
نرخی نەوت دوای ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل حیزبوڵا بەکوێ دەگات؟
2024-11-28
لە لایەن روونبیین
بیروڕا
یادگار سدیق گەڵاڵی
• دوای ئەوەی بە نێوەندگیری ئەمەریکا توانرا ئاگربەستی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل رابگەیەنرێت و ئێرانیش پێشوازی لێکرد، چاوەڕێی خاوبونەوەی گرژیەکانی ناوچەکە دەکرێت.
• سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لایەنگری سەرسەختی ئیسرائیلە چاوەڕێی لێدەکرێت کە فشارەکانی زیادبکات بۆ رێکەوتنی زیاتر لە ناوچەکەدا.
• نرخی نەوت بەهۆی مەترسیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بەرزترە لەوەی کە بنەماکانی خواست و خستنەڕوو دیاری دەکات.
لە ڕووی تیۆرییەوە ئاگربەستی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵا دەبێت سەقامگیری زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دابین بکات و لە ئەنجامدا کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی نەوت درووست بکات.
لە دوای روداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل لە غەزە نرخی نەوت لە سەروو ٩٠ دۆلارەوە بوو لە ئێستادا بۆ ٧٠ دۆلار دابەزیوە. ئەم ماوەیە زۆر ترین ناسەقامگیری لەنرخی نەوتدا ڕوویدا کە دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراوە بەهۆی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە نزیکەی ٣٢٪ بەرهەمی نەوتی خاو رێژەی ١٧٪ ی گازی سروشتی جیهانی لێ بەرهەم دێت. هەروەها ٤٨٪ ی یەدەگەی سەلمێنراوی نەوتی خاوی جیهان وە ٤٠٪ی یەدەگی سەلمێنراوی گازی سروشتی جیهانی لێیە.

