وەبەرهێنانی سیاسی لە دۆسیەی نەوتدا

ڕێبین فەتاح

ئەوانەی كەمێك ئاگایی و قیچەك شارەزاییان لە دۆسیەی نەوت هەیە، دەزانن پاشەكشەی ئێكسۆن مۆبیل لە كوردستان پەیوەندی بە ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەتایبەتیش بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق نییە.

ئێكسۆن مۆبیل بەگوێرەی گرێبەستەكەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، وەك هەر كۆمپانیایەكی دی لەبەردەم دوو ئەگەری دۆزینەوە و نەدۆزینەوەی نەوت بوو، ئەو لە زۆرینەی ئەو بلۆكە نەوتییانەی گرێبەستی لەسەر كردبوو، شكستی هێنا لە دۆزینەوەی نەوت و دوایین بلۆك كە پیرمام بوو، دوای خەرجییەكی زۆر، جگەلە گازێكی پیس شتێكی وای لێ شین نەبوو.

بەشێوەیەكی ئاسایی ئەگەر كۆمپانیایەك نەوت نەدۆزێتەوە، بلۆكەكە ڕادەستی حكوومەت دەكاتەوە لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا كە قۆناغی گەڕان و پشكنینە و پێنج تا حەوت ساڵە، ڕوونە كە چەندین كۆمپانیا لە چەندین بلۆكی نەوتی لە هەرێم كشاونەتەوە پاش ئەوەی نەوتیان نەدۆزیەوە، ئێكسۆن نە یەكەم كۆمپانیایە شكستی لەدۆزینەوەی نەوت هێنا بێت و نە دوا كۆمپانیا دەبێت.

دیارە پاشەكشەی گەورە كۆمپانیاكان لە هەر بلۆك یان كێڵگەیەكی نەوتدا، هەر لە حاڵەتی نەدۆزینەوەی نەوت دروست نابێت، بەڵكو ئەوان زۆرجار ئامادەنین لە كێڵگەیەكی بچووكیشدا كار بكەن و پشكەكەیان بە كۆمپانیا بچووكەكان دەفرۆشن كە شانوشەوكەتیان بارتەقای ئەو كێڵگە بچووكانەیە.

بە هەواڵی ساختە، لێكدانەوەی ناڕاست، كەرتی نەوت ڕاستەڕێ ناكرێ

میدیای كوردی كە بەدەست كۆمەڵێكی بێئاگا و هەندێكی بوغزاوییەوە گیری خواردووە، لەپاڵ وەبەرهێنانی سیاسی ئەو هێزانەی لەڕووی سیاسییەوە شكستیان لە هەبوونی هەر پڕۆژە و بەرنامەیەك بۆ بەڕێوەبردن و ئاڕاستەكردنی كەرتی وزە بەگشتی هێناوە، وەبەرهێنانی سیاسی خۆیان لەسەر بنەمای ناشارەزایی خەڵك و بێئاگایی ئەو بەشە لە میدیا و نوخبەیە دەكەن هەر ئەوەندە لە نەوت تێدەگەن كە دەبێت لە زۆپا بكرێت بۆ ئەوەی دابگیرسێنرێت!

ئەو وەبەرهێنانە سیاسییەی لە ڕێی میدیاوە لە كەرتی وزە دەكرێت، جگەلە دەستخەڕۆكردن و گەمژاندنی خەڵك، نیشانەی بێئاگایی میدیا و هەروەها بێ بەرنامەیی هێزگەلی سیاسییە لە كەرتی نەوتدا.

پێت خۆش بێت یان ناخۆش، سەرەڕای نەدۆزینەوەی نەوت، ئەوەندەی هەرێم لەڕووی سیاسی و هەروەها هۆیەك بۆ سەرنجڕاكێشانی كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە دنیا، سوودی لە ئێكسۆن مۆبیل وەرگرت، ڕەنگە عێراق لەهەمان ماوەدا بەو ڕادەیە سوودمەند نەبووبێت.

بە هەواڵی ساختە، لێكدانەوەی ناڕاست، كەرتی نەوت ڕاستەڕێ ناكرێ.