ڕووسیا لە پرسی گازی سروشتیدا هاوپەیمانی ئێران نییە….

هاوڕێ مەنسوربەگ

جەنگی سوریا، ڕەهەندێکی ڕوونی جیۆپۆلیتیکی وزەی هەبوو و هەیە… بەرەی سووننەکان بە پاڵپشتی دارایی قەتەر و دەستلەپشتدانی ئەمریکا، بە نیاز بوون گاز لە قەتەروە لە ڕێگای سعودیا و ئوردنەوە بگەیەنن بە سوریا، لەوێشەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و ئەوڕوپا….

بەرەی شیعەکان، بە نیازی هەناردەکردنی گازی ئێرانی بوون لە ڕێگای عێراقی (تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر هەژموونی شیعەوە) بۆ سوریایەک کە تاران وای حیسابکردبوو تەواو دەکەوێتە ژێر هەژموونی خۆی. ڕووسیا هاتە نێو گەمەکە و هەردوو سیناریۆکەی لە بار برد و ئەوڕوپای ناچار کرد کە تەنها چاوی لەو لوولانە بێت کە لە سیبیریاوە هەڵدەکشێن بۆ کێشوەرە پیرەکە.

تورکیا بە هەر شێوەیەک بێت نایەوێت لە چەقی بازنەی ترانزێت و گواستنەوەی وزە بخرێتە دەرەوەی یارییەکە، هەر بۆیە بە چەمکی “ئەگەر پێکم نەکەن، تێکی دەدەم” مامەڵە دەکات لە سوریادا.

سەرباری هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ مانەوە وەک ڕێڕەوی گواستنەوەی وزە، هەرچی لە دەستیشی بێت دەیکات بۆ لەباربردنی هەژموونی کورد لە ڕۆژئاڤادا. لەبەرامبەر گازی سروشتی هەرێمی کوردستاندا، تورکیا لە ناو بازنەی بەرژەوەندییەکاندایە، ڕووسەکانیش بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن. مۆسکۆ لە ڕێگای ڕۆسنێفت خۆی یاریکەرێکی سەرسەختی گۆڕەپانەکەیە لە هەرێم و نیمچە خاوەندارێتیشی دەکات. نە جارێ کوردستان هێندە کێڵگەی گازی پەرەپێداوە کە بتوانێ لە یەک کاتدا جێگای ئێران و ڕووسیا بگرێتەوە، نە مۆسکۆش وا بە ئاسانی ڕێگا بە ئەجێندایەکی لەو شێوەیە دەدات. بە پێی ئەو زانیارییانەی بەردەستە، ڕۆسنێفت بڕیار بوو لوولەیەکی گازی سروشتی لە هەرێم دروست بکات بەرەو تورکیا بە قەبارەیەکی گەورە، ئێستا ڕۆسنێفت باس لە دروستکردنی لوولەیەک دەکات بە قەبارەیەکی زۆر بچوکتر لەوەی لە پلانی سەرەتاییاندا نەخشەی بۆ کێشرابوو، (ژمارەکان لە ڕاپۆرتێکی شیکاری “کۆمپانیای قەمەر” ئاماژەیان پێدراوە).

ڕەنگە پاشەکشەکردنی ڕۆسنێفت لە قەبارەی لوولەکە، پەیامی جیۆپۆلیتیکی لە پشت بێت کە گاز بە شێوەیەکی سنووردار بۆ تورکیا گلۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە، بەڵام نەک زیاتر! لە جەنگی سووریادا، ڕووسیا مەرامی خۆی ئاشکرا کرد، هەزارجار ئیسرائیل ئێران بکاتە ئامانج و سوپای قودس قەتلوعام بکات، مۆسکۆ ئیدانەشی ناکات. ئەو لە سوریایە و ڕێگا بە هەناردەکردنی هیچ گازێک نادات بەرەو ئەوڕوپا. پێشتریش ڕووسیا پرۆژەکانی “نابوکۆ” و “نابوکۆی باشووری” شکست پێهێنابوو کە بڕیار بوو نەوت لە قەوقازەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوڕوپا.هاوشێوەی سووریا، لە هەرێمی کوردستانیش، ڕووسیا بەربەست دروستدەکات بۆ نەگەیشتنی گازی کوردی بۆ ئەوڕوپا. بەڵام، گازی سروشتیی هەرێم بە شێوەیەکی سنووردار جێگای ئێران بگرێتەوە، بۆ ناوخۆی عێراق و بەشێک لە تورکیاش، هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ سەر مۆسکۆی خاوەن ڕۆسنێفتی-خاوەن پرۆژەی ستراتیجی وزە لە هەرێمی کوردستاندا، دروست ناکات.

پارادۆکسە گەورەکە ئەوەیە: لە لایەک ئەمریکا ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە داناگاز و دەستەخوشکەکانی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لەلایەکی دیکەش ڕۆسنێفتی ڕووسی یاریکەرێکی ستراتیجی وزەی هەرێمی کوردستانە و پشکداری لوولەکانە، لایەنگرانی بیردۆزەی موئامەڕەش دەڵێن کە ئەمریکا و ڕووسیا لە سەر هەموو شتێک ڕێککەوتوون، تەنانەت لە سەر جەنگی ئۆکرانیاش….

تاران ڕاستەوخۆ لە ڕێگای ڕۆکێتەکانییەوە و ناڕاستەوخۆش لەڕێگای (عبد المأمور)ەکانییەوە لە بەغدا، هەست بەو ئەجێندا ڕووسی-ئەمریکییە دەکات بۆیە پەلەقاژەیەتی بۆ مانەوە؟

هەرێم دەتوانێت لە نێو ئەو هەموو بەرداشانەدا جێگایەک بۆ خۆی و سیاسەتی وزەکەی بکاتەوە؟

من