روونبین
نەخشەی شوێنە نەوتی و گازییەکانی ئێران و ئەو شوێنانەی ئیسرائیل کردونیەتیە ئامانج.
ئێران لە ڕیزبەندی دە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت و گازدایە، ئەمەش وایکردووە پێگەکەی لە بواری وزەدا بۆ بازاڕە ناوچەیی و جیهانییەکان گرنگبێت.
ئیسرائیل و ئێران بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەکە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی هێرشەکانیان و ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران و دامەزراوە نەوتی و گاز و بارەگاکانی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی کردە ئامانج.
ئەم پەرەسەندنە ترسی لە ململانێیەکی فراوانتر و پەککەوتنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی دروستکردووە. ئێران یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز لە جیهاندا، بە پێی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، دووەم گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی غازی سروشتی لە جیهاندا هەیە و سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتی خاویشی هەیە.
قەبارەی پیشەسازی نەوتی ئێران چەندە؟
ئێران نزیکەی ١٥٧ ملیار بەرمیل نەوتی خاوی سەلمێنراوی لەبەردەستدایە، کە یەکسانە بە نزیکەی ٢٤%ی یەدەگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ١٢%ی یەدەگی جیهانی.
ئێران نۆهەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە و لە چوارەم وڵاتی ناو ئۆپێکدایە کە ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دەهێنێت. ڕۆژانە نزیکەی ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و سووتەمەنی پاڵاوتە هەناردە دەکات.
لە ساڵی ٢٠٢٣ دا پوختەی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە نزیکەی ٥٣ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣٧ ملیار دۆلار بووە.
بەڵام ساڵانێک نەبوونی وەبەرهێنانی دەرەکی و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بووەتە ئاستەنگ لە توانای ئێران بۆ گەیشتن بە توانای بەرهەمهێنانی تەواوی خۆی.
دوای ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد، نرخی نەوت لە یەک ڕۆژدا نزیکەی ٧% بەرزبووەوە و بە نزیکەیی لەو ئاستەدا ماوەتەوە.
دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران لە کوێیە؟
دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بە چەند ناوچەیەکدا بڵاوبوونەتەوە، کە زۆربەیان لە باشوور و ڕۆژئاوادا بڵاوبوونەتەوە. کەبریتین لە کێڵگە وشکانییەکان، سەکۆکانی دەریایی، پاڵاوگە، تێرمیناڵەکانی هەناردەکردن و بۆری.
نزیکەی هەموو هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە دوورگەی خارگدا تێدەپەڕێت کە تێرمیناڵی سەرەکی هەناردەکردنە و ڕۆژانە مامەڵە بە نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل دەکات.
زیاتر لە 20%ی نەوتی دەریایی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت کە دەکەوێتە نێوان ئێران و سوڵتان نشینی عومان.
کێڵگە سەرەکییەکانی وشکانی:
-
کێڵگەی ئەهواز – گەورەترین کێڵگەی نەوتی ئێران و یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی جیهان
-
کێڵگەی گەچسەران – دووەم گەورەترین کێڵگە، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی سووک
-
کێڵگەی مارۆن – کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی سەرەکییە لە نزیک ئەهواز
کێڵگەکانی ئاغاجەری، بیبی-حەکیمە، و قەرەنج – کە زۆربەیان لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، کە ناوچەیەکی سەرەکی بەرهەمهێنەری نەوتە
کێڵگە سەرەکییەکانی دەریایی:
کێڵگەکانی ئەبوزەر، فۆروزان، دۆرود و سەلمان – کە دەکەوێتە کەنداوی فارسەوە، کە هەندێکیان هاوبەشن لەگەڵ سعودیە و ئیمارات
پاڵاوگە گەورەکان:
پاڵاوگەی ئابادان – یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین پاڵاوگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پاڵاوگەی تاران – دابینکردنی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری
پاڵاوگەکانی ئەسفەهان، بەندەر عەباس، ئەراک، و تەبرێز – جۆرە جیاوازەکانی نەوتی خاو بۆ بەکارهێنان و هەناردەکردنی ناوخۆیی پرۆسێس دەکەن.
قەبارەی پیشەسازی گازی ئێران چەندە؟
ئێران لە پلەی دووەمی گەورەترین یەدەگی سەلمێنراوی یەدەگی گازی سرووشتی لە جیهاندا لەدوای ڕووسیا، کە بە 1200 ترلیۆن پێ سێجا (34 ترلیۆن مەتر سێجا) مەزەندە دەکرێت، کە هاوتایە لەگەڵ 16%ی یەدەگی جیهانی و 45%ی کۆی گشتی ئۆپێک.
ئێران لە پلەی سێیەمی بەرهەمهێنانی گاز لە دوای ئەمەریکا و ڕوسیا دێت و لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئاستی بەرهەمهێنانی گاز گەیشتووەتە ٩٣٦١ ملیار پێ سێجا (٢٦٥ ملیار مەتر سێجا) کە دەکاتە نزیکەی ٦٪ی بەرهەمی جیهانی.
ئێرانیش هاوشێوەی کەرتی نەوت، بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان سەرمایەگوزاری و تەکنۆلۆژیای دەرەکی سنووردارە، زۆر پشت بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەبەستێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی.

دامەزراوە گازییەکان لە باشووری وڵاتدا چڕبوونەتەوە، بەتایبەتی بەدرێژایی کەنداوی فارس کە کێڵگە سەرەکییەکان و یەکەکانی چارەسەری لێیە.
گەورەترین کێڵگەی گازی پارسی باشوورە کە گەورەترین کێڵگەی غازە لە جیهاندا، کە ئێران لەگەڵ قەتەر (کە بە کێڵگەی باکوور ناسراوە) هاوبەشی دەکات.
کێڵگە گرنگەکانی تر بریتین لە پارسی باکوور، گۆڵشەن، فێردۆسی، کانگان و نار.
ناوەندی سەرەکی پرۆسێسکردنی غاز کۆمەڵگەی گازی پارسی باشوورە لە پارێزگای بوشێهر.