یاریدەدەری وەزیری نەوت: تورکیا ئاگاداری کردینەوە لە ئامادەیی بەندەری جەیهان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن

2025-03-05 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email
  • تورکیا ئاگاداری کردینەوە لە ئامادەیی بەندەری جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە.
  • چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی هەرێمی کوردستانین تا هەناردەی نەوت  دەستپێبکاتەوە.
باسم محەمەد خزەیر، بریکاری  وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت، دووپاتی کردەوە کە لایەنی تورکیا ئاگاداری کردینەوە، کە “بەندەری جەیهان” ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بڕی نەوت، هەروەها پشکنینی بۆری هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری تورکیا تەواو بووە.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباح، خزەیر وتی: وەزارەتی نەوت هەموو ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین هەرێم گڵۆپی سەوز هەڵبکات بۆ ئەوەی وادەیەک بۆ هەناردەکردنی نەوت دیاری بکات بە ڕێژەی (١٨٥) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بۆ ئەوەی بگاتە ئەو توانایانەی کە دەبێت دواتر هەناردە بکرێت بەپێی ئەو بڕە کە لە بودجەی فیدراڵیدا دیاری کراوە”.
هێمای بۆ ئەوەش کرد کە “ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2ی شوباتدا هەموارکردنەوەی بودجەی پەسەند کرد کە بڕی قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دیاری کردبوو”، ئاماژەش بەوە دەکات “هەموارکردنەکە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەکات بە گواستنەوەی بەرهەمی نەوت بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)”، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە بەڕێوەدەبرێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان ڕایگەیاند: “لەگەڵ کۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانی وەشانی کۆتایی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوکمان تەواوکردووە و خراوەتە بەردەم کۆمپانیای ڕاوێژکاری (کێلڤین لاین) بۆ پێداچوونەوە بە مۆدێل و مەرجە گرێبەستییەکان”، پێشبینیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕۆژی (25)ی شوبات لە بەغدا، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا (BP) واژۆکرد، بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک.
خزەیر ڕوونیشیکردەوە، “گرێبەستەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی (بای حەسەن، کەرکوک بە دوو قوبەکەی “بابا و ئاڤانا”، جەمبور، و خەبات) بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی بەرهەمهێنانی (420) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لانیکەم لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا، هەروەها وەبەرهێنانی (400) ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە غازی هاوەڵ، هەروەها نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی غاز لە کۆمپانیای غازی باکور”، و دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای (٤٠٠) مێگاوات.”
کۆمپانیای بی پی ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیا نەوتییەکان بووە و لە ساڵانی ١٩٢٠دا نەوتی لە کەرکوک دۆزیوەتەوە ئەو کۆمپانیایە بەریتانییە دەڵێت کێڵگەکانی کەرکوک نزیکەی (٩) ملیار بەرمیل نەوتی دەرهێنراوی تێدایە.