پوختەی چالاکییە نەوتییەکانی ناوچەی گرێبەستی تاوکی لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٥دا

2025-08-21 لە لایەن روونبیین
ڕاپۆرت

روونبین-Roonbeen

  • لەسەرەتای مانگی ئابەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی دەستی پێکردووەتەوە لە ئستادا ئاستی بەرهەم ٥٥ هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
  • داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمدا بریتی بووە لە 53.9 ملیۆن دۆلار.
  • تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکە بە 31.7 دۆلار فرۆشراوە. 

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی راپۆرتی کار و چالاکییەکانی چارەکی دووەمی ٢٠٢٥ی  کۆمپانیاکەی لە کوردستان بڵاوکردەوە.

پوختەی کار و ئەنجامە داراییەکانی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO لە هەرێمی کوردستان بۆ چارەکی دووەمی ساڵی 2025، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی فەرمی کۆمپانیاکە:

لە راپۆرتی کۆمپانیاکەدا ئاستی بەرهەم هێنانی ناوچەی گرێبەستی تاوکی کە هەردوو کێڵگەی فیشخاپور و تاوکی دەکات بەڕێژەی ٩٪ کەم کردووە بەراورد بە چارەکی یەکەم ئەویش بەشێکی بۆ جەنگی ١٢ رۆژەی ئیسرائیل-ئێران دەگەڕێتەوە.

هەروەها لە ناوەراستی مانگی تەموزدا بەهۆی هێرشی فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بەرهەمی هەردوو کێڵگەکە وەستان بەڵام لەسەرەتای مانگی ئاب وە بەرهەم هێنان دەستی پێکردووەتەوە.

ئاستی بەرهەمی هەردوو کێڵگەکە

🛢️ تێکڕای بەرهەمهێنانی مۆڵەتی تاوکێ (کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخاپور) ٧٤ هەزار و ٧٦٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمدا ٨٢ هەزار و ٨١ بەرمیل بووە لە رۆژێکدا (کە بە ڕێژەی ٩% کەمیکردووە).

دابەشبوونی بەرهەم لە نێوان هەردوو کێڵگەکەدا:

پیشخاپور: تێکڕای بەرهەم بریتی بووە لە 46,820 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەرهەم کەمیکردووە بەراورد بە چارەکی یەکەم کە 52,778 بەرمیل بووە .

تاوکێ: تێکڕای بەرهەم دابەزیوە بۆ  27,940 بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە  29,304 بەرمیل لە رۆژدا لە چارەکی یەکەمی ساڵ.

لەم چارەکەدا هیچ بیرێکی نوێ هەڵنەکەندراوە، کۆمپانیاکە  پابەندبووە بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان.

پوختەی پشکی دی ئێن ئۆ لە بەرهەمهێنان:

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ پشکی 75% ی بەشداری هەیە لە  کێڵگەکەدا بەمەش  پشکی کۆمپانیاکە لە تێکڕای بەرهەم بریتییە لە  56,070 بەرمیل لە ڕۆژێکدا (بە بەراورد بە 61,561 لە چارەکی یەکەم و 59,837 لە چارەکی دووەمی 2024 دا). ئەو 25%ەی کە دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای گێنێڵ ئەنێرجییە کە دەکاتە 18,690بەرمیل. 

هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان:

لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ساڵی 2025دا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر ناوچەی مۆڵەتی تاوکی،    لە کێڵگەی پیشخاپور لە یەکەی پرۆسێسکردن و لە تاوکێ تانکێکی نەوتیان کردە ئامانجی و ژیانیان پێگەیاند بەو هۆیەوە بەشێوەیەکی کاتی بەرهەم هێنان وەستا، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

کێڵگەی تاوکێ لە سەرەتای مانگی ئابدا بەرهەمهێنان  دەستیپێکردەوە، پاشتریش لە کێڵگەی پیشخاپور بەرهەم هێنان دەستی پێکردەوە. لە ئێستادا  ئاستی بەرهەمهێنان 55 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە کە بەنزیکەیی بەیەکسانی دابەش بووە لە نێوان هەردوو کێڵگەی پیشخاپور و تاوکی دا.

داهاتی کۆمپانیاکە لە کوردستان:

داهاتی کوردستان لە چارەکی دووەمی ساڵی 2025 گەیشتە 53.9 ملیۆن دۆلار (بەراورد بە 57.7 ملیۆن دۆلار لە چارەکی یەکەمی 2025 و 56.5 ملیۆن دۆلار لە چارەکی دووەمی 2024).

کۆی داهاتی کۆمپانیاکە لە نیوەی یەکەمی 2025دا بریتی بووە لە 111.6 ملیۆن دۆلار لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا بریتی بووە لە 116.7 ملیۆن دۆلار.

نرخی فرۆشی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکە:

تێکڕای نرخی فرۆشتن لە چارەکی دووەمی ساڵی 2028دا بریتی بووە لە  31.7 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت  بەراورد بە 34.7 دۆلار لە چارەکی یەکەمی 2025 نرخی فرۆشی کەمی کردووە هەروەها نرخ  36.2 دۆلار بووە لە چارەکی دووەمی 2024دا.

تێچووی کێڵگەکە Opex:

خەرجی کێڵگەکە بۆ چالاکی بەرهەم هێنان  لە چارەکی دووەمدا ٢٥.٣ ملیۆن دۆلار بوو (بە بەراورد بە ٢٣.٧ ملیۆن دۆلار لە چارەکی یەکەمدا). واتە تێچووی بەرمیلێک نەوت  5دۆلارەبووە بەراورد بە 4.3دۆلار لە چارەکی یەکەمدا. 

سەرمایەگوزاری Capex

تەنها 4.9 ملیۆن دۆلار لە چارەکی دووەمدا خەرجی سەرمایە گوزاری بووە Capex  لە کاتێکدا 6.2 ملیۆن دۆلار بووە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا  و 17.3 ملیۆن دۆلار  بووە لە چارەکی دووەمی 2024دا.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO بڕی 294.5 ملیۆن دۆلاری وەک قەرزی نەدراو لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەم بڕە  پەیوەندی بە فرۆشتنینەوتی  2022-2023ەوە هەیە.

کۆمپانیاکە دەڵێت  لە دانوستاندایە لەگەڵ حکومەتی هەرێم سەبارەت بە وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە، بەڵام کاتەکەی نادیارە.

 هەڵسەنگاندنی گشتی

 بەرهەمهێنان لە کوردستان دابەزینی بەخۆوە بینیوە بەهۆی داخستنی کێڵگەکە دوای هێرشی  فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵام کۆمپانیاکە بەشێکی کارەکانی دەستپێکردووەتەوە . کۆمپانیاکە دەڵێت پابەندبوون بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان ئەمەش  ڕەنگدانەوەی مامەڵەیان بە وریایی سەبارەت بە وەبەرهێنانی نوێ لەناو هەرێمدا.

کۆمپانیای دی ئێن ئۆلە بەشێکی راپۆرتەکەیدا دەڵێت  نادڵنیایی هەیە لەسەر ئایندەی بۆری عێراق-تورکیا و دواکەوتنی پارەدان بە حکومەتی هەرێم.

ناوچەی گرێبەستی تاوکی

ناوچەی گرێبەستی تاوکی دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە لە هەرێمی کوردستان. پێک دێت لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکی و پیشخاپور. هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی ٪٧٥ و گەنێڵ ئەنێرجی تورکی ٪٢٥ ی خاوەنداری پشکەکان دەکەن لەو کێڵگەیەدا. یەکەم جار لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٤ دا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانای دی ئێن ئۆ DNO کرا . بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە )تاوکێ لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستیپێکردووە و پیشخاپور لە ساڵی ٢٠١٧( بە تێکڕا بەرهەمی رۆژانە لەساڵ٢٠٢٥ دا نزیکەی ٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە.

ناوچەی گرێبەستی بەعشیقە

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ هەروەها لە کێڵگەی بەعشیقەش وە بەرهێنان دەکات.

کۆمپانیاکەدەڵێت لە بەعشیقە تێچووی کارکردنی کەمکردەوە و بەرنامەی کاری داهاتووی خۆی هەڵدەسەنگێنێتەوە.

پشکی DNO: 64% کاردەکات (80% پارەی پێدراوە)، لەگەڵ TECی تورکیا (16%) و حکومەتی هەرێمی کوردستان (20%).