
ئۆپێک پڵەس بە سیستەمە نوێکەی بۆ دیایکردنی پشکەکانی نەوت، پێشبڕکێی بەرهەمهێبان هەڵدەگیرسێنێت
رون بوسۆ
ئەو گۆڕانکارییانەی ئۆپێک پڵەس ئەنجامیان دەدات، ئەگەری شەپۆلێکی وەبەرهێنانی لێ دەکرێت
ئەو گۆڕانکارییانەی کە گرووپی ئۆپێک پڵەس لە سیستەمی پشکەکانی بەرهەمهێنانی نەوتدا ئەنجامی دەدات، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە بە ئەگەری زۆرەوە شەپۆلێکی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت (Upstream) لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا هەڵدەگیرسێنێت، بەتایبەتی لەلایەن بەرهەمهێنەرانی کەنداوەوە کە تێچووی بەرهەمهێنانیان کەمە، ئەمەش ترس و نیگەرانییەکان سەبارەت بە روودانی کورتهێنان لە دابینکردنی نەوتدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کەم دەکاتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و وڵاتانی دیکەی گەورەی بەرهەمهێنەر، لەوانە ڕووسیا و کازاخستان، کە پێکەوە بە “ئۆپێک پڵەس” ناسراون، ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵسەنگاندنی زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی ئەندامەکانیان، کە بەکار دەهێنرێت بۆ دیاریکردنی هێڵە بنچینەییەکانی بەرهەمهێنان لە ساڵی ٢٠٢٧ـەوە.
ڕەنگە ئەم بابەتە بە بابەتێکی زۆر تەکنیکی دەربکەوێت، بەڵام لە ڕووی تیۆریەوە دەکرێت نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی خوازراو بکات دوای ساڵانێک لەو پشێوییەی کە تێیدا هەندێک لە ئەندامان بە شێوەیەکی ئاشکرا پشکی بەرهەمهێنانیان دەبەزاند، لە کاتێکدا سعودیە، کە سەرکردەی دیار و کردەیی ئۆپێکە، ڕووبەڕووی سەختی بووەوە لە سەپاندنی ڕێکار و دیسپلیندا، ئەمەش بازاڕی نەوتی تووشی سەرلێشێواوی پشێوی کردبوو.
شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە میکانیزمە نوێکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکان و پاداشتکردنی ئەوانەی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێناندا دەکەن.
بەپێی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، ئۆپێک پڵەس نزیکەی نیوەی دابینکردنی جیهانی پێکدەهێنێت کە دەگاتە ١٠٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
یەکەم: تێگەیشتن لە میکانیزمی “زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی بەردەوام” (MSC)
هەڵسەنگاندنی توانای بەرهەمهێنان لە نێوان مانگەکانی کانونی دووەم و ئەیلولدا بە بەکارهێنانی وردبینێکی ئەمریکی جێی متمانە بۆ ١٩ ئەندام لە کۆی ٢٢ ئەندامی گرووپەکە ئەنجام دەدرێت. ئەمەش پێداچوونەوە بە کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی هەر وڵاتێک دەگرێتەوە بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە دەتوانن لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا بەرهەمی بهێنن (پەمپی بکەن) و بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بن لەسەری.
سەبارەت بەو سێ وڵاتەی کە لەژێر سزاکانی ئەمریکادان، ڕووسیا و ڤەنزوێلا وردبینێکی نا-ئەمریکی بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا ئێران بڕیاریداوە هێڵی بنچینەیی خۆی بە بەکارهێنانی تێکڕای بەرهەمهێنانی لە ماوەی سێ مانگی پێش مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) دیاری بکات.
تواناکانی ئەندامان لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)دا پەسەند دەکرێن، کە تێیدا ئۆپێک پڵەس لەسەر پشکەکانی بەرهەمهێنانی ساڵی ٢٠٢٧ـیش ڕێکدەکەوێت، کە نوێنەرایەتی ڕێژەیەکی یەکسان لە توانای بەرهەمهێنانی هەر ئەندامێک دەکات. لەمەودوا ساڵانە پێداچوونەوە بە توانای “زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی بەردەوام” MSC دەکرێت.

شەپۆلێکی وەبەرهێنانی چاوەڕوانکراو لە کەنداو
وا دیارە سیستەمە نوێکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی شەپۆلێکی وەبەرهێنان لەنێوان ئەو ئەندامانەی کە دەیانەوێت بەرهەمهێنان و داهاتەکانیان زیاد بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەندامە دەوڵەمەندەکانە کە خاوەنی تێچووی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی کەمن، وەک سعودیە و ئیمارات و کوەیت.
وڵاتانی کەنداو بەکردەیی دەستیان کردووە بە تێپەڕاندنی ترسەکانی پەیوەست بە زۆریی دابینکردن (تخمة الإمدادات) لە مەودای نزیکدا، و گرنگییەکی کەمتر دەدەن بە پرسیارەکانی پەیوەست بە داواکاریی داهاتوو لەسەر نەوت لەگەڵ گواستنەوەی جیهان بۆ دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنییە بەردینەکان.
ئیمارات ئامانجی ئەوەیە توانای بەرهەمهێنانی خۆی بۆ ٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٢٧ بەرز بکاتەوە بەراورد بە ٤.٨٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئێستادا، لە نێو پێشبینییەکاندا بۆ ئەوەی کە ڕەنگە تواناکەی بۆ ٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە. وەبەرهێنانەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەمە ڕەنگە بەدی بێت.
کۆمپانیای “ئەدنۆک” لە ٢٤ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند کە پلانی هەیە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ١٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات بۆ فراوانکردنی کارەکانی. هەروەها یەدەگی نەوتی ئاسایی (تەقلیدی) بە ڕێژەی ٦% بەرزکردەوە بۆ ١٢٠ ملیار بەرمیل دوای دۆزینەوە نوێیەکان. هەروەها ئەدنۆک هەوڵی پەرەپێدانی یەدەگی نەوتی نا-ئاسایی (نەوتی بەردین) دەدات، کە بە نزیکەی ٢٢ ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت.
سەبارەت بە سعودیە، کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە ١٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و خاوەنی گەورەترین توانای بەرهەمهێنانی یەدەگە (فائض) لە گرووپەکەدا، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتە ٢.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، واتە ٦٠%ی کۆی توانای یەدەگی (فائض) ئۆپێک پڵەس، بەپێی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی. بە وتەی ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئارامکۆ نەوت دەردەهێنێت بە تێچووی تەنها ٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک—کە یەکێکە لە کەمترین تێچووەکان لە جیهاندا.
ئارامکۆ، کە پێشبینی دەکرێت خەرجییە سەرمایەییەکانی (Capital Expenditures) ئەمساڵ بگاتە ٥٢-٥٥ ملیار دۆلار، بەنیازی کارپێکردنی دوو کێڵگەی نوێیە پێش کۆتایی ساڵ، کە ٥٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ توانای بەرهەمهێنانی زیاد دەکات، بەپێی ئەنجامەکانی چارەکی سێیەم.
هەروەها ڕەنگە کوەیت و عێراق هەوڵی خێراکردنی پلانەکانی وەبەرهێنان بدەن.
کوەیت ئامانجی ئەوەیە توانای خۆی بۆ ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٣٥ بەرز بکاتەوە بەراورد بە ٢.٩ ملیۆن لە ئێستادا، بەپێی ژمارەکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی.
عێراقیش هەوڵ دەدات وەبەرهێنەرانی بیانی ڕابکێشێت، لەوانە BP و ExxonMobil، بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی بە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا بگاتە ٦ ملیۆن تا ساڵی ٢٠٢٨.
هەندێک لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە
سیستەمە نوێکە ئەو ئەندامانەی کە بەرهەمهێنانیان لە ژێرخان یان پێکهاتە جیۆلۆجییە تێچوو بەرزەکاندا چڕ بووەتەوە، وەک نەیجیریا و کازاخستان، دەخاتە دۆخێکی ناهەموارەوە، چونکە پێویستیان بە کات و پارەی زیاترە بۆ زیادکردنی تواناکانیان.
هەروەها ڕەنگە ڕووسیا و ڤەنزوێلا و ئێران ڕووبەڕووی سەختی ببنەوە لە زیادکردنی وەبەرهێنان و توانای بەرهەمهێنان بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە کە بە توندی ڕێگرن لە دابینکردنی کەرەستە گرنگەکان و تەکنەلۆژیای هەڵکەندنی ڕۆژئاوایی.
سەرەڕای ئەوەش، وەبەرهێنانە نوێیەکان خزمەت بە ئامانجی جەوهەری ئۆپێک دەکەن: زیادکردنی پشکی لە بازاڕدا، بەتایبەتی دوای لەدەستدانی بەشێک لە بازاڕ لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا، بەڕازیل، کەنەدا و وڵاتانی تر.
ئەم خەرجییانە هەروەها ئەو نیگەرانییە پەرەسەندووانە کەم دەکەنەوە سەبارەت بە ئەگەری روبەڕووبونەوەی پیشەسازیی نەوت بە کەمیی دابینکردن لە کۆتایی ئەم دەیە و دواتریش بەهۆی کەمبوونەوەی خەرجیی جیهانی و خاوبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردینی (Shale Oil) ئەمریکا.
کەلێنەکان لە سیستەمە نوێکەدا
وادیارە سیستەمی نوێی پێوانی توانای بەرهەمهێنان دادپەروەرانەتر و شەفافتر بێت، چونکە تێگەیشتنێکی باشتر بە ئەندامان و بەشداربووانی بازاڕ دەدات سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئۆپێک پڵەس.
بەڵام هێشتا خاڵی لاوازی هەیە. بۆ نموونە، ڕەنگە هەندێک ئەندام بتوانن بڕێک بەرهەم بهێنن و هەناردە بکەن کە زیاتر بێت لە پشکە فەرمییەکانیان، وەک چۆن کازاخستان و ئیمارات لە ساڵانی ڕابردوودا کردیان.
هەروەها هەندێک وڵات بەهۆی سزا یان ململانێکانەوە ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە لە زیادکردنی تواناکانیان، کە ئەمەش ڕەنگە گرژی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دروست بکات کە دەتوانن پشکی بازاڕیان فراوان بکەن.
بەڵام بە گشتی، ئاراستەکەی ئۆپێک پڵەس هاندەر دەبێت بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە بازاڕی نەوتدا، کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی دابینکردن و پاراستنی نرخەکان لە ئاستێکی نزمدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی.
