
هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت ڕایدەگەیەنن کە بەشێوەیەکی مەبدەئی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی کاتییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت
روونبین-Roonbeen
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ناوی هیچ یەک لە کۆمپانیاکانی لەسەر نییە (جگە لە ئێچ کەی ئێن) هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت ڕایانگەیاندکە بەشێوەیەکی مەبدەئی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی کاتییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا.
دەقی ڕاگەیەندراوە کە:
هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت کە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 90%ی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنن کە بەشێوەیەکی مەبدەئی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی کاتییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا.
کۆمپانیاکانی هەناردەکار دان بە ڕۆڵ و سەرکردایەتی محەمەد شیعە ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا دەنێن کە پابەندبوونەکەی بۆ ئەم دەستکەوتە جەوهەری بوو و پێشبینی واژۆکردن و پەسەندکردنی ڕێککەوتنە کاتیەکان دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
هەروەها سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پاڵپشتی بەردەوامی بۆ گەیشتن بەم چارەسەرە، هەروەها هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بۆ بەشداریکردنیان لە چارەسەرێکی قبوڵکراوی هەردوولا کە سوودی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەبێت.
دوای واژۆکردن و جێبەجێکردنی، چاوەڕوان دەکرێت ئەم چوارچێوەیە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە هەمان کاتدا ڕێگەیەک بۆ ڕێکخستنێکی درێژخایەن دابین بکات.
ڕێککەوتنە کاتیەکان هاوتەریبن لەگەڵ یاسای بودجەی ساڵی 2023-2025ی عێراق و بڕیارە دوای پێداچوونەوەی ڕاوێژکارێکی سەربەخۆ نوێبکرێنەوە.
چوارچێوە ڕێککەوتنەکە شەرعیەتی گرێبەستە هەبووەکان دەپارێزێت و پارەدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت مسۆگەر دەکات.
هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێککەوتن لەسەر کۆبوونەوە لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بۆ کارکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەرزانەی کە ماونەتەوە کە حکوومەت قەرزداری کۆمپانیاکانە.
ڕوسیل فریمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای HKN وتی؛ دڵنیاین و گەشبینین بەوەی بە چارەسەری هەموو لا براوە win-win گەیشتووین، هەرکاتێک هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان واژۆیان کرد، بەم نزیکانە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە لەڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەستپێدەکاتەوە.
کۆتایی راگەیەندراوەکە

بەپێی زانیارییەکانی روونبین هیچکام لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و گنێڵ ئەنێرجی بەشێک نین لەم هەشت کۆمپانیایەی کە راگەیاندنەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
شایانی باسە دوێنێ ٢٣ی ئەیلولی هەریەک لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO و گنێڵ ئەنێرجی کە لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی وەبەر هێنان دەکەن رایانگەیاند رێککەوتنێکمان دەوێ دانەوەی قەرزەکانی ڕابوردوومان و پارەی هەناردەی داهاتوومان مسۆگەر بکات.
هەروەها بیژەن رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا نەرویجییەکە دەڵێت، ئەو مەترسییە داراییەی لەسەر دی ئێن ئۆ هەیە، “لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە جیاوازە. جێی بایەخە کە وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر، ئەو قەرزەی ئێمە کەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمانە، لە زۆر لەوانی دیکە زیاترە، کەواتە، مەترسیی گرفتی پارەدان لەسەر ئێمە زۆر گەورەترە بەراورد بەو مەترسییەی لەسەر هەر کۆمپانیایەکی دیکە هەیە.”
رەحمانی باس لەوە دەکات، دی ئێن ئۆ ژمارەیەک پێشنیازی بە هەولێر داوە بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو مەترسییە، دەڵێت، “لە رێگەی چارەسەری ئاسان کە دەکرێت بە خێرایی رێککەوتنی لەسەر بکرێت.”
