
بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە؛ کێڵگەی نەوتی ڕومەیلە بەرهەمهێنانی بەڕێژەی 100% کەم کردەوە
روونبین
بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سیاسیی نێودەوڵەتی و داخستنی گەرووی هورمز، دەستەی بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتی ڕومەیلە لە پارێزگای بەسرە، بڕیاری بەپەلەی دا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و ناردنی نەوت لە کێڵگەی ڕومەیلەی باشوور.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کۆمپانیای نەوتی بەسرە کە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە دەڵێت: ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و تانکەرە نەوتییەکان ناتوانن بچنە ناو حەوزی کەنداوەوە. ئەمەش وای کردووە کە لە بەندەرە باشوورییەکانی عێراقدا کەمیی تانکەر بۆ بارکردنی نەوت دروست ببێت.
لە نامەکەدا دا ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی ڕاوەستانی بارکردن لە بەشێک لە کۆگاکاندا، ئاستی کۆگاکردنی نەوت لە ئەمبارەکاندا گەیشتووەتە “ئاستێکی مەترسیدار”، هەر بۆیە بڕیار دراوە لە کاتژمێر 15:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (3ی ئازاری 2026)، ئاستی بەرهەمهێنان و پاڵنانی نەوت بە بڕی 100% کەم بکرێتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەی کەنداو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی و هەناردەی نەوتی عێراق دروست کردووە و مەترسیی پەککەوتنی زیاتری کەرتی نەوت لە ناوچەکەدا هەیە.
کێڵگەی ڕومەیلە گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقە و یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان. لە باشووری عێراق، لە پارێزگای بەسرە هەڵکەوتووە و تا سنووری کوێت درێژ دەبێتەوە.