیار دۆلار وه‌رگرتووه‌ . حاڵی حازر كۆمپانیا چینییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ و ناراسته‌وخۆ له‌ ١٥ كێڵگه‌ی نه‌وتی عێراقدا كارده‌كه‌ن ، رۆژانه‌ش نزیكه‌ی ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كراوی عێِراق ده‌كڕنه‌وه‌ . به‌ڵام حكومه‌تی عێراق بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا هه‌روه‌ك مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ پێی باشه‌ كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكی جێگه‌ی كۆمپانیای ئه‌كسۆن مۆبێل بگرێته‌وه‌ .
له‌ دواییدا یا ئه‌وه‌تا ده‌بێت حكومه‌تی عێراق خۆی پشكی كۆمپانیاكان بكڕێته‌وه‌ یا ئه‌وه‌تا ده‌رگا بخاته‌ سه‌ر پشت بۆ كۆمپانیا چینییه‌كان كه‌ زیاتر توانای خۆ گونجاندنیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ و بارودوخه‌ سه‌خته‌كه‌ی عیراقدا .