
سەرچاوەکان دەڵێن کۆمپانیای ئێکسۆن لە گفتوگۆدایە لەگەڵ عێراق بۆ کڕینی پشکی کۆمپانیای لوکۆیل لە کێڵگەی زەبەلاحی رۆژاوای قورنە-٢
روونبین
راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز
پوختە
- کۆمپانیای لوکۆیل بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە هەوڵی فرۆشتنی سەروەت و سامان و پشکەکانی دەدات
- رۆژاوای قورنە-٢ گەورەترین سەروەت و سامانی کۆمپانیای لوکۆیلە لە دەرەوەی وڵات.
- عێراق پێیباشە کۆمپانیای ئێکسۆن پڕۆژەی ڕۆژئاوای قورنە-٢ بگرێتە ئەستۆ.
پێنج بەرپرسی عێراقی کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە ڕایانگەیاند، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل پەیوەندی بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کردووە بۆ دەربڕینی ئارەزووی خۆی بۆ کڕینی پشکی زۆرینەی کۆمپانیای لۆکۆیلی ڕووسیا لە کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی ڕۆژئاوای قورنە-2.
کۆمپانیای لوکۆیل هەوڵدەدات سامانە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بفرۆشێت دوای ئەوەی ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپاند و ئەم هەنگاوەی ئێکسۆنیش دەبێتە هۆی فراوانبوونی بەرچاوی گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە بۆ عێراق لە کاتێکدا مۆسکۆ بەدوای ئەوەدایە سەروەت و سامانە سەرەکییەکانی وزەی لەدەستبدات.
کۆمپانیای ئێکسۆن ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات، لە بەرامبەردا لوکۆیل وەڵامی داواکارییەکەی ڕۆیتەرزی نەدایەوە بۆ لێدوان.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تا ١٣ی کانوونی دووەم مۆڵەتی بە کڕیارە ئەگەرییەکان داوە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای لوکۆیل بکەن، بەڵام هەر گرێبەستێکی دیاریکراو پێویستی بە ڕەزامەندی دەبێت. ئاژانسی ڕۆیتەرز مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، کۆمپانیای ئێکسۆن پەیوەندی بە کۆمپانیای شیڤرۆنەوە کردووە بۆ گەڕان بەدوای بژاردەکاندا بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە پۆرتفۆلیۆی کۆمپانیای لوکۆیل.
کێڵگەیەکی زەبەلاح کە نزیکەی 9%ی کۆی بەرهەمی عێراق بەرهەم دەهێنێت
گەورەترین سەروەت و سامانی کۆمپانیای لوکۆیل لە دەرەوەی وڵات، بریتییە لە پشکی 75%ی کارکردنیەتی لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژاوای قورنە-2ی لە عێراق، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی جیهان و ڕۆژانە نزیکەی 470 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت. ئەم کێڵگەیە نزیکەی 0.5%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی و 9%ی کۆی بەرهەمی عێراق پێکدەهێنێت، کە دووەم گەورەترین کێڵگەی ئۆپێکە لەدوای سعودیە.
کۆمپانیای لوکۆیل لە کێلگەکەدا باری باری ناچاریی Force majeure ڕاگەیاند دوای ئەوەی عێراق پێدانی پارەی نەختینەیی و نەوتی کۆمپانیاکەی ڕاگرت.
کۆمپانیای ئێکسۆن بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕۆژئاوای قورنە-١ی تەنیشتەوە بووە پێش ئەوەی ساڵی ڕابردوو دەربچێت، ئەو کاتە پڕۆژەکە ڕۆژانە نزیکەی ٥٥٠ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنا. پێش دەرچوونی کۆمپانیای ئێکسۆن، سەرۆکی ئەوکاتەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە کە سەر بە دەوڵەتە، ڕایگەیاندبوو، کۆمپانیای ئێکسۆن بەهای 32.7%ی پشکەکانی لە رۆژاوای قورنە-1 بە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار داناوە. ئەو دوو بەشەی کێڵگەکە دەکەوێتە باشووری عێراق، نزیک شاری بەسرە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا کۆمپانیای ئێکسۆن ڕێککەوتنێکی ناپابەندکراوی لەگەڵ عێراق واژۆکرد بۆ یارمەتیدانی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی مەجنون و فراوانکردنی هەناردەکردنی نەوت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە بۆ ئەو وڵاتە.
هەنگاوی گەڕانەوەی ئێکسۆن بۆ عێراق دوای زنجیرەیەک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری نەوت دێت کە بریتین لە شیڤرۆن و بی پی و تۆتال ئینێرجیز، لەکاتێکدا عێراق هەوڵدەدات بە پێشکەشکردنی مەرجی لەبارتر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز خێراتر بکات.
بەگوێرەی سەرچاوەیەک، عێراق بۆ پڕۆژەکە کۆمپانیای ئێکسۆنی پێ باشترە
بەرپرسێکی باڵای نەوتی عێراق کە سەرپەرشتی کارەکانی کۆمپانیا بیانییەکان دەکات لە باشوور دەڵێت: “ئێکسۆن هەڵبژاردەی پەسەندکراوی ئێمەیە بۆ وەرگرتنی پشکەکان لە کۆمپانیای لوکۆیل”. “کۆمپانیاکە توانا و ئەزموونی بەڕێوەبردنی بوارێکی گەورە و ئاڵۆزی وەک وێست قورنە-٢ی هەیە.”
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوت ئەو هەڵوێستەی دووپاتکردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بانگهێشتی چەند کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکییان کردووە بۆ چوونە ناو دانوستانەکان سەبارەت بە کارپێکردنی قورنە-2ی ڕۆژئاوا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی گواستنەوەی کارکردنی بوارەکە بۆ یەکێک لەو کۆمپانیایانە لەڕێگەی پرۆسەی داواکاری پێشبڕکێی و زیادکردنەوە دەبێت.
