سەرچاوە نزیکەکانی ئۆپێک ڕایانگەیاند، پێدەچێت ئۆپێک لەسەر روانگەی گەشبینانەی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوت بۆ ساڵی داهاتوو بمێنێتەوە، کاتێک یەکەم پێشبینییەکانی لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڵاودەکاتەوە، سەرچاوە نزیکەکان لە ئۆپێکەوە پێشبینیان کردووە کە لە ئەمساڵەوە خاوبوونەوەیەک بێت بەڵام هێشتا زیادبوون لە سەرووی ئاستی مامناوەندەوە.
پێدەچێت پێشبینییەکانی ئۆپێک بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کەمتر بێت لەو گەشەکردنەی کە پێشبینی دەکات بۆ ئەمساڵ ٢.٣٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، واتە ٢.٤%، کە بە شێوەیەکی نائاسایی بەرزە لە کاتێکدا جیهان لە پەتای کۆرۆنا دەردەچێت.
بەڵام هێشتا زۆر زیاتر دەبێت لە تێکڕای ساڵانەی دەیەی ڕابردوو، بەدەر لە ساڵانی پەتاکە، و لە سەرووی چاوەڕوانییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، کە پێشبینی دەکات لە ساڵی داهاتوودا گەشەی خواست بە شێوەیەکی بەرچاو خاوبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و دەگاتە ٨٦٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئۆپێک و ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەریەککەوتنیان هەبووە و ئۆپێک ڕەخنەی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی گرتووە کە ئامۆژگاری وڵاتانی پیشەسازی دەکات، پێشبینییەکانی نابەرپرسیارانەیە و دواتر پێداچوونەوە بە داتاکاندا دەکات.
گەشەی خواست لەسەر نەوت نیشاندەری بەهێزی ئەگەری بازاڕی نەوتە و بەشێکە لە پاشخانی بڕیار و سیاسەتەکانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە بە ئۆپێک+ ناسراوە. گروپەکە لە مانگی حوزەیراندا سنووردارکردنی دابینکردنی درێژکردەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پشتگیریکردن لە بازاڕ، چونکە نیگەرانییەکان سەبارەت بە لاوازی خواست فشاری خستە سەر نرخەکان.
بۆ ساڵی ٢٠٢٤ سێ سەرچاوەی ئۆپێک ڕایانگەیاند کە لە کاتێکدا پێدەچێت گەشەی خواست خاوبوونەوە پیشان بدات، بەڵام بەو شێوەیە توند نابێت کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات و پێدەچێت گەشەکردنەکە لە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاتر بێت و کەمتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بێت. سەرچاوەی چوارەمی نزیک لە ئۆپێک ڕایگەیاند، پێدەچێت خواست لەسەر ئاستی ڕۆژانە لانیکەم یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە.
یەکێک لە سەرچاوەکانی ئۆپێک ڕایگەیاند: “پێشبینی دەکرێت زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لە ساڵی ٢٠٢٤ زۆر کەمتر بێت لە ساڵی ٢٠٢٣”، دەشڵێت، دەتوانێت لە نێوان ١.٥ بۆ ١.٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بێت.
بڕیارە ئۆپێک لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا لە ١٣ی تەمموزدا یەکەم پێشبینی خواست بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بڵاو بکاتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکە لەبارەی تێڕوانینی ئۆپێک بۆ خواست لە ساڵی ٢٠٢٤ وتی: گەشبینتر دەبێت لە ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزە.
بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئۆپێک لەم هەفتەیەدا لە کۆنفرانسێکدا گەشبینی خۆیان دەەربڕی ، لەوانەش ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە، گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئاسۆی خواست لەسەر نەوت سەرەڕای ئەوەی نیگەرانی گەشەی ئابووری قورسایی لەسەر نرخەکان هەیە.
گوتیشی: “ئاسیا لە گەشەکردندایە، چین بەتەنها لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣، گەشەی سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کردووە ، هیندستان یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بۆیە خواست لەسەری زیادیکردووە”.
زۆرجار پێشبینیکەرانی خواستی نەوت ناچارن پێداچوونەوەی گەورە بکەن بەهۆی گۆڕانکاری لە ئاسۆی ئابوری و نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکی، کە ئەمساڵ بریتی بوو لە هەڵگرتنی قەدەغەی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی چین.
ئۆپێک لە سەرەتادا پێشبینی گەشەی خواست لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ ٢.٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کرد لە یەکەم پێشبینیدا کە لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، دواتر پێداچوونەوەی بۆ کرد بۆ ٢.٣٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.