وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە وەڵامی ڕوونکردنەوەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا ڕاستییەکان ڕوون دەکاتەوە
ھەولێر ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی دایەوە و بە “بەیاننامەیەکی سیاسی دوور لە ڕاستییە بابەتییەکان” وەسفی کرد. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتی فیدراڵی “پێداگری دەکات لەسەر بەرپرسیارکردنی هەرێم لە شکستەکانی دەرئەنجامی سیاسەتە ناوەندییەکان کە دوورن لەو هاوبەشییە ڕاستەقینەیەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە”.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە “پێشێلکردنی دەستوور و ئاستەنگ دروستکردن بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی”، بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە لەسەر بنەمای “یاسا بەسەرچووەکانی ڕژێمی پێشوو، بەتایبەتی یاسای ساڵی 1976”. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەغدا “سیاسەتی برسێتی سیستماتیک” دژی خەڵکی هەرێم بە بڕینی مووچە پەیڕەو دەکات، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرایە بۆ مافە مرۆیی و دەستوورییەکان.
سه باره ت به تۆمه تبارکردنی هەرێم به قاچاخچێتی نەوت ، وه زاره ته که به “هه وڵێک بۆ لادانی سه ڕنج له گه نده ڵی و قاچاخی به ڕبڵاوی ناوچه کانی دیکه ی عێراق وه سف کردووه ، که له ڕاپۆرته ناوخۆیی و نێوده وڵه تییه کاندا دیکۆمێنت کراوه “.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان “هەموو پابەندبوونەکانی جێبەجێکردووە”، سەرەڕای ئەوەی بەغدا پابەند نەبووە بە ئەرکەکانییەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە “مافی دەستووری هەرێم بۆ بەرهەمهێنان دوو هێندە زیاترە لە بڕی ئێستا”، هەروەها “زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستکردووە بەبێ ئەوەی یەک دینار لە بەرامبەردا وەربگرێت”.
لە وەڵامی لێدوانەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا، وەزارەت ئەم ڕاستیانەی خوارەوەی ڕوون کردەوە:
1- وەستانی هەناردەکردن لە ئەنجامی ئەو داوایە بوو کە وەزارەتی نەوت لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کردبوو، کە بووە هۆی وەستاندنی هەناردەکردن لە 25ی ئازاری 2023ەوە و لە ئەنجامدا زیانەکانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری لێکەوتەوە.
2- ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە 4ی نیسانی 2023 کرا، بەڵام دانانی تێچووی بەرهەمهێنان بە 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وایکرد زۆربەی کۆمپانیاکان بەرهەمهێنان ڕابگرن.
3. گەیاندنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی فیدراڵی بۆ زیاتر لە پێنج مانگ بەردەوام بوو، کۆی گشتی ڕادەستکردنی نەوت گەیشتە 11,826,218 بەرمیل، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک بدرێت، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکان گەیاندنی نەوت ڕابگرن.
4- ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش، پێشکەوتنی بەدەست نەهێناوە، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی حکومەتی فیدراڵی.
5. گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 کراوە کە یاسایی و جێی متمانەیە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
٦- ئەگەر دەستووری عێراق وەکو خۆی خۆی جێبەجێ بکرایە، بەبێ هەڵبژاردەیی، مەلەفی نەوت نەدەگەیشتە ئەم ئاستە ئاڵۆزییە.
7- پابەندبوونەکانی حکومەتی هەرێم بریتی بوون لە فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆ و دانانی داهات لە گەنجینەی دەوڵەت و دانانی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری و کردنەوەی حسابی گەرەنتی کراو.
8-داواکاری کۆمپانیا نەوتییەکان پەیوەستە بە پابەندبوونی تەواو بە مۆدێلی گرێبەستی پەسەندکراو و سازش نەکردنی.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕێککەوتنی کاتی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، و کۆبوونەوەکانی دواتر، “بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەن بۆ نەرمی و ئامادەیی هەرێم بۆ هاوکاریکردن”، ئەمەش تۆمەتەکانی وەزارەتی نەوتی کە گوایە گفتوگۆکان بێئەنجام بوون، “بێ بنەما” دەکات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
دەقی وەرگێڕدراوی راگەیندراوەکە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا ڕاستییەکان ڕوون دەکاتەوە.
جارێکی دیکە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەیاننامەیەکی سیاسی بڵاودەکاتەوە کە تەواو دوورە لە ڕاستییە بابەتییەکان، و لە ڕێگەیەوە سوورە لەسەر سیاسەتی خستنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی شکستە کەڵەکەبووەکان کە، لە بنەڕەتدا، دەرئەنجامی سیاسەتە (ناوەندییەکانن) کە ڕەچاوی بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینەیان نەکردووە کە عێراقی فیدراڵی لەسەری بنیات نراوە. پێش چوونە ناو وردەکارییەکانی وەڵامدانەوەی ئیدعاکانی باسکراو، دەمانەوێت لەبەرچاوی ڕای گشتی چەند ڕاستییەک بخەینەڕوو کە ناتوانرێت نکۆڵییان لێبکرێت و پشتگوێ بخرێن:
ئێوەن کە دەستوور بە شێوەیەکی زەق و بەردەوام پێشێل دەکەن، و بوونەتە کۆسپ لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بۆ چەندین ساڵ، ئەم یاسایە کە بەردی بناغەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە نەوتییەکان. لە جیاتی ئەوە، پێداگری دەکەن لەسەر دەستگرتن بە سیستەمی یاساکانی ڕژێمی پێشوو کە یاسای بەعسیی ناوەندیی سەردەم بەسەرچوون، بەتایبەتی یاسای ساڵی ١٩٧٦، کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانی سیستەمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستووری کار پێکراو. بەوەش نەوەستان، بەڵکو مووچە و بژێوی هاووڵاتیانی هەرێمتان بڕی، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیان، و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستوورن، و ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێم، ئەوا هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەقاچاغبردن و گەندەڵیی بەرفراوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئێوەن کە نەوت لە باشوور بە قاچاخ دەبەن و هەموو کێشەکانی گەندەڵی لەبەرچاوی هەمووان ئەنجام دەدەن، بە شایەتیی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە قەبارەی بەهەدەردان و گەندەڵی ئاشکرا دەکەن. ئێوەشن کە نەوت تێکەڵ دەکەن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تر دەکەن لە جیاتی خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی، بە سیاسەتگەلێکی جێی داخ کە زیانی بە ناوبانگی نەوتی عێراقی لە ئاستی جیهاندا گەیاندووە.
لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە هەموو ئەرکەکانیەوە، سەرەڕای پابەندنەبوونی لایەنی بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی و ئەرکە دەستوورییەکانی. خستنە ئەستۆی هەرێم بەرپرسیارێتی زیادەی ئۆپێک هەڵەی ئێوەیە، چونکە ئێوە نەوتی ئەوانی تر بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشن. مافی دەستووریی هەرێم لە بەرهەمهێنان دوو هێندەی ئێستایەتی، بەڵام هەرێم، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات، تەنانەت نیوەی ئەم بڕە شایستەیەش بەرهەم ناهێنێت. زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست کردوون، و یەک دیناریشتان لە بەرامبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتن و پابەندییە داراییەکان.
سەبارەت بەوەی لە بەیاننامەکەی دواییتاندا هاتووە، ئەم ڕاستییانەی خوارەوە ڕووندەکەینەوە، بە شێوەیەک کە گومانی تێدا نییە:
1- حکومەتی هەرێم ئەو لایەنە نییە کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بەڵکو ئەوە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایەوە بوو کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە دژی وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کرد، و بەهۆیەوە هەناردەکردن لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ ڕاگیرا، کە بووە هۆی زیان گەیاندن بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیاکان بە زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار.
2- لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، و بەدیاریکراوی لە ٤/٤/٢٠٢٣، ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن، بەڵام یاسای بودجە بڕیاریدا لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ تێچووی بەرهەمهێنان (کە شەش دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش وایکرد زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان واز لە بەرهەمهێنان بهێنن بەپێی ئەم دیاریکردنە.
3- لەسەر داوای وەزارەتی نەوت، بڕێک لە نەوتی هەرێم ڕادەستی یەکێک لە پاڵاوگەکان کرا کە بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوت کاردەکات، ئەمەش بۆ ماوەیەک کە لە پێنج مانگ زیاتر بوو. کۆی گشتیی ئەوەی ڕادەستکرا (١١،٨٢٦،٢١٨) بەرمیل بوو. سەرەڕای ئەم پابەندبوونەی لایەنی هەرێم، یەک دینار لە بەرامبەر ئەم بڕە نەدرا، و بەهۆی ئەوەشەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان وازیان لە ڕادەستکردنی بەرهەمەکانیان بە وەزارەتی نەوت هێنا.
4- لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵیی ئێستا، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی. بە کردەوە چەندین کۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدرا، بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە. سستی و دواکەوتنێکی ڕوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەدی دەکرێت لە بەدواداچوونی ئەم دۆسێیە زۆر گرنگە، کە کلیلی چارەسەری ڕاستەقینەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتە.
5- بەو پێیەی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق سیستەمێکی فیدراڵییە، و یەکێک لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم ئەوەیە کە یاسادانانی تایبەت بە خۆی هەبێت کە کاروباری خۆی ڕێکبخات، بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان واژۆ کردووە بە پشتبەستن بە یاسای نەوت و گازی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧. ئەگەر کێشەیەکی یاسایی ڕاستەقینە لەم گرێبەستانەدا هەبووایە، ئەوا کۆمپانیا جیهانییە ناودارەکان ملیارەها دۆلاریان لە هەرێمدا وەبەرهێنان نەدەکرد بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی.
6- عێراق دەستوورێکی هەیە، ئەگەر بە حوکمەکانی کاری پێبکرایە، دەق و ڕۆح، دوور لە هەڵبژاردن و بەرژەوەندییە تەسکەکان لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا، ئەوا دۆخی گشتیی وڵات، و بەتایبەتی دۆسێی نەوتی، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە لە ئاڵۆزی و قەیراناویبوون.
7- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەند بووە بە ئەرکەکانیەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، کە ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر: فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، و سپاردنی تەواوی داهاتی فرۆشتن لە گەنجینەی دەوڵەت، و دیاریکردنی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری، و کردنەوەی هەژمارێکی گەرەنتیکراو (Escrow Account) بە ناوی کۆمپانیاکانەوە.
8- کۆمپانیا نەوتییەکانی کارکەر لە هەرێم داوای ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەن: (کارکردن بە گرێبەستەکان لە ڕووی مۆدێلی ئابووری، مەرجە بازرگانییەکانی ناو گرێبەست، دەستنەبردن بۆ گرێبەستەکان چونکە ڕێڕەوی یاسایی خۆیان لە دادگا فیدراڵی و نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە).
دەمانەوێت یادی ئێوە و ڕای گشتی بخەینەوە کە ڕێککەوتنی (کاتی) تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، و ئەو کۆبوونەوە و دیدارانەی دواتر ئەنجامدران، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر نەرمونیانیی هەرێمی کوردستان و ئامادەیی بۆ هاوکاری، ئەمەش وادەکات ئیدعاکانی وەزارەتەکەتان سەبارەت بە بێسوودیی گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵ هەرێم، ئیدعایەکی بێ بنەما بن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥