ئایا حکومەتی هەرێم هەڵەیە لە فرۆشتنی نەوت بە ١٠ تا ١٢ دۆلار هەرزانتر لە نرخی برێنت و بازاری جیهانی؟

د. یادگار ئەستێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەند ساڵێکە نەوتی خۆی دەفرۆشێت لە بازەڕەکانی جیهان و کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە. سەڕەرای تێبینیەکی زۆرمان لەسەر شەفاف بوونی پرۆسەکە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی مێدیاکان و هاوڵاتیانی ڕاکێشاوە ئەوەیە بۆچی نەوتی هەرێم بە هەرزانتر دەفرۆشرێت لە بەرامبەر نەوتی ووڵاتانی تر یان لانی کەم عێراق؟ ئایا ئەو نەوتە هەرزان فرۆش دەکرێت یان کۆمپانیا بیانی و کڕیارەکانمان قۆرخی نەوتەکەمانیان کردووە؟

بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە، سەرەتا پێویستە ئەوەمان لاڕوون بێت کە پیشەسازی نەوت هەر لە پرۆسەی گەڕان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە تاوەکو بەکارهێنانی لەلایەن تاکەکانەوە، کۆمەڵە گرێبەستێکی ئاڵۆز و سادە لە ئەستۆ دەگریت بە پێێ قۆناغەکەی. بەڵام گرنگترین و هەستیارترین قۆناغەکانی پرۆسەی نەوت لە گرێبەستی هاوبەشی (PSA) کە لە کوردستان کاری پێدەکریت، بریتین لە گەڕان (Exploration) و کردنەکار و (Exploitation) بەرهەم‌هێنان (Production)و بە بازاڕکردنە (Marketing) . لەم چوار قۆناغەدا پێنج مەترسی ڕاستەوخۆ دووچاری کۆمپانیاکە دەبێتەوە، لەوانە: مەترسی سیاسی (Political Risk) و مەترسی جیۆلۆجی ((Geological Risk و مەترسی نرخ (Price Risk)و مەترسی خستنەڕوو و داخوازی (Supply and Demand)و مەترسی تێچووی پرۆسەکە (Cost Risk).
ئەوەی کە پەیوەندی بە بابەتەکەمانەوە هەبێت بریتیە لە مەترسی سیاسی (Political Risk). ئەم مەترسییە کۆمەڵیک فاکتەر لەئەستۆ دەگرێت، کە دەکرێت ئاماژە بە هەندێکیان بدەین لێرەدا بۆ نموونە: ناسەقامگیری سیاسی لە ووڵات، کۆت و بەندی نوێی یاسایی و دامەزراوەی چاودێری، یاسای نوێی ژینگەپارێزی، گۆڕانکاری لە سیستەمی باجدا، گۆڕانکاری لە یاسای کار، گۆڕانکاری لە سیاسەتی بازرگانی، سەپاندنی فرۆشنتی نەوتەکە بە دراوی ناوخۆ، پرۆسەی خۆماڵیکردن، تیرۆریزم، شۆڕش…هتد.
لە نێو ئەم هەموو فاکتۆرانەشدا، هەمیشە دوو مەترسیی یەکەم کە ئاماژەیان پێکراوە لەسەرەوە، (نا سەقامگیری سیاسی لە ووڵات، و کۆت و بەندی نوێی یاسایی و دامەزراوەی چاودێری) بە هەرە مەترسیە بەهێزەکان ئەژمار دەکرێن لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. چونکە لە هەر ساتێکدابووبێت ناسەقامگیری درووست بووە لە ناوچەکە هەر لەپاش کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمەوە. بەڵام کۆمپانیاکان هەمیشە دڵنیاییەکیان لەگیرفاندا هەبووە ئەویش مامەڵەکەیان لەگەڵ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریدا بووە، مامەڵەیەکی فەرمی بووە و ئەو ووڵاتانەی کە کۆمپانیاکانیان لێ تۆمارکراوە یاخود(ووڵاتی نێردەر) پشتگیری تەواویان هەبووە بۆ کۆمپانیاکان. ئەمەش بە ڕوونی دیارە لە پاش ساڵی ١٩٥١ کە موسەددەق کردی لە ئیران بەرامبەر کۆمپانیای ئەنگلۆ-فارسی کە ئێستا British Petroleumی بەریتانیە. ئەمەش بەڕەجاو کردنی پرۆسەی خۆۆماڵی کردنی نەوت لە لیبیاو عێراق لە ساڵانی ١٩٧١ و ١٩٧٢. لەو دۆخانەدا کۆمپانیاکان قەرەبوو دەکرێنەوە کە پێویست ناکات لێرەدا چۆنیەتیەکەی باسبکەین. ئێستا لە سەدەی بیست و یەکدا ئەم جۆرە مەترسییانە کەمتر دەردەکەون بەهۆی تێکەل بوونی بەرژەوەندیە نیودەوڵەتیەکان. بە واتایەکی دیکەش ئەم حکومەتانەش پێویستیان بە داهات هەیە بۆیە کەمترین مەترسی دروست دەکەن بۆ کۆمپانیا نەوتەکان. ئەمە بنەما گشتیەکەبوو کە باسمان کرد.
ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت زۆر لەوە قووڵترە، بەهۆی ئەم فاکتۆرانەی خوارەوە:

یەکەم: ناسەقامگیری سیاسی لە ناوچەکە، کە دەرگا بۆ هەموو ئەگەرێکی کردۆتەوە کە بۆتە هۆی درووست بوونی ناوچەی ناهومێدکەر ((Grey Zone بۆ کۆمپانیاکان. لێرەشدا نرخی بیمانە ((Insuranceیان زۆر زیاترە بەبەراورد بە شوێنێکی سەقامگیر.

دووەم: هەرێمی کوردستان سەرەڕای جێگیربوونی لە دەستووری فیدراڵیدا، هێشتا ناتوانێت بە متمانەی تەواوەوە نەوتەکەی بفرۆشێت، چونکە ناکۆکی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کە خاوەن سیادەیە. بەمەش کۆمپانیاکانی نەوت خواستی کارکردنیان لە کوردستان کەمترە. هەر لەبەر ئەوەشە کۆمپانیاکان کاتێک کە دێنە عێراق و کوردستان یەکێک لەم سێ بژاردەیەیان لەبەر دەستدایە:

١. کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی فیدڕال بەرامبەر بە دەستەبەری یاسایی بەڵام فرۆشتنی نەوتەکە بە نرخی بازاری جیهانی بێت. (سەرەڕای جیاوازی جۆری گڕێبەستەکە).
-هەرچەندە ئەمە هەلێکی زۆر باشە، بەڵام کۆمپانیا زەبەلاحەکان گرێبەستی درێژخایەنیان هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدڕال، بۆیە جێگە زۆر کەمە بۆ کۆمپانیا مامناوەند و بچووکەکان.
٢. کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەبێ دەستەبەری یاسایی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە وە فرۆشتنی نەوتەکەش بەنرخی بازاری جیهانی بێت. ئەمەش گەورەترین مەترسیە، هیچ کۆمپانیایەک ئەو کارە ناکات.
٣. کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەبێ دەستەبەری یاسایی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام فرۆشتنی نەوتەکە بەنرخێکی داشکاو بێت بەرامبەر بە نرخی بازاری جیهانی. لێرەدا سەرەڕای مەترسی، بەڵام هەلێکە بۆ کۆمپانیا مام ناوەندو بچوکەکان. چونکە ئەو داشکانە (١٠ بۆ ١٢ دۆلار) خۆی لە خۆیدا قەرەبوویەکە بۆ ئەو مەترسیەی کە لە داهاتوودا رەنگە بێتەکایەوە. بە واتایەکی تر، خودی داشکاندنەکە دەکەوێتە قاڵبی بیمانە (Insurance) یان لانی کەم تێچووی بیمانەکە پردەکاتەوە. لێرەدا دۆخێ براوەیی دوولایەنە (Win-Win) درووست دەبێت، بەومەرجەی لە لای هەردوولا ئەوە بە ڕوونی باسکرابێت کە داشکاندنەکە وەک قەرەبوویەکە بۆ مەترسی داهاتوو.
با بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکیەکەمان، ئایا حکومەتی هەرێم هەڵەیە لە فرۆشتنی نەوت بە ١٠ تا ١٢ دۆلار هەرزانتر لە نرخی برێنت و بازاری جیهانی؟
ئەوەی کە ئاشکرایە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مەترسی کۆت و بەندی نوێی یاسایی و دامەزراوەی چاودێری بە زەقی بەرجەستەکرد بۆ هەرکۆمپانیایەک کە لە هەرێم کاری کردبێت. لە بەرامبەر ئەم هاوکێشەیەشدا، ئەگەر دە ساڵی رابووردووی ئەزموونی هەرێمی کوردستان شرۆڤە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت هەڵە نەبووە لەم ستراتیژیەتی فرۆشتنی نەوت بە ١٠ تا ١٢ دۆلار هەرزانتر، چونکە کۆمپانیاکان بەو داشکاندنە سوودی پڕکردنەوەی بیمانەیان بەدەست هێناوە. وە لەپاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، کۆمپانیاکانی نەوت زەرەریان نەکردووە بۆ تێچووی کاری ڕابووردوویان بەتایبەتی ئەوانەی زیاتر لە ١٠ ساڵە کار دەکەن، یان دەشێت بڵێن زەرەر ئەگەر هەبووبێت لاوەکی بووە، چونکە پێشوەختە قەرەبووەکەیان وەرگرتووە لەڕێگەی داشکاندنەکەوە بەو مەرجەی هەروەک لەسەرەوە باسمان کرد کە هەردوولا ئەم بابەتەیان باس کردبێت و حاشا هەڵنەگربێت، ئەگەر نا، پرسی قەرەبوو کێشەی یاسایی بۆ هەرێم درووستدەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا.
ئەمەش سەرەڕای تێبینی تەواومان لە تەواوی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان.