ئیدارەی ترەمپ کۆتایی دەهێنێت بە پێدانی مۆڵەت بە عێراق  بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران

2025-03-09 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
  • ترەمپ سیاسەتی “زۆرترین فشار”ی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە وەک یەکێک لە یەکەم کارەکانی دوای گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی
  • وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی: ئێران دابینکەرێکی وزەی جێی متمانە نییە “گۆڕانکاری کەرتی وزەی عێراق دەرفەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت، کە پێشەنگی جیهانن . ئێران دابینکەرێکی وزەی جێی متمانە نییە.
  • ئەمریکا پێداچوونەوەی بە  مۆڵەتەکەدا  وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ فشارخستنە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی تورکییەوە دەستپێبکاتەوە.
حومەیرا پامۆک- ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تامی بروز  ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی شەممە دەستبەرداربوونێکی هەڵوەشاندەوە کە ڕێگەی بە عێراق دابوو کارەبا لە ئێران بکرێت، ئەمەش بەشێکە لە هەڵمەتی “زۆرترین فشار”ی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دژی تاران.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیاری ڕێگەنەدان بە نوێنەکردنەوەی مۆڵەت بە عێراق لە کاتی کۆتایهاتنیدا “دڵنیایی ئەوە دەدات کە بە هیچ شێوەیەک و بەهیچ ئاستێک ئێمە ڕێگە نادەین یارمەتی ئابووری و دارایی بە ئێران بدرێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران ئامانجی “کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی و سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی و ڕێگریکردنە لە پشتیوانیکردنی گروپە تیرۆریستییەکانە”.
ترەمپ سیاسەتی “زۆرترین فشار”ی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە وەک یەکێک لە یەکەم کارەکانی دوای گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی لە مانگی یەکدا. لە کاتێکدا لەخولی یەکەمی دا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، کە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران.
حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەوڵی دابڕانی ئێران لە ئابووری جیهانی و نەهێشتنی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی دەدات بۆ خاوکردنەوەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
ئێران ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات، و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەرنامەکەی ئاشتیانە بێت.
واشنتۆن سزای بەرفراوانی بەسەر تاراندا سەپاندووە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان و بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لەو وڵاتانە دەکات کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن تاوەکو بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بکەن.
جەیمس هیویت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ، وتی: سەرۆک ترامپ ڕوون بووە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ واز لە تەماحە ناوکییەکانی بهێنێت، یان ڕووبەڕووی ئەوپەڕی گوشار ببێتەوە، “هیوادارین ڕژیم بەرژەوەندی گەلەکەی و ناوچەکە بخاتە سەرووی سیاسەتە ناسەقامگیرییەکانییەوە.

 

فشار لەسەر بەغدا
لە ساڵی ٢٠١٨دا، ترەمپ سەرەتا مۆڵەتی بە چەند کڕیارێکدا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەکاربەرانی وزە کاتێک سزاکانی بەسەر هەناردەکردنی وزەی ئێراندا سەپاندەوە، ئەمەش بە ئاماژەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ئەوەی ئەمریکا ناوی دەبات دەستوەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئیدارەی پێشوی ترەمپ و هەروەها ئیدارەی جۆ بایدن چەندین جار مۆڵەتیان بۆ عێراق نوێکردەوە، هاوکات داوایان لە بەغدا کردووە پشتبەستنی بە کارەبای ئێران کەم بکاتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی شەممە ئەم بانگەوازەی نوێ کردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی: داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بە زووترین کات کۆتایی بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران بهێنێت و وتی: ئێران دابینکەرێکی وزەی جێی متمانە نییە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان لەگەڵ ڕۆیتەرز کردووە، ئەمریکا پێداچوونەوەی بە دەستبەرداربوونەکەی (مۆڵەتەکە) وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ فشارخستنە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەکردنی نەوتی کورد لە ڕێگەی تورکییەوە دەستپێبکاتەوە.
ئامانج لێی زیادکردنی خستنەڕووە بۆ بازاڕی جیهانی و پاراستنی سەقامگیری نرخەکانە، ئەمەش بوارێکی زیاتر دەدات بە واشنتۆن بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی بۆ خنکاندنی هەناردەی نەوتی ئێران.
دانوستانەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت تا ئێستاش ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: “گۆڕانکاری کەرتی وزەی عێراق دەرفەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت، کە پێشەنگی جیهانن لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی وێستگەی کارەبا و باشترکردنی تۆڕەکانی کارەبا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کارەبا لەگەڵ هاوبەشە متمانەپێکراوەکان.”
 هەروەها تامی بروز  کاریگەری هاوردەکردنی کارەبای ئێرانی لەسەر تۆڕی کارەبای عێراق کەم کردەوە و وتی: لە ساڵی 2023 هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە تەنها 4%ی بەکارهێنانی کارەبای عێراقی پێکهێناوە