شیکاری- ئاژانسی رۆیتەرز
کەمکردنەوەی نەوتی سعودیە دەکرێت سوود بە بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا بگەینێت
سەرچاوەکانی ناو ئۆپیك+ و چاودێرانی بازاڕ دەڵێن ، سعودیە ڕێککەوتنێکی ئاڵۆزی لەگەڵ ئۆپێک + ئەنجامداوە بە ئامانجی سزادانی ئەو وەبەرهێنەرانەی کە گرەو لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەکەن، بەڵام ڕەنگە بەبێ مەبەست لەماوەی دووردا خزمەت بە پیشەسازی وزەی ئەمریکا بکەن کە ڕکابەری دەکات.
سعوودیە ڕۆژی یەکشەممە بەڵێنی دا لە مانگی تەمموزدا بەرهەمی نەوتی بە ڕێژەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە کە دەکاتە ١٠٪ی بەرهەمی ئەو وڵاتە، ئەمەش بەدەر لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای ئۆپێک و هاوپەیمانەکانییەوە. لەگەڵ کەمکردنەوەی نوێی سعودیە، گروپەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی لە مانگی تەمموزدا نزیکەی ٤.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە بازاڕ بکشێنێتەوە، کە یەکسانە بە ٤.٦٪ی خواستی جیهانی کە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هەروەها هەر ڕۆژی یەکشەممە ئۆپێک+ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی دابینکردنی ئێستای گروپەکە کە ٣.٦٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو بۆ ساڵی ٢٠٢٤.
لەبەرامبەردا، بەرەبەیانی دووشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوت نزیکەی دوو دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە ٧٨ دۆلار. شرۆڤەکاران ڕایانگەیاندووە، ئەو دەستکەوتانە تەنها سەرەتایەکن و کەمکردنەوەکە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی کەمی دابینکردنی جیھانی بەشێوەیەکی بەردەوام، ئەمەش ڕەنگە پاڵ بەنرخەکان وە بنێت بەرەو ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە ڕۆژی یەکشەممە وتی: “ئەم بازاڕە پێویستی بە سەقامگیری هەیە”، بڕیارە لەناکاوەکەی بۆ زیاتر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی سعودیە بە ” ساف کردنی کێک icing cake” بۆ رێکەوتنەکە وەسفکرد.
وەزیری نەوتی سعودیە چەندین جار توڕەیی خۆی دەربڕیوە و سوێندی خواردووە سزای ئەو مامەڵە چیانەی نەوت بدات کە گرەو لەسەر دابەزینی نرخ دەکەن short-sellers . لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی بەرمیلێک دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠ دۆلار لەکاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر و دوای دەستپێکردنی جەنگی ڕووسیا ئۆکرانیا، زیاتر لە ١٣٠ دۆلار بوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ستراتیژی ئۆپێک+ ەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی: هەنگاوەکەی سعودیە بۆ ڕێگریکردنە لە و خواستەی short-sellers هیانە (ئەو مامەڵە چییانەی سوود لە دابەزینی زیاتری نرخ دەبینن) بۆ ئەوەیە ڕێگری بکەن لە دابەزینی زیاتری نرخ.
ناتاشا کانێڤا لە کۆمپانیای جەی پی مۆرگان دەڵێت: قەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمی(سعودیە) جێی متمانەیە و لانیکەم دەبێتە هۆی سنووردارکردنی فشارە نەرێنییەکان لەسەر نرخەکان بۆ ماوەی ساڵێک. بەرزبوونەوەی چاوەڕواننەکراوی نرخەکان، فرۆشیارانی- کورت short-sellers ناچار دەکاتە بە زەرەر پێگەی خۆیان دابخەن(نەوتەکەیان بفرۆشن).
ئۆپێک دەڵێ ئامانجی گەیاندنی نرخ نییە بە ئاستێکی دیاری کراو بەڵکو ئامانج لە سیاسەتەکانی ڕێگریکردنە لە ناجێگیری بازاڕ لە ڕێگەی هاوسەنگکردنی دابینکردن(خستنەڕوو) و خواستەوە.
تاماس ڤارگا لە کۆمپانیای PVM وتی: “(کەمکردنەوەکە) بە ڕوونی نیگەرانی و بێزاری بەرهەمهێنەران بە تایبەتی سعودیە بۆ دابەزینی نرخ دەردەخات، ئاماژەی بەوەشکرد بەپێی خەمڵاندنەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو ڕیاز پێویستی بە نرخی ٨٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک بۆ هاوسەنگکردنی بودجەکەی.
کەمکردنەوەی بەرهەمی پێشووی ئەم گروپە(ئۆپیک+) ڕەخنەی توندی ئەمریکا و وڵاتانی بەکاربەری تری لێکەوتەوە، کە بە زیادکردنی تێچووی وزە و تێکدانی ئابووری جیهانی تۆمەتباریان کردن.
وەزیرەکانی ئۆپێک+ لە وەڵامدا ڕایانگەیاند کە ئەوان بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و پێویستە زەمینە بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن لە کەرتی نەوت و گازدا دروست بکەن.
هەروەها دەڵێن، سیاسەتی گواستنەوە بۆ وزەی کەم کاربۆن، وەبەرهێنانی بێهیوا کردووە و لەوانەیە ببێتە هۆی کەمیی دابینکردن لە داهاتوودا، پێش ئەوەی جیهان ئامادە بێت بۆ ژیان بەبێ نەوت.
بووژانەوەی نەوتی ئەمریکا
ئەمەریکا گەشبین بووە بە کەمکردنەوەی ئەم دواییەی ئۆپێک. بەرپرسێکی کۆشکی سپی یەکشەممە ڕایگەیاند، گرنگی ئیدارەی وڵاتەکەی بە ژمارەی “بەرمیل”ەکان نییە بەڵکو نرخە بۆ کڕیارە ئەمریکییەکان ئەویش لە ساڵی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
تا ئێستا، ئەمساڵ لاوازی ئابووری جیهانی و نیگەرانی لە قەیرانی بانکی ئەمریکا و هێواش چاکبوونەوەی چین لە سنووردارکردنی کۆڤید-١٩ نرخی نەوتی سنووردار کردووە.
بەڵام ئۆپێک و هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە و زۆرێک لە چاودێران پێشبینی دەکەن لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا خواست لەسەر دابینکردن زیاتر بێت.
جۆرج لیۆن لە کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی ڕایگەیاند، کەمکردنەوەی سعودیە لە مانگی تەمموزەوە کورتهێنانی بازاڕ بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا فراوانتر دەکات و لە هەفتەکانی داهاتوودا فشاری بەرزبوونەوەی زیاتر لەسەر نرخ دەکات.
ئەگەر سنووردارکردنەکانی ئەم دواییەی ئۆپێک+ نرخەکان بەرزبکەنەوە، ئەوا بەرهەمهێنەرانی ڕکابەر لە دەرەوەی گروپەکەش سوودمەند دەبن، گەورەترین ڕکابەریش ئەمریکایە.
ئەمریکا لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هێندە بەرهەمهێنانی نەوت و غازی زیادکردووە، ئەمەش زیاتر بەهۆی پەرەسەندنی کێڵگە نەوتییەکانی شێڵەوەیە.
بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین (شێڵ) لە سەردەمی پەتای کۆڤید دا دابەزیوە و قەرز دەرەکان پارەدانیان سنووردار کردووە، بەڵام لەو کاتەوەی لەکۆڤید چاکبووەتەوە هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەمریکا لە ئاستێکی پێوانەییدایە.
بڕیارەکەی ئۆپێک+ بۆ درێژکردنەوەی کەمکردنەوەکانی ئێستا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە و راگرتنی نرخ لە ئاستێکی بەرزدا بۆ ماوەیەکی درێژ کاتی باش دەدات بە بەرهەمهێنەرانی ئەمەریکا و پێدەچێت متمانەیان پێ ببەخشێت و توانای قەرز کردنیان بەرزبکاتەوە .
هەندێک لە کەمکردنەوە بەڵێندراوەکانی ڕۆژی یەکشەممە بریتین لە دەستکاریکردن بۆ ڕەنگدانەوەی بەرهەمی ڕاستەقینەی هەندێک لە ئەندامانی گروپەکە کە نەیانتوانیوە ئاستی بەرهەم یان بگەیەننە ئەو ئاستەی بۆیان دیاری کراوە.
لە کاتێکدا ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی سنووری ئێستای نیو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٢٤، ئەنگۆلا و نەیجیریا ڕێککەوتن لەسەر دەستبەرداربوون لە و بڕەی بۆیان دیاری کراوەو نەیانتوانیوە پێی بگەن . ئیمارات ڕێگەی پێدرا لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ٠.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ ٣.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات.
کانێڤا، سەرۆکی کۆمپانیای JPM ڕایگەیاند، پوختەی ئەنجامەکە ئەوە دەبێت کە بڕیارەکەی ئۆپێک+ لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی ١.١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابینکردن کەمدەکاتەوە لە چاو پێشبینییەکانی پێشوو و دەتوانرێت کەمکردنەوەکان تا ساڵی ٢٠٢٥ درێژببنەوە.
وە پێشبینیش دەکات کە ئەمریکا بتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
لەوەش گرنگتر، بەهۆی ئەوەی نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەراورد بەساڵی ڕابردوو کەمبووەتەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە بەرزترین ئاستدایە، پێشبینی ناکرێت بڕیارەکەی ئۆپێک ببێتە پرسێکی سیاسی بۆ ئیدارەی ئەمریکا.