مەرجەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی حوزەیران

2025-08-20 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email

روونبین-Roonbeen

رۆژی سێ شەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  سی و سێهەمین دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە بەشێکی دانیشتنەکەدا بابەتی رێکەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە نەوت و داهاتە نانەوتیەکان و خەرج کردنی موچەی مانگی حوزەیران وتووێژ کرا .

لە کۆبوونەوەکەدا بەسێ مەرج بڕیار لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی حوزەیران درا  .

بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت : 

لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی ئەو لیژنەیە وەزارییەی کە بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت پێکهێنراوە، ئەنجومەن بڕیاریدا بەشێوەیەکی مەبدەئی نوێکردنەوەی بڕیاری ژمارە (٥٥٠)ی ساڵی ٢٠٢٥ سەبارەت دابینکردنی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای ڕەچاوکردنی ئەمانەی خوارەوە پەسەندبکرێت:

١- ئەو لیژنانەی کە لە بڕگەی (سێیەم و چوارەم)ی بڕیاری پێشوودا دیاری کراون، کارەکانیان تەواو دەکەن، بەمەرجێک هەر لیژنەیەک لە ماوەی یەک هەفتە لە دوای ئەم بڕیارە ڕاپۆرتێکی واژۆکراو پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات.

٢- ئەو تیمەی لە بڕگەی دووەمدا پێکهێنراوە، لە ماوەی یەک هەفتەدا کارەکانی تەواو دەکات بۆ حیسابکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بەپێی یاسا، هەروەها حکومەتی هەرێم لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی دوو/1ی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بیدات، بەمەرجێک میکانیزمی حیسابکردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دەستەی وردبینی باڵای فیدراڵی پەسەندکرابێت.

٣- حکومەتی هەرێم ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن پابەند دەکات بە ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەم هێنراو، بەپێی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و بڕیاری (550)ی ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی 2025.

بۆ خوێندنەوەی دەقی رێکەوتنەکەی ١٧ی تەموزی٢٠٢٥ لێرە کرتە بکە