
ململانێكان هەرگیز لەسەر نەوت نەبووە!

فریا عمر کاڵێ
زۆربەی خەڵك پێیان وایە عێراق، ئێران و ڤەنزوێلا بەهۆی نەوتەوە لە چەقی گرژییە جیهانییەکاندا وەستاون. ئەو ڕوونکردنەوەیە گونجاوە، بەڵام ناتەواوە. نەوت تەنها رووی دەرەوەی کێشەکانە. کێشە ڕاستەقینەکە لەو سیستمەدا خۆی دەبینێتەوە کە کۆنترۆڵی نرخ، گواستنەوە، بیمەکردن و یەکلاکردنەوەی مامەڵەکانی نەوت دەکات..
لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا، عێراق تەنها نەوتی خاو ی هەناردە نەدەکرد، بەڵکو تەحەدای ئەو چوارچێوەیە دەکرد کە لەسەر بنەمای دۆلار دامەزرابوو و بازرگانی جیهانی نەوتی بەڕێوە دەبرد. کاتێك وڵاتێك دەست دەکات بە گومانکردن لە دراو و پێکهاتەی یەکلاکردنەوەی مامەڵەکان لە دەوری وزە، ئیتر لە کێشەیەکی هەرێمییەوە دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەکی سیستمی.
ئێستا کە سەیری ئەمڕۆ دەکەین، مۆدێلێکی هاوشێوە دەبینین، نەك لە ڕێگەی داگیرکارییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی تەلارسازی داراییەوە. چین پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان نییە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ڕەوتی وزە هەبێت. چین کۆنترۆڵی خۆی لە ڕێگەی بنیاتنانی سیستمی هاوتەریب، ڕێککەوتنی کڕینی درێژخایەن، ڕێککەوتنی “نەوت بەرامبەر قەرز”، ڕێڕەوە جێگرەوەکانی یەکلاکردنەوەی مامەڵەکان و تۆڕە ناڕوونەکانی کەشتیوانی کە لە دەرەوەی چاودێری نەریتی ڕۆژئاوا کار دەکەن، دەسەپێنێت.
ئێستا ئێران ڕۆژانە نزیکەی ١.٤ بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە زۆربەی ئەو قەبارەیە بە نرخێکی داشکێنراو و لە ڕێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە بۆ چین دەچێت. ڤەنزوێلا، کە بەرهەمهێنانی بەهۆی سزاکان و کەمی وەبەرهێنانەوە داڕماوە، ڕۆژانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار بۆ ٩٠٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکات، کە زۆربەیان بەستراونەتەوە بە ڕێککەوتنەکانی دابینکردنی نەوت بەرامبەر بە قەرز لەگەڵ قەوارە چینییەکان. ئەم ڕەوتانە تەنها مامەڵەی وزە نین، بەڵکو نوێنەرایەتی فشار و کاریگەری (leverage) دەکەن.

کاتێك سزاکان بەرهەمهێنەران لە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا دادەبڕن، چین دەبێتە دەرگای چوونە دەرەوە. ئەو پێگەیە کاریگەری دارایی، لۆجستی و سیاسی دەبەخشێت کە زۆر لە خودی نەوتەکە تێدەپەڕێت.
لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم زنجیرە کۆنترۆڵانە نەك داگیرکردنی خاك. ئێستا سزاکان کۆمپانیاکانی کەشتیوانی، بیمەکاران، بەندەرەکان، پاڵاوگەکان و سیستمەکانی پارەدان دەکەنە ئامانج. ئەمە جەنگێکی تەقلیدی نییە، بەڵکو فشارێکی دارایی و سیستمییە کە لەو خاڵانەدا بەکاردێت کە نەوت ناتوانێت تێیاندا بجوڵێت یان بکرێتە پارە.
کاتێك کۆنترۆڵ بەسەر کەشتیوانی، بیمە و یەکلاکردنەوەی مامەڵەکاندا تێکدەچێت، خاوەندارێتی کێڵگە نەوتییەکان دەبێتە پلە دوو. دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ لای ئەو کەسەی کە دیاری دەکات کێ پارەی پێ دەدرێت، بە چ دراوێك و لە ڕێگەی چ کەناڵێکەوە.
نەخشەکە یەکدەگرێتەوە. عێراق، ئێران و ڤەنزوێلا هەرگیز تەنها لەسەر نەوتی ناو زەوی نەبوون. ئەوان لەسەر باڵادەستی دراو، دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی بازرگانی و کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی نەختی جیهانی بوون.
نەوت خوێنی ناو دەمارەکانی ئابووری جیهانە. ململانێ ڕاستەقینەکە لەسەر ئەوەیە کێ کۆنترۆڵی ئەو دڵە دەکات کە دەیجوڵێنێت.
ئەوانەی سەرنجیان لەسەر سیاسەتە، مشتومڕ لەسەر مانشێتەکان دەکەن. ئەوانەی لێکۆڵینەوە لە سیستمەکان دەکەن، تێدەگەن کە دەسەڵات لە ڕاستیدا بۆ کوێ دەگۆڕێت.
