واشنتۆن سزای نوێ بەسەر کەرتی نەوتی ڕووسیادا دەسەپێنێت و ڕۆسنەفت و لوک ئۆیلیشی کردە ئامانج

2025-10-23 لە لایەن روونبیین
هەواڵ
Print Friendly, PDF & Email

◾کۆمپانیای ڕۆسنەفت و لوک ئۆیل نزیکەی نیوەی کۆی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا پێکدەهێنن

◾دوای گەمارۆکان نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 2.9% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 64 دۆلاری تێپەڕاند
◾ترەمپ بەنیازە لەگەڵ سەرۆکی چین قسە بکات سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا
◾یەکێتی ئەوروپا پاکێجێکی سزا پەسەند دەکات کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی غازی ڕووسیا و ١١٧ کەشتیی دیکەی تێدایە

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ڕووسیادا سەپاند و کەرتی نەوتی بە تایبەتی “ڕۆسنەفت و لوک ئۆیل”ی کردە ئامانج، ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە بەنیازە لەگەڵ هاوتا چینییەکەی قسە بکات سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئامانجی سزاکان بۆ “زیادکردنی فشارەکان”ە لەسەر کەرتی وزەی ڕووسیا و “کەمکردنەوەی توانای کرێملین بۆ دابینکردنی دارایی شەڕ و پاڵپشتیکردنی ئابووری لاواز”ی ئەو وڵاتەیە، داوای لە مۆسکۆ کرد “دەستبەجێ ڕازی بێت بە ئاگربەست”.

سزاکانی ئەمریکا لە ئەنجامی “جددی نەبوونی ڕووسیا لە پابەندبوون بە پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا” دێت، بەپێی بەیاننامەکە، کە جەختی لەوە کردەوە ئەمریکا “بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی چارەسەری ئاشتیانە بۆ جەنگەکە”، ئەمەش پەیوەستە بە “ئامادەیی ڕووسیا بۆ دانوستان بە نیەتێکی باشەوە”.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

کۆمپانیای ڕۆسنەفتی دەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئیگۆر سێچین هاوپەیمانی نزیکی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و کۆمپانیای تایبەتی لوک ئۆیل گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ڕووسیان. پێکەوە نزیکەی نیوەی کۆی هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵات پێکدەهێنن، کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە، بەپێی خەمڵاندنەکانی بلومبێرگ. باج لەسەر کەرتی نەوت و گاز نزیکەی چارەکێک لە بودجەی فیدراڵی روسیا پێکدەهێنێت.

ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی سزا نوێیەکان، نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی ٢.٩% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و  ٦٤ دۆلاری تێپەڕاند، هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس بە ڕێژەیەکی هاوشێوە بەرزبووەوە و گەیشتە ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ترەمپ داوای یارمەتی لە چین دەکات

ئەم سزایانە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی ئەمریکا پاشەکشەی کرد لە پلانەکانی بۆ کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و هاوتا ڕووسییەکەی.

ترەمپ لەبارەی سزاکانەوە لێدوانی دا و هیوای خۆی دەربڕی کە “ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت”، ئاماژەیە بۆ هیوای بۆ ئاگربەستی خێرا، بەبێ ئەوەی ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ پوتین لە داهاتوودا ڕەت بکاتەوە.

ترەمپ هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەنیازە لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین سەبارەت بە کڕینی نەوتی ڕووسیا لەلایەن وڵاتەکەیەوە قسە بکات کاتێک هەفتەی داهاتوو هەردوو سەرکردە لە کۆریای باشوور کۆدەبنەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە میانی دیدارەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک ڕوت، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەوەی بەڕاستی بڕیارە لەگەڵیدا قسەبکەم ئەوەیە: چۆن کۆتایی بە شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا بهێنین، جا لە ڕێگەی نەوتەوە بێت، وزە بێت، یان شتێکی تر. هەروەها وتی “پێموایە زۆر وەڵامدەرەوە دەبێت” و “کاریگەرییەکی گەورەی” لەگەڵ پوتین هەیە.

سزا نوێیەکانی ئەوروپا

چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕاگەیاندنی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنێکی لەسەر پاکێجێکی نوێی سزاکان ڕاگەیاند کە ڕووسیا دەکاتە ئامانج، لەوانە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی غازی سروشتی شل، کە بڕیارە بەرەبەیانی پێنجشەممە پەسەند بکرێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن دانیمارکەوە بڵاوکراوەتەوە، کە سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپای بەدەستەوەیە، ئاماژەی بەوەکردووە، سزاکان 45 قەوارە دەکەنە ئامانج کە یارمەتی ڕوسیایان داوە لە سزاکان دووربکەوێتەوە، لەنێویاندا 12 کۆمپانیا لە چین و هۆنگ کۆنگ.

ئەم پاکێجە هاوردەکردنی غازی سروشتی شل قەدەغە دەکات کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٧ەوە دەستپێدەکات، کە ساڵێک زووترە لەوەی کە لە سەرەتادا پلانی بۆ دانرابوو، هەروەها بانکەکانی ڕووسیا و قەرزدەرەکانی ئاسیای ناوەڕاست و چەندین ئاڵوگۆڕی دراوی کریپتۆ دەکاتە ئامانج.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، پاکێجە نوێیەکە قەدەغەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی نەوتی ڕووسیا توندتر دەکات، ئەمە جگە لەوەی سزای نوێ بەسەر 117 کەشتیی دیکەی سەر بە کەشتیگەلی سێبەردا دەسەپێندرێت.

هەروەها بیمەکردنەوە “Reinsurance” بۆ فڕۆکە و کەشتییە بەکارهێنراوەکانی ڕووسیا قەدەغە دەکات و قەدەغەکردنی تەواو بەسەر پێنج بانکی ڕووسیادا دەسەپێنێت و قەدەغەکردنی مامەڵەکان فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی سیستەمی پارەی ئەلیکترۆنی ڕووسی و بانکەکانی وڵاتی سێیەم لە بێلاڕووس و کازاخستان بگرێتەوە.

پاکێجی سزاکانی 19 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی بەربەستەکانی نەمسا و هەنگاریا و سلۆڤاکیا ماوەی چەند هەفتەیەک وەستاوە. بەپێی بەیاننامەکە، ڕێوشوێنەکان لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی لە برۆکسل بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگیرێنەبەر ئەگەر هیچ ناڕەزایەتییەک نەبێت.