هەماهەنگی و هاوئاهەنگی گەورە بەکار بەرانی نەوت

یادگار سدیق گەڵاڵی

بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وا لە ڕکەبەرەکان دەکات بێ چەند و چوون هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا بکەن و بەیەک ئاراستە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەکی ڕانەگەیەنراودا خۆیان ڕێکبخەن. چین و ئەمەریکا بەنمونە.

نرخی نەوت لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردوو بەرزبوویەوە و گەشتە سەروو ٨٥ دۆلار بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەو هەماهەنگییەی نێوان گەورە بەکاربەرانی نەوت و زیادبوونی توشبوون بە کۆڤید ١٩ نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

دوای ئەوەی نرخی نەوت لە سەرەتای ساڵەوە بەردەوام لە هەڵکشاندا بوو، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی بۆ سەر و ١٠٠ دۆلاری لێ دەکرێت و بەهۆی بەرزی نرخیشەوە مەترسی هەڵاوسانی ئابوری لێرەو لەوێ باس دەکرێت.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چەند بۆنەیەکی جیادا داوای لە وڵاتانی هەناردەکەری نەوت “ئۆپیک” کرد کە ئاستی بەرهەمیان بەڕێژەیەکی زیاتر لەوەی لە بەرنامەیاندایە زیاد بکەن تاوەکو ڕێگری بکەن لە بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت و پڕ کردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لەخستنەڕووی نەوتدا هەیە، کە لە ئێستادا بە ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت. بەڵام ئەم داوایەی ئەمەریکا و جۆبایدن ڕەدکرایەوە لەلایەن سعودیەوە وڵاتانی ئۆپیک و ئۆپیک پلەسیشەوە. بۆ یە بەناچاری ئەمەریکا پەنای بۆ ڕێگایەکی تر برد کە پێشتر بەم شێوەیە بەکارنەهاتووە ، ئەویش داواکردن لە هەریەک لە چین و ژاپۆن و هیندستان و کۆریای باشوور بوو کە دەست بەرن بۆ بەکارهێنانی ئەمباری نەوتی ستراتیژیان SPR تاوەکو لە ڕێگەیەوە نەوتێکی زۆرتر بخرێتە ڕوو وە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.

ئەمەریکا بڕیاریدا دەست بکات بە بەکارهێنانی نەوتی ئەمباری ستراتیجی SPR “”، لەگەڵ ئەوەی چین ناڵێت لەسەر داوا و پێشنیاری ئەمەریکا دەست دەبات بۆ ئەمباری ستراتیجی نەوت، بەڵام دوای پەیوەندییەکی سەرۆک بایدن و سەرۆکی چین شی کە داوای لێکرد بوو ئەمباری ستراتیجی نەوت بەکار بێنن، چین رایگەیاند بۆ جاری دووەم لەساڵدا SPR بەکار دەهێنێت. هەروەها ژاپۆنیش بەهەمان شێوە بڕیاری داوە.

هەریەک لە چین و ژاپۆن زۆربەی نەوتی هاوردەکراویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دابین دەکەن.

بەم شێوەیە لە چوار گەورە بەکاربەری نەوتی خاوی جیهان سیانیان هەمان هەنگاو دەگرنە بەر و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە و بە سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی بایدن ئەژمار دەکرێت. تاکەی و بەچ ئاستێک بەردەوام دەبن؟ لەئێستادا ڕوون نییە.

ئەم هەنگاوەی گەورە بەکاربەرانی نەوت و ئەم هەماهەنگییەیان زیاتر بۆ فشار خستنە سەر ڕێکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانی ئۆپیک پلەسە، تاوەکو ناچاربن ئاستی بەرهەمیان زیاد بکەن. بەڵام ئۆپیک پلەس زۆر بە هەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ زیادکردنی بەرهەم دەکات و تائێستا سورە لەسەر ئەوەی لەسەر بەرنامەکەی خۆی بەردەوام بێت بەزیادکردنی لەسەرخۆی بەرهەم کە مانگانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە و بڕیارە لە ٢ی تشرینی دووەم دا هاوپەیمانیەکە کۆببێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بازاڕ و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە لەساڵی نوێشدا هەر بەو ئاراستەی پێشوو بەردەوام دەبێت یان نا.

کێشەیەک کە لەماوەی چەند مانگی رابووردودا ڕوبەڕوی هەندێک لە ئەندامانی ئۆپیک پلەس بووەتەوە ئەوەیە بەهۆی کەمی سەرمایە گوزاری و وەبەرهێنانەوە نەیان توانیوە ئاستی بەرهەمیان بگەیننە ئەو ئاستەی کە بۆیان دیاری کراوە چ جای ئەوەی بەرهەمیان زیاتر بکەن!

خاڵێکی تری جێی نیگەرانی بازاڕی نەوت زیاد بوونی تووشبوونە بە کۆڤید ١٩ لە وڵاتانی ئەوروپا و دوبارە چونە دۆخی لۆکداونەوە لە نەمسا و مەترسی هەڵگرتنی هەمان هەنگاو لە ئەڵمانیاش دەکرێت و وڵاتانی تریش نیگەرانن. ئۆپیکیش لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات.

ڕێکخراوی ئۆپیک لەماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا یاریچیەکی گرنگ و کاریگەری ئاراستەکەری بازاڕی نەوت بووە. لە پێنج ساڵی ڕابردوشدا تاوەکو ئێستاش لە ڕێی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەسەوە کاریگەرییەکەی زیاتر ڕەنگڕێژی بازاڕی نەوتی کرد. ئایا بەم هەنگاوەی گەورە بەکاربەرەکان شڵەقان دەکەوێتە ناو هاوپەیمانییەکەی ئۆپیک پلەسەوە ؟