ئەو هەنگاوانەی پێویستە حکومەتی هەرێم بیگرێتەبەر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت

2025-02-10 لە لایەن روونبیین
بیروڕا
Print Friendly, PDF & Email
   یادگار سدیق گەڵاڵی
کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئاڵۆز و فرە ڕەهەندن، لەو نێوەندەشدا کەرتی نەوت و بەڕێوەبردنی مەلەفی نەوت زۆرترین پشکی ئەو کێشانەیان بەردەکەوێت، بەتایبەتی لە 12 ساڵی ڕابردوودا.
 ئەم ناکۆکییانە لە پڕۆژە یاسای نەوت و گازەوە دەستی پێکرد، پاشان گرێبەستە نەوتییەکان و پاشتر بە هەناردەکردن و فرۆشتن و داهاتی نەوت گەشتە لوتکە ، و هەموو ئەمانە بووە هۆی درووستبوونی کێشە بۆ بوجەی هەرێم.
لەساڵی ٢٠١٣دا  وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دوو داوای دژی هەرێم تۆمارکرد یەکەمیان لە دادگای فیدراڵی و ئەویتریش لەدادگای بازرگانی پاریس. دەرئەنجام دوای ١٠ ساڵ هەردوو داواکە یەکلا کرایەوە لەبەرژەوەندی حکومەتی فیدراڵ . دواتر لە بەرەبەیانی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ دا هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێیی بۆرییەوە ڕاگیرا ،
پاش وەستانی هەناردە، هەرێم و بەغدا لە ٤ ی نیسانی ٢٠٢٣ رێکەوتن کە نەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە بفرۆشێت و داهاتەکەی بچێتە ئەژمارێکی بانکی حکومەتی فیدراڵ و لەو حسابەوە بەغدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات.
 لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای چەندین جار ڕاگەیاندنی نزیکی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەڵام تائێستا هەناردەی دەستی پێنەکردووەتەوە. هەموو ئەم ماوەیەش کێشە لەسەر تێچووی نەوت و گواستنەوەی نەوت بوو.
   دواجار لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دا رێکەوتن لەسەر تێچووی بەرهەم هێنانی نەوت و گواستنەوەی رێکەوتن کرا. ڕێککەوتنەکەکان لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٥ دا چوارچێوەیەکی یاسایی وەرگرت لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی، ئەو مادەیەی پەیوەندی بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەوە هەبوو.
ئەم هەموارکردنە کێشەی یاسایی چارەسەر دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٥ دا. بەڵام ئەم یاسایەی ئێستای بوجە لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، دەبێت پێش کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەمەش دەکرێت رێکەوتنەکە وەکو خۆی بمێنێتەوە یان گۆرانکاری تێدا بکرێت. بۆیە زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان هەنگاوی پێویست بنێت بۆ دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی هەناردە و هیچ بیانوویەک بۆ لایەنی بەرامبەر نەهێڵێتەوە کێشەی بۆ دروست بکات ، هەروەها زەمینەی گونجاو بۆ یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ خۆشبکات کە بەشێوەیەک بێت کێشە بۆ تێچووی نەوتی هەرێم دروست نەبێتەوە لە یاساکەدا.
بۆیە بەڕای ئێمە گرنگە هەرێم بەخێرایی ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە:
١- دەرکردنی ڕێنمایی دەستبەجێ بۆ کۆمپانیاکانی نەوت:
پێویستە حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ داوا لە کۆمپانیاکانی نەوت بکات هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بکەن. بەو پێیەی شایستەی دارایی ئەم کۆمپانیایانە لە ماوەی ٢١ مانگی ڕابردوودا ئاستەنگ بوو لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، ئەم هەموارکردنە ڕێگە بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدات. بەتایبەت کە کۆمپانیاکانی نەوت لەماوەکانی رابوردوودا پێشوازییان لەم ڕێککەوتنەکە و ڕەشنووسی هەموارکردنەوەکە کردووە.
٢- ئامادەکردنی هێڵی بۆری هەناردە
پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوا لە کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی هێڵی بۆری نەوت بکات کە بە زووترین کات هەموو کارە تەکنیکییەکان تەواو بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە و دیاریکردنی کاتێک بۆ ئامادەیی بۆرییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت .
٣- دەستپێکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت:
ئەگەر تا ئێستا هەماهەنگی و گفتوگۆ دەستی پێنەکردبێت، ئەوا پێویستە حکومەتی هەرێم دەستبەجێ گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەستپێبکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەی کە لە هەمواری یاساکەدا ئاماژەی پێکراوە. کاری ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە دیاری کردنی تێچووی خەمڵێنراوی نەوتە.
٤- ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق:
پێویستە حکومەتی هەرێم بە فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگادار بکاتەوە کە ئامادەیی تەواوەتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت هەیەو ئاگاداریان بکات لەوەی کە کەی بۆرییەکان ئامادەەبێت و توانای کێڵگەکان چەندە، تاوەکو چ وەزارەتی نەوت و چ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق هیچ بیانویەکیان نەبێت بۆ دەستپێنەکردنەوەی نەوت. یان وەرنەگرتنی بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکان.  
٥- گەڕانەوەی متمانە لە ڕێگەی زیادکردنی شەفافیەتەوە
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی کێشەکان، نەبوونی متمانەیە لە نێوان هەردوولای کێشەکە.
ئاشکراکردن و راگەیاندنی هەموو ئەوهەنگاوانەی کە دەنرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت زۆر گرنگە قۆناغ بە قۆناغ رابگەیەنرێت. تەنها راگەیاندنی ئەوەی ئامادەکاری کراوە بۆ هەناردە بەس نییە؛ بەڵکو پێویستە هاووڵاتی و رای گشتیش لە وردەکارییەکان ئاگادار بکرێنەوە.
دەبێت لەکاتی خۆیدا رابگەیەنرێت کە هەرێم چ هەنگاوێکی ناوە، گەر خشتەیەک هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە چییە، چ کاتێک هەرێم لە ڕووی تەکنیکییەوە ئامادە دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت؟
پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تایبەتمەند لە بواری وزەدا بەشداربن و ڕاوێژیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر هەر پێشهاتێک. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی شەفافیەت و دووبارە دروستکردنەوەی پردی متمانە.
پێدانی زانیاری بەشێکی گرنگە لە حوکومڕانیی دروست و بنەمایەکی سەرەکی شەفافییەتە و هۆکارێکیشە بۆ دروستکردنی پردی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و حکومەتدا بۆیە پێش هەمولایەک لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمە کە ئەم پردە دروست بکات لە نێوان خۆی و هاووڵاتیانی هەرێم و دەرئەنجامیش دەگات بەرای گشتی عێراقیش.