بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکەی، چین بەنیازە ٣٢٥ ملیار دۆلار بۆندی حکومەت دەربکات

2024-10-13 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email
چین بەنیازە ٣٢٥ ملیار دۆلار بۆندی حکومەت دەربکات بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکەی.
ئامانجی ئەوەیە لە سێ مانگی داهاتوودا بۆندەکان دەربکات 
وەزیری دارایی چین ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە چین نزیکەی ٣٢٥ ملیار دۆلار وەک بۆند لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەردەکات، بە مەبەستی بوژاندنەوەی دووەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا.
لان فوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکین وتی: لە سێ مانگی داهاتوودا دەتوانرێت 2.3 تریلیۆن یوان بۆندە تایبەتەکان بەکاربهێنرێت.
دووپاتیکردەوە کە پەکین بەنیازە “بۆندێکی تایبەتی حکومەت دەربکات بۆ پشتیوانیکردن لە بانکە بازرگانییە گەورەکانی سەر بە دەوڵەت”، هەرچەندە قەبارەی ئەو بڕە پارەیەی دیاری نەکردووە، بەپێی ئەوەی لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بڵاوکراوەتەوە.
وەزیر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پارانە “یارمەتی بانکە بازرگانییە گەورەکانی حکومەت دەدەن بۆ پڕکردنەوەی بنکەی سەرمایەکانیان، بەرگریکردن لە مەترسی وە توانای قەرزدانیان باشتر بکەن و باشتر خزمەت بە گەشەپێدانی ئابووری بکەن”.
ئەم خەرجییە گشتییە لە سەرووی کۆمەڵێک ڕێوشوێنەوە دێت کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا، لەوانە دابەزاندنی ڕێژەی سوود و دابینکردنی نەختینە بۆ بانکەکان.
هەروەها پەکین سەقفی قەرزەکانی دەسەڵاتە خۆجێییەکان بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدات خەرجی زیاتر لە ژێرخانی ئابووری و زیادکردنی هەلی کاردا بکەن.
هەروەها کەناڵی حکومی (سی سی تی ڤی) ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە بانکە گەورەکانی چین لە ٢٥ی تشرینی یەکەمەوە ڕێژەی سوودی زۆربەی قەرزەکانی خانووبەرەی ئێستا کەم دەکەنەوە، بەپێی داواکارییەک کە بانکی ناوەندی لە مانگی ئەیلولدا پێشکەشی کردووە.
ساڵی ڕابردوو چین لاوازترین ڕێژەی گەشەسەندنی تۆمارکرد لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، کە گەیشتە 5.2%، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە هەندێک لە ئابووریناسان گومانی لێدەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕووی چالاکییە ئابوورییەکان دەبنەوە لەم وڵاتەدا.
هەرچەندە ئەم ڕێژەیە ڕەنگە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئاواتەخوازبن پێی، بەڵام هێشتا زۆر کەمترە لەو گەشەکردنە نائاساییەی کە چین لە سێ دەیەی ڕابردوودا تۆماری کرد، ئەمەش وایکردووە ببێتە دووەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا.