ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی جیهانی بۆ مانگی سێیەم لەسەر یەک وەک خۆی هێشتەوە

2025-03-13 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email
ڕوونبین
بۆ سێهەمین مانگی لەسەریەک، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی جیهانی بە بڕی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ هەردوو ئەمساڵ وساڵی داهاتوو وەک خۆی هێشتەوە..
بەگوێرەی ڕاپۆرتی مانگانەی ئۆپێک کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، زۆرینەی گەشەی خواست لە ساڵی 2025 لە چین و هیندستانەوە دێت، هاوکات گەشەی خواست لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئابووری زۆر کەم دەبێت.
ڕێکخراوەکە لە ماوەی مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ڕابوردودا پێشبینییەکانی نەگۆڕیبوو؛ پێشبینی گەشەی خواست لەسەر نەوتی جیهان بە 1.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا  کرا، ئەمەش دوای پێنج مانگ لەسەریەک لە دابەزینی لەسەر یەکی نەوت، لەو ماوەیەدا خەمڵاندنی گەشەی خواست لەسەر نەوتەکەی بە نزیکەی 27% کەمکرایەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا پێشبینی زیادبونێکی کەمی لەسەر خواست لە کۆتایی ئەمساڵدا کردووە، کە تێکڕای خواستی ڕۆژانەی جیهانی نەوتی خاو لە ساڵی 2025 دەگاتە 105.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە چارەکی چوارەمیشدا 106.75 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە مانگی شوباتدا بەرهەمی ئۆپێک 154 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 27 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، زۆرینەی ئەو زیادبوونە لە ئێرانەوە بووە، کە بەرهەمهێنانی ڕۆژانە 34 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، لە دوای ئەویش نەیجیریا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کە لە مانگی شوباتدا بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو بەرهەمهێنانی 25 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە.
سعودیە لە مانگی شوباتدا نزیکەی 30 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمی زیادکرد و گەیشتە 8.9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت نیگەرانییەکانی بازرگانی بەشداربن لە ناجێگیریدا لەهەمان کاتدا پێشبینیش دەکات ئابووری جیهانی خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت.
لە مانگی شوباتدا تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک+ (41.01) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، کە لە چاو مانگی یەکدا 363 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە، کە کازاخستان پێشەنگی دەکات.
بەپێی ئامارەکانی ئۆپێک کە لە مانگی شوباتدا زیاتر لە نیوەی کۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک+ لە کازاخستانەوە بووە، پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
کازاخستان بە بەردەوامی بەرهەمی نەوتی  زیاتر بووە  لەو بڕەی بۆی دیاریکراوە بەپێی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی، لەوانەش ڕووسیا، لە هاوپەیمانییەک کە بە هاوپەیمانی “ئۆپێک+” ناسراوە،کە یەک ملیۆن و ٤٦٨ هەزار بەرمیلە  لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنێت.
داتاکانی ئۆپێک ئاماژە بەوە دەکەن کە کازاخستان لە مانگی شوباتدا ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٧٦٧ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، لە کاتێکدا لە مانگی یەکدا ملیۆنێک و ٥٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
کازاخستان بەڵێنی داوە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە و قەرەبووی زیادەڕۆیی لە بەرهەمهێنانی نەوت بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی تێنگیز دەکات کە لەلایەن کۆمپانیای شیڤرۆنەوە بەڕێوەدەبرێت، کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی وڵاتەکەیە.
ڕێکخراوی ئۆپێک ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕووسیا لە مانگی شوباتدا بە ڕێژەی 0.04% دابەزیوە و گەیشتووەتە 8.973 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە مانگی یەکدا 8.977 ملیۆن بەرمیل بووە.ئەمەش کەمێک کەمتر بووە لە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕووسیا کە ڕۆژانە ٨ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار بەرمیلە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئۆپێک+.
پێشبینی دەکرێت پشکی ڕووسیا بۆ ٩.٠٠٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە دوای ئەوەی کە لە مانگی نیسانەوە زیادبوونی وردە وردەی بەرهەمهێنانی ئۆپێک+ دەست پێدەکات.
ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، هاوپەیمانی ئۆپێک+ ڕێککەوتووە لە مانگی نیسانەوە دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بکات، بەڵام ڕەنگە دواتر بڕیارەکە پێچەوانە بکاتەوە ئەگەر ناهاوسەنگی بازاڕ ڕووبدات..
زیادبوونی دابینکردن لە ئەمریکا و کەنەدا
لە ڕووی دابینکردنیشەوە، ئۆپێک پێشبینییەکانی مانگی ڕابردووی بۆ گەشەی دابینکردن لە وڵاتانی دەرەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک+ نەگۆڕیوە، کە بە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی ئەمساڵ وساڵی  داهاتوودا خەمڵاندووە. پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بە تێکڕا 54.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکە دابین بکرێت، پاشان لە ساڵی داهاتوودا 55.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، زیادبوونی دابینکردن بە پلەی یەکەم لە ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل و نەرویجەوە دەبێت. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ئەنگۆلا دابەزینی بەرهەمهێنان بەخۆیەوە ببینێت. بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و کۆندێنسێت لە ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمدا گەیشتە ژمارەیەکی پێوانەی کە  13.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی دەریاوە بووە، هەرچەندە بەرهەمهێنانی گشتی نەوت لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا بەهۆی کەشوهەوای ساردەوە کەمێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
بازاڕەکانی نەوت پێشبینی دەکەن کە وڵاتانی ئۆپێک+ لە مانگی نیسانی داهاتووەوە وردە وردە دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنان بکەن، ئەمەش بەپێی ئەو بڕیارەی کە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لە کۆبوونەوەکەیاندا لەم مانگەدا دەریانکردووە، بڕیارەکە بەوشێوەیە کە بە قۆناغ بەندی ڕۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل بۆ بازاڕ بگەڕێندرێتەوە، ئەم وڵاتانە لە مانگەکانی نیسان و تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا خۆبەخشانە بڕیاریان دابوو بۆ ئەوەی پشکی بەرهەمهێنانیان کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی سەقامگیری نرخ بپارێزن.
ئابووری جیهانی پارێزگاری لەسەقامگیری  دەکات
ئۆپێک هیچ گۆڕانکارییەکی لە پێشبینییەکانی گەشەی ئابووری جیهانیدا نەکرد، پێشبینییەکانی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی GPD لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە ٣.١% پاراست، لەگەڵ کەمێک بەرزبوونەوە بۆ ٣.٢% لە ساڵی ٢٠٢٦. ئەم پێشبینییە لەسەر بنەمای بەردەوامی ئەدای بەهێز لە ئەمریکا و ژاپۆن، لەگەڵ گەشەسەندنی بەردەوام لە چین، هیندستان، بەرازیل و ڕووسیا.
لەبەرانبەردا هێشتا هەندێک نادڵنیایی سەبارەت بە سیاسەتە بازرگانییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا ماوە، هەرچەندە ئۆپێک پێشبینی کاریگەری بەرچاو لەسەر گەشەی جیهانی لەم قۆناغەدا ناکات. پێشبینی دەکرێت چین بەردەوام بێت لە سیاسەتەکانی هاندان بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی گەشەی ئامانجدار بە ڕێژەی 5%، لە کاتێکدا ژاپۆن بەردەوامە لە ڕێبازی قۆناغبەندی توندکردنەوەی سیاسەتی دراو.