ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت
دەربارەی ئێمە
ئەندامانی بۆرد
نرخی نەوت
شایستەی کۆمپانیاکان
نەوتی بارکراوی هەرێم
گرێبەستەکانی نەوتی حکومەتی هەرێم
Search
راگەیاندنی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان و هۆکارەکانی پێداگریان لەسەر مەرجەکانیان
راگەیاندنی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان و هۆکارەکانی پێداگریان لەسەر مەرجەکانیان
2025-04-04
لە لایەن روونبیین
هەواڵ
← گەڕانەوە
← گەڕانەوە
روونبین
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان
رۆژی پێنج شەممە ٣ی نیسانی ٢٠٢٥
لە روونکردنەوەیەکیدا و لە چەند خاڵێکدا جارێکی تر بەکورتی هەڵوێستی خۆی لە سەر وتووێژەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت ڕادەگەیەنێت و دەڵێت:
▪️کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور “پەلە”یانە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، و لە پێشەوە بوون بۆ بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا.
▪️ وەبەرهێنانەکانمان لە بنەڕەتدا زیانی پێگەیشتووە بەهۆی داخستنی بۆری عێراق-تورکیا و ناچاربوون بە داشکاندنی بەرچاو لە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی نەوت بفرۆشن.
▪️نرخی جیهانی ٢ هێندەی نرخی فرۆشتنی ناوخۆییە.
▪️ کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان وەستاند، بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت. وەبەرهێنانەکان بەردەوام دەبن، کاتێک هێڵی بۆری عێراق- تورکیا ITP دەکرێتەوە و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی IOC مافە گرێبەستییەکانیان مسۆگەر دەکرێن.
▪️ لەگەڵ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. پاراستنی ماف و وەبەرهێنانەکانمان زۆر گرنگە. ئەم خاڵانەمان گەیاندووەتە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.
مەرجەکانی ئەپیکور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نوێ نییە و هەر لە دوای ماوەیەکی کەم لە وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێی بۆرییەوە بە ڕاشکاوانە رایانگەیاندوە بەڵام ئێستا دوای ٢ ساڵ لە رێکەوتنی هەرێم و بەغدای ٤ی نیسانی ٢٠٢٣، هێشتا وتوێژەکان نەگەشتون بە ڕێکەوتن، بەڵکو لە چەند مانگی رابوردودا کۆمپانیاکان زیاتر پێداگری دەکەن لە سەر چەسپاندنی مەرجەکانیان .
بەشێک لەو هۆکارانەی کۆمپانیا نەوتییەکان پەلەیان نییە لەوەی کە هەناردە دەست پێبکاتەوە، فشارەکانیان زیاد کردووە بۆ قبوڵ کردنی مەرجەکانیان بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
١- کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان قورسترین قۆناغیان تێپەڕاندووە، کە ڕاستەوخۆ دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ بوو، بووە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنان بە تەواوی ڕابگیرێت و داهاتی کۆمپانیاکان داڕمێت.
پاش ماوەیەکی کەم لەوەستانی هەناردە سەرجەم کۆمپانیا گەورەکانی کە لە هەرێمدا کاردەکەن سەرلەنوێ دەستیان کردەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەک کە خۆشیان چاوەڕێیان نەدەکرد، لەو ماوەیەدا و تائێستاش توانیویانە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بارودۆخە نوێکەدا، تا کۆتایی هەمان ساڵ بەرهەمهێنانی نەوت نزیک بویەوە لە هەمان ئاستەکانی پێش وەستانی هەناردە. ئێستا ئەم کۆمپانیایانە قازانجێکی گونجاو بەدەست دەهێنن کە ئەگەرچی کەمترە لە پێش وەستانی هەناردەی لەڕێی بۆرییەوە، بەڵام مانگانە شایستە داراییەکانیان لەنەوتی بەرهەم هاتوو بەبێ دواکەوتن وەردەگرن. هێشتا لەوە زیاترە کە بەپێی ڕێککەوتنی عێراق لە یاسای بوجەدا ( تا هەمواری یاساکە) بەدەستیان دەهێنا.
٢- ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکیانەی ئێستا بە بەهێزی لە بەرژەوەندی کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی هەرێمدایە نەک حکومەتی عێراق. ئیدارەی ترەمپ ماوەیەکە فشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەنە سازان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
٣- بەدەر لە نیگەرانییەکانی کۆمپانیاکان، حکومەتی هەرێم کەمترین هاندەری هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێی بۆریەوە. بەپێی ئەو ڕێکخستنەی ئێستا ( فرۆشی نەوت بە کەمتر لە زیاد لەنیوەی نرخی بازاڕی جیهان و عێراق) کۆمپانیاکانی سەر بە هەردوو حیزبی دەستەڵات “پارتی و یەکێتی” داهاتێکی زەبەلاح بەدەست دەهێنن و سودمەندی سەرەکین لە بەردەوامی ئەم بارودۆخە.
لەکاتێکدا بە هۆی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و پێشتریش بڕیاری دادگای ئیتحادییەوە بەغدا سەرکەوتنی سیاسی مسۆگەر کرد، کە لە ڕووی تیۆریەوە دەسەڵاتی بەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمدا جێگیر کرد، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە بەدەر نەبووە لە زیان بۆ عێراق.
زیانەکانی عێراق بەمشێوەیە:
ا- ڕۆژانە غەرامە دەدات بە تورکیا بۆ ئەو نەوتەی هەناردەی ناکات.
ب ـ خەرجکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمە بەبێ وەرگرتنی نەوت.
ج- لەڕووی دیپلۆماسییەوە بەهۆی لۆبیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆنەوە زیاتر فشاری بۆ دروست دەکرێت. لۆبیکردنەکەش لەو نەوتە پارەی بۆ دابین دەکرێت کە بەغدا وەستاندوویەتی.
ئەگەر بەپێی ئەو ڕێکەوتنە نوێیەی کە لە یاسایی بوجەشدا هاتووە هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە عێراق لە رووی داراییەوە زیان دەکات چونکە دەبێت بڕە پارەیەکی زیاتر بدات بە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بەراورد بە کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق کە گرێبەستی لەگەڵیان هەیە و نابێتە هۆی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی عێراق، هەروەک بانگەشەی بۆ دەکرێت بە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، چونکە عێراق پابەندە بەو سەقفی بەرهەمەی رێکخراوی ئۆپیک بۆی دیاری کردووە، ناتوانێت بەرهەم زیادبکات بەڵکو دەبێت بەشێک لە بەرهەمی کێڵگەکانی ژێر دەستەڵاتی کەم بکاتەوە.
هاوبەشی کردن
تویت
هاوبەشی کردن