وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە

روونبین

ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین کە لێکوڵینەوە لە کۆی گشتی پرۆسەی نەوتی عێراق بکرێت و چیتر پەلاماردانی هەرێمی کوردستان، بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسییە ناشەفافەکانی نەوتی عێراق بە کار نەهێنرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
  • ڕوونكردنەوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە سەبارەت بە لێدوانی وەزیری نەوتی حكومەتی کاربەرێکەری عێراق

وەزیری نەوتی حكومەتی كاربەڕێكەری عێراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (العراقية)، بۆ جارێكی دیكە لە باسكردنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبات و هەوڵی ئەوە دەدات ڕاستییەكان بشێوێنێت. لە کاتێکدا پێشێلکاری و نایاسییەکی زۆر لە دۆسیەی نەوت و گازی عێراقدا ھەیە، هەر لە گۆڕینی گرێبەستەکانی نەوت بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بگرە، تا بە هەدەردانی ملیۆنان دۆلار لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ لە فرۆشتنی نەوت و بزربوون و بە هەدەر دانی نەوت و چەندین دۆسیەی دیکە.
 
‎هەرێمی کوردستان بە بێ ئەوەی ھیچ بارگرانییەک لە سەر بودجەی گشتی عێراق دروست بکات و بەھۆی سیاسەتێکی حەکیمانەوە و بە پێی مافە دەستووریەکانی، توانیویەتی بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی، پەرەی بە بەرهەمهێنانی نەوتدا داوە کە لە بەرژەوەندی گشتی خەلکی عیراق بووە. کۆی گشتی پرۆسەی نەوت و گازی کوردستان و داهاتەکەشی، لە ژێر چاودێری و وردبینی یەکێک لە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیھان لە بواری وردبینیەوەیە کە ئەویش کۆمپانیای دیلۆیتە.
 
‎ قسەکانی وەزیری نەوتی فیدرال ، ناتوانێت  ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە ساڵانە بە بودجەی زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار لە سەر حیسابی خەڵکی عیراق و هەرێمی کوردستان کە تەنانەت بە خەرجیش هەژمار ناکرێت و لەو دوازدە ملیار دۆلارەش بەشی هەرێمی کوردستانیش بۆ خۆیان خەرج دەکەن، سەرەرای ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری کێلگە زەبەلاحەکانی باشووری عیراق لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو دۆزراونەتەوە، کەچی ئاستی بەرهەمهێنانیان تەنیا بە بڕی ۱ ملیون بەرمیل زیادی کردووە، لە کاتێکدا بە پێی قسەکانی وەزارەتی نەوتی عیراق خۆی، دەبووایە ئێستا ڕۆژانە ١٠ ملیۆن بەرمیلیان بەرهەم هێنابووایە. پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا سەدان ملیار دۆلار کە لە سەر حیسابی خەلکی عێراق بەفیرۆدراوە، لە چیدا بە کار هێنراوە؟
‎ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تۆمەتەكانی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە جیاوازیی نێوان گرێبەستەكان و بڕی دەرهێنراوی كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەینەوە، هەروەك چۆن بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگای فیدراڵی عێراقیش دژی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی  سیاسی دەزانین کە مەبەست و مەرامەکەی گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان و بودجە و بژێوی خەڵكی هەرێمە.
 
‎ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین کە لێکوڵینەوە لە کۆی گشتی پرۆسەی نەوتی عێراق بکرێت و چیتر پەلاماردانی هەرێمی کوردستان، بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسییە ناشەفافەکانی نەوتی عێراق بە کار نەهێنرێت.

‎وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
‎27ی ئەیلوولی 2022