دوو ڕۆژ بەسەر جەنگدا.. بنکەکانی وزە و گواستنەوە لە کەنداو ڕووبەڕووی هێرشی ئێران دەبنەوە

2026-03-02 لە لایەن روونبیین
شیکردنەوە

روونبین

​هێرشە پچڕپچڕەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی بوونە هۆی پەککەوتنی مەترسیداری ژێرخانە هەستیارەکان و گواستنەوەی وزە.

  • ​جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز وەستا و گەورەترین دامەزراوەی هەناردەکردنی غازی سروشتی شل لە جیهان لە قەتەر داخرا.
  • ​گەورەترین پاڵاوگەی نەوت لە سعوودیە کە توانای بەرهەمهێنانی 550 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە، کاریگەر بووە.
  • ​کارەکان لە یەکێک لە گەورەترین سەنتەرەکانی کۆگاکردن و بازرگانیی نەوت لە ناوچەکە لە ئیمارات ڕاگیران.

​هێرشە پچڕپچڕەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی بوونە هۆی دروستبوونی پەککەوتنی مەترسیدار لە ژێرخانە هەستیارەکان و لێشاوی وزەدا.

​کاریگەرییەکان لە وەستانی نزیکەی تەواوەتی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، و داخستنی گەورەترین دامەزراوەی هەناردەکردنی غازی سروشتی شل لە جیهان لە قەتەر، تا دەگاتە کاریگەریکردنە سەر گەورەترین پاڵاوگەی نەوت لە سعوودیە، ڕەنگیان داوەتەوە.

لێرەدا گرنگترین ئەو دامەزراوانە دەخەینە ڕوو کە تا ئێستا زیانیان بەرکەوتووە:

​وێستگەی قەتەر بۆ غازی سروشتی شل (LNG)

​فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دامەزراوەیەکی وزەیان لە “ڕەئس لافان” کردە ئامانج، ئەمەش وای لە کۆمپانیای “قەتەر وزە” کرد بەرهەمهێنانی غازی سروشتی شل ڕابگرێت کە یەکسانە بە نزیکەی پێنج یەکی پێداویستی جیهانی. بەم هۆیەوە نرخی غاز لە ئەوروپا زیاتر لە 50% بەرزبووەوە.

​پاڵاوگەی ڕەئس تەنورە لە سعوودیە

​پاڵاوگەی ڕەئس تەنورەی سەر بە کۆمپانیای “ئارامکۆ”، کە توانای بەرهەمهێنانی 550 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە و یەکێکە لە گەورەترین پاڵاوگەکانی جیهان، کارەکانی ڕاگرت دوای ئاگرکەوتنەوەیەکی “سنووردار” کە بەهۆی پاشماوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دروست بوو کە لە کاتی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکەدا تێکشێندرابوون. نرخی گازۆیل لە لەندەن گەورەترین بازدانی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینی.

​وێستگەی کۆگاکردنی نەوت لە فوجەیرە

​لە ئیمارات، کۆمپانیای “VTTI” کارەکانی لە وێستگەی فۆجەیرە، کە دەکەوێتە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ڕاگرت؛ ئەمەش بۆ گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕێندرایەوە نەک هێرشێکی ڕاستەوخۆ. ئەم دامەزراوەیە کە بە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی کۆگاکردن و بازرگانی نەوت لە ناوچەکە دادەنرێت و هەریەکە لە کۆمپانیاکانی “ڤیتۆڵ” و “ئادنۆک” پشکیان تێیدا هەیە، بە نیازە کارەکانی دەستپێبکاتەوە کاتێک بارودۆخ ڕێگە بدات.

​وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کوێت

​پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و شیرینکردنی ئاو لە ڕۆژئاوای “دەوحە” لە کوێت. ئاگرەکە زیانی بە کۆگایەکی سووتەمەنی گەیاندووە و کار بۆ هەڵسەنگاندنی سەلامەتی ئامێرەکانی تری وێستگەکە دەکرێت.

​هێرش بۆ سەر کەشتییەکان

​سێ کەشتی بە ناوەکانی “سکای لایت”، “ئێم کەی دی ڤیۆم” و “هێرکۆلیس ستار” ڕۆژی یەکشەممە لە نزیک دەروازەی کەنداوی عەرەبی هێرشیان کرایە سەر، ئەمەش بووە هۆی خاوبوونەوەی جووڵەی دەریاوانی تا ئاستی وەستانی تەواوەتی.

​لەو ڕووداوەدا ئەندامێکی تیمی کەشتی “ئێم کەی دی ڤیۆم” گیانی لەدەستدا. هەروەها تانکەرێکی نەوتی سەر بە بەرنامەی کڕینی سووتەمەنی سەربازی ئەمریکا بەهۆی پێکدادانی ئاسمانی لە شوێنی لەنگەرگرتنی لە کەنداوی عەرەبی زیانی بەرکەوت، کە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری کەشتییەکە، بووە هۆی کوژرانی کرێکارێکی لەنگەرگاکە و برینداربوونی دووانی تر.

​سەنتەری داتاکانی ئەمەزۆن

​تەنی نەناسراو ڕۆژی یەکشەممە کێشایان بە سەنتەرێکی داتاکانی سەر بە کۆمپانیای “ئەمەزۆن” لە ئیمارات، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییەکان. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کاتی کارکردن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، تەزووی کارەبایان لە دامەزراوەکە بڕی.

​ئاگرکەوتنەوە لە بەندەری دوبەی

​لە ئەنجامی پاشماوەی تێکشاندنی هێرشە ئاسمانییەکان، ئاگر لە لەنگەرگای بەندەری “جەبەل عەلی” کەوتەوە، کە قەرەباڵغترین بەندەری کانتێنەرە لە جیهاندا لە دەرەوەی ئاسیا. ئەم ڕووداوە بووە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی گواستنەوەی کانتێنەرەکان، چونکە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بەهۆی مەترسییەکانی جەنگەوە باجی زیاتریان سەرپێچە کرد.

هەرێمی کوردستان 

هەر لەسەرەتای هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ ەوە بەرهەم هێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا و هەناردەی نەوت وەستا و نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ناگاتە بازاڕەکانی جیهان لە ڕێی بەندەری جیهانی تورکیاوە.

پێش وەستانی هەناردەی نەوت هەرێمی کوردستان لە ٩ کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتەوە بڕی ٢٥٠- ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەم دەهات و لەم بڕەش ٥٠ هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بوو ئەوی تریشی لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە دەگەیشتە بازاڕەکانی جیهان.

لەهەمان چوارچێوەیەدا وەکو ڕێکارێکی خۆ پارێزی بەرهەمهێنانی گازیش لە کێڵگەکانی گازی هەرێمیش لە هەندێ کێڵگە بەتەواوەتی وەستاوە و لە هەندێ کێڵگەی تریش بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. ئەمەش بویە هۆی دروستبوونی قەیرانی دابین کردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان. بەرهەم هێنانی کارەبا دابەزی بۆ نزمترین ئاست و تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم هەروەها  نرخی غازی شلی ماڵانیش بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هەموو بەرهەمی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ ویستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر و چەمچەماڵ دەچووە.

ئاستی بەرهەمهێنانی گاز :

ئاستی  بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان لە نێوان ٥٤٠ بۆ ٦٨٠ ملیۆن پێ سێجای ستاندارد لە ڕۆژێکدا (MMSCFD) دابوو لەپێش وەستانی بەرهەم.

  • کێڵگەی کۆرمۆر: زیاتر لە ٥٢٠ MMSCFD غازی سەربەخۆ بەرهەم دەهێنێت، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم کێڵگەیە بە تەنیا زیاتر لە ٩٠٪ی کۆی بەرهەمی غازی هەرێم دابین دەکات.
  • ​کێڵگەی خورمەڵە: نزیکەی ١٤٠ MMSCFD غازی هاوەڵ (لەگەڵ نەوت) لەلایەن گرووپی کار (KAR) بەرهەم دەهێنرێت.
  • کێڵگەی سەرقەڵا: لە ناوچەی گەرمیانی سلێمانی، لە نێوان ٥ بۆ ١٤ MMSCFD غازی هاوەڵ بەرهەم دەهێنرێت، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی وێستەرن زاگرۆس و گازپرۆمی ڕووسییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.