وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و هەناردەی تورکیای بکات

2025-07-12 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email
روونبین
  • وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و هەناردەی تورکیای بکات.
  • دووپاتیشی کردەوە کە تورکیا ئامادەیە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بۆ جەیهان دەستپێبکاتەوە.
  • ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی بەکارهێنانی ناوخۆیی کە ڕۆژانە بە ٤٦ هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، خاڵی مشتومڕی پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنە.
  • ئێستا هەرێم داوا دەکات ئەم بڕە کەم بکرێتەوە بۆ ٦٥ هەزار بەرمیل کە بە وتەی ئەو پێشێلکردنی یاسای بودجە پێکدەهێنێت.
رۆژی هەینی ١٢ی تەموز حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند “لە بودجەدا بڕی نەوتی خاو دیاریکراوە کە دەبێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت بۆ هەناردەکردن. لەم بودجەیەدا 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دیاریکراوە بۆ ئەوەی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێت، بە تایبەتی بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتی (SOMO)، بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” لەم ماوەیەدا گفتوگۆو دانوستانی زۆر هەبووە لەبارەی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە بەراییە یاخود ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، لەبەر رۆشنایی ئەم دانوستانانەدا پەنا برا بۆ هەمواری یاسای بودجە بەئامانجی پەلەكردن لە پرۆسەی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنەو رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە لەچوارچێوەی هەموارەكەدا هاتووە، بەجۆرێك بڕی 16 دۆلار دیاریكرا بۆ هەر بەرمیلێك كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنرێت بەشێوەی سولفە، لەبەر رۆشنایی ئەمەشدا كۆمپانیایەكی راوێژكاریی لەچوارچێوەیەكی رووندا دەستنیشان دەكرێت بەمەبەستی دیاریكردنی نرخی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت لە هەر كێڵگەیەك بەجیا”. 
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم ڕێککەوتن و هەموارکردنە خرایە بەردەم حکومەتی هەرێم، و ڕەزامەندی ڕاستەقینەی هەموو لایەنەکان هەبوو، وەک چۆن پێشکەشی پەرلەمان کرا، هەروەها سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان ئەم هەموارکردنەیان پەسەندکرد، داواشمانکرد هەرێم جێبەجێی بکات”.
ڕوونیشیکردەوە، “هەندێک پرس هەن کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانە، تا ئێستا، لە یاسای بودجەدایە و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی وردبینی دەستەی چاودێری دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدایە. ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی بڕی پاڵاوتن  یان بەکارهێنانی ناوخۆیی، کە مەزەندە دەکرێت بە 46 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئێستا هەرێم داوا دەکات ئەم بڕە بۆ” 65 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکرێت ، بۆیە سەرپێچی یاسای بودجە هەیە”.
وەزیری نەوت ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە: “لەسەر نزیکەی هەموو بڕگەکان جگە لەم بڕگەیە ڕێککەوتووین، هیوادارین لە قۆناغەکانی کۆتاییدا هەرێم ئەم بڕە قبوڵ بکات کە لەلایەن دەستەی باڵای وردبینی لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە”.
ڕوونیشیکردەوە:”لەلای خۆمانەوە وەک حکومەتی فیدراڵی لایەنی تورکی و کوردمان لە ئامادەیی خۆمان بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی ئەم بڕە ئاگادارکردۆتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا بووم لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا، تورکیا ئامادەیە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراقی- تورکیاوە بۆ جەیهان دەستپێبکاتەوە، بەڵام چاوەڕێی براکانمان لە هەرێم دەکەین ئەم بڕە نەوتە بگەیەنن بۆ ئەوەی بتوانرێت هەناردە بکرێت”.
لە کۆتایدا وەزیری نەوت ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە “حکومەتی فیدراڵی لە ئێستادا نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لەدەست دەدات، چونکە ئەو بڕە بەرهەمەی هەرێم وەک بەشێک لە پشکی ئۆپێک لە عێراق هەژمار دەکرێت، هەرچەندە حکومەتی فیدراڵی سوود لەم بڕە نابینێت”.