ئۆپێک و جیۆپۆلەتیکی پارچەپارچەبوون: داهاتووی حوکمڕانی نەوت

بەهرۆز جەعفەر / دکتۆرای لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان هەیە. ڕۆژنامەوان و لێکۆڵەرێكی کوردە، زیاتر لە بواری ئاسایشی وزەو جیۆپۆڵەتیکیی وزەو ئاسایشی ناوچەیی و دۆخی ئاڵۆزی عێراقدا دەنوسێت. دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.
——————————————————————-
پێشەکی
کشانەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە لە ١ی ئایاری ٢٠٢٦ەوە کاری پێدەکرێت، زیاتر لە گۆڕانکارییەکی تەکنیکی لە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتدا نیشان دەدات؛ لە کاتێکدا کە ڕووماڵکردنی میدیاکان تا ڕادەیەکی زۆر تەنها لەسەر توانای ئیمارات بووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان “بە شێوەیەکی سەربەخۆ” لە نزیکەی ٣.٤ ملیۆن بۆ ٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ٢٠٢٧ دا، بەڵام بڕیارەکە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری قووڵ و فراوانترە لە ڕێکخستنی وزەی جیهانی و گۆڕانی دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی کەنداو.
ئەم پێشهاتە پرسیاری ستراتیژی گەورەتر سەبارەت بە ڕۆڵی مێژوویی ئۆپێک، داهاتووی حوکمڕانی نەوت، پێگەی پەرەسەندووی بەرهەمهێنەرانی وزەی کەنداو دەوروژێنێت. هەموو ئەمانە لەناو سیستەمێکی نێودەوڵەتی دا کە تادێت پارچە پارچە دەبێت، بەدوای پێناسەیەکی نوێدا دەگەڕێن بۆ خۆیان. لە کاتێکدا هەوڵەکانی جیهانی بۆ داماڵینی کاربۆن-De-carbonization خێراتر دەبن، خواست لەسەر سووتەمەنی بەردینی، بەتایبەتی نەوت و گازی سروشتی بەردەوامە لە گەشەکردن، بەتایبەتی تر لە سەرانسەری بازاڕەکانی ئاسیا. لە ئەنجامدا کەنداوی عەرەبی سەرەڕای سیاسەتە بەردەوامەکانی گواستنەوەی وزە (گواستنەوە لە نەوت و گازەوە بۆ وزەی نوێبوەوەو هەمەچەشنکردنی ئابورییەکان) وەک پایەیەکی ناوەندی ئاسایشی وزەی جیهانی دەمێنێتەوە.
هەمیشە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان فاکتەری هەرە سەرەکین لەسەر سەقامگیری بازاڕەکانی وزەی جیهانی. پەرەسەندنی ململانێکان کە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکای تێدایە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ناوجەرگەو ستراتیژی ئابووری کەنداو داناوە. داخستنی گەرووی هورمز لە کاتی شەڕەکەدا لاوازی زنجیرەکانی دابینکردنی وزەی جیهانی ئاشکرا کرد، چونکە نزیکەی چارەکێکی نەوتی خاو لە دەریاوە و نزیکەی لەسەدا ٢٠ی هەناردەکردنی گازی سروشتی شل (LNG)ی جیهانی لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوی ئاوییەوە دەگوازرێنەوە [١]. لە کاتێکدا سعودیە و ئیمارات خاوەنی ڕێڕەوی هەناردەکردنی جێگرەوەی سنووردارن، وڵاتانی وەک قەتەر، کوەیت و بەحرەین بە شێوەیەکی زۆر بە وابەستەی گەرووەکە دەمێننەوە.
لە دەرەوەی کەرتی وزە، ناسەقامگیری ناوچەیی کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی هەمەچەشنکردنی ئابووری فراوانتر لە سەرانسەری کەنداودا هەیە. نیگەرانییە ئەمنییەکان لە جەنگی ئێران-ئیسڕائیل-ئەمریکاوە سەرهەڵدەدەن. ململانێکان پچڕانی گەورەی لە کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاریدا دروستکردووە، دوو کەرت کە دەوڵەتانی کەنداو زیاتر پشتیان پێدەبەستن وەک بەشێک لە ستراتیژییە ئابوورییەکانی دوای نەوت.
پێشبینییەکانی وەهان، کە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە نێوان ٢٣ بۆ ٣٨ ملیۆن سەردانیکەری نێودەوڵەتی کەمتر وەربگرێت، کە بە نزیکەیی لەسەدا ١١ بۆ ٢٧ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. لە ئەنجامدا ناوچەکە لە ماوەی یەک ساڵدا لە نێوان ٣٤ بۆ ٥٦ ملیار دۆلار تەنها لە خەرجیی پەیوەندیدار بە گەشتوگوزار زیانی دەگات. خەمڵاندنەکانی ئەم دواییە زیاتر ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ململانێیە لە شوباتی ٢٠٢٦ ەوە تا ئایاری هەمان ساڵ ڕۆژانە نزیکەی ٥١٥ ملیۆن یۆرۆ زیانی بە پیشەسازی گەشتیاری و گەشتیاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندوە [٢]. ئەم پێشهاتانە ئەوە دەردەخەن کە چۆن ناسەقامگیری جیۆپۆلەتیکیی نەک تەنها ئاسایشی وزە بەڵکو هەڕەشە لە ئەجێنداکانی گۆڕانکاری ئابووری درێژخایەن لە ناوچەی کەنداودا دەکات. بۆ نموونە ئەم جەنگە هێرش و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوە بۆ سەر تۆڕی کارەبای کەنداو (عێراقیش لە ساڵانی پێشوەوە هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنی بوو لەم ٢٠٢٦ ەدا لەڕێگەی کوەیتەوە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠مێگاوات لەوێوە وەربگرێت).
لە ئاستی ئابووریدا، سندوقەکانی سامانی سیادیی کەنداو کە بەکۆمەڵ نزیکەی ٥ تریلیۆن دۆلار لە سەروەت و سامان بەڕێوەدەبەن، بوونەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ ستراتیژییەکانی هەمەچەشنکردن. وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان، زیرەکی دەستکرد، وزەی نوێبووەوە و هاوبەشی پیشەسازی ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی وڵاتانی کەنداو بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی درێژخایەن بە داهاتی هایدرۆکاربۆن، ئەمانەش هەڕەشەی گەورەیان لەسەرە [3].
ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک نابێت وەک بڕیارێکی سیاسەتی گۆشەگیرانە تێبگەین بەڵکو وەک بەشێک لە گواستنەوەیەکی فراوانتر لە نەزمی وزە و جیۆپۆلەتیکی جیهانیدا لێی بڕوانین. لاوازبوونی یەکگرتوویی ئۆپێک، پەرەسەندنی سەربەخۆیی ستراتیژی وڵاتانی کەنداو و زیادبوونی فشارەکان لەسەر سیستەمی نەریتی پترۆ-دۆلار ئاماژەن بۆ قۆناغێکی سەرهەڵدانی ڕێکخستنەوەی ناوچەیی و جیهانی.
بەم پێیە ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن ململانێی جیۆپۆلەتیکی، سیاسەتەکانی گواستنەوەی وزە و کێبڕکێی فرە جەمسەریی پێگەی ستراتیژی دەوڵەتانی کەنداو و حوکمڕانی وزەی جیهانی دەگۆڕن و داینامیکی ئاسایشی ناوچەیی لە کەنداوی عەرەبیدا پێناسە دەکەنەوە.
١. پێگەی مێژوویی ئۆپیک
پێش سەرهەڵدانی ئۆپێک، کارتێلێکی دیکە بە شێوەیەکی کاریگەر زاڵ بوون بەسەر بازاڕەکانی نەوتی جیهانیدا. گروپێک کە بە “حەوت خوشکەکە” ناسراوە، کە کۆمپانیاکانی وەک بی پی، شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و شێڵ لەخۆدەگرێت، لە نێوان ساڵانی چلەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشێکی زۆری پیشەسازی نەوتی نێودەوڵەتییان کۆنترۆڵکردبوو. ئەم کۆمپانیا فرەڕەگەزانە پێکەوە زۆرینەی یەدەگ و بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانییان کۆنترۆڵ دەکرد، نرخەکانیان لە قاڵب دەدا. ئەمان بوون پێش سەرهەڵدانی ئۆپێک باڵادەستی ڕۆژئاوایان بەسەر بازاڕەکانی وزەدا پاراست [4]. بەڵام دواتر ئۆپیک بۆ ئەوەی سنورێک بۆ ئەمانە دابنات دامەزرا:
لە ئەیلولی ١٩٦٠ ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک-OPEC) لە بەغدا لە لایەن ئێران، عێراق، کوێت، سعودیە و ڤەنزوێلا دامەزرا. ئەمە سەرهەڵدانە ڕەنگدانەوەی زەمینەیەکی فراوانتر بوو، لە چوارچێوەی کاردانەوە بۆ کۆڵۆنیاڵیزم و برەودانی ئەم وڵاتانە بە ناسیۆنالیزمی ئابووری دا دێت، چونکە دەوڵەتانی تازە سەربەخۆی بەرهەمهێنەری نەوت هەوڵیان دەدا جەخت لە سەروەریی خۆیان بەسەر سەرچاوە سروشتییەکانیاندا بکەنەوە؛ چوونکە لەو کاتەدا بازاڕی نەوتی جیهانیی (ئاستی بەرهەمهێنان و نرخدانان) لەلایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانی ڕۆژئاوا “حەوت خووشکەکە” ەوە کۆنترۆڵکرابو. لە بەرامبەردا ئۆپێک بۆ هەماهەنگی سیاسەتەکانی نەوت لە نێوان دەوڵەتانی بەرهەمهێن و بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی بەکۆمەڵ بەسەر نرخی نەوت و بەرهەمهێنان و داهاتی نەوت دروستکرا. بەڵام لە ماوەی دەیەی یەکەمیدا (١٩٦٠-١٩٧٠)، ئەم ڕێکخراوە تەنیا کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر بازاڕەکانی نەوتی جیهانی هەبوو. دواتر دەسەڵاتی ئۆپێک شانبەشانی پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییە گەورەکان فراوانتر بوو [5].
ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپێک بریتین لە هەماهەنگی و یەکخستنی سیاسەتی نەوتیی وڵاتانی ئەندام بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری نرخی نەوت، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی دادپەروەرانە لەسەر سەرمایە بۆ وەبەرهێنەران و دابینکردنی نەوت بەشێوەیەکی سیستیماتیک بۆ وڵاتانی بەکاربەر (مستهلک). ڕێکخراوەکە بەمجۆرە هەوڵدەدات دابینکردن بەڕێوەببات بۆ ڕێگریکردن لە نا-سەقامگیریی و زیانگەیشتن بە نرخەکان و دەستەبەرکردنی داهاتێکی جێگیر بۆ وڵاتانی ئەندام.
کاریگەریی ئۆپیک لە حەفتاکاندا زیادیکرد! لە ئۆکتۆبەری دا ١٩٧٣ چەند وڵاتێکی عەرەبی-ئەندام لە ئۆپێک گەمارۆی نەوتیان بەسەر ئەمریکا و ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە پشتیوانی ئیسرائیلیان دەکرد لە کاتی شەڕی عەرەبی و ئیسرائیلدا (ئەوەی کە بە شەڕی یۆم کیپور ناسراوە). گەمارۆکە شۆکێکی گەورەی جیهانی وزەی لێکەوتەوە، کە نرخی نەوتی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە و گەشەسەندنی هێڵی جیۆپۆلەتیکیی ئۆپێکی نیشان دا. لێرەوە داهاتی نەوتیی ئۆپیک بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە زیادیکرد و دەستی دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری بەهێزتر کرد. بەڵام دواجار ئەو ڕێکخراوە بۆی دەرکەوت کە ناتوانێ بەشێوەیەکی کاریگەر وەک حەوت خوشکەکە کۆنتڕۆڵی نرخی نەوت بکات. گەمارۆی ساڵی ١٩٧٣ تەنیا کاریگەری لەسەر پشکێکی سنووردار لە بەکارهێنانی جیهانی هەبوو و وڵاتانی تایبەتی کردە ئامانج نەک تەواوی بازاڕی نێودەوڵەتی [٦].
ئۆپیک وەک ڕێکخراوێک بە کردەوە هەوڵدەدات ئاستی بەرهەمهێنان بەڕێوەببات بۆ کەمکردنەوەی ناجێگیریی نرخ و پاراستنی ئابووری ئەندامەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپێک لە مێژە ڕووبەڕووی ئاستەنگی پێکهاتەیی ناوخۆیی بووەتەوە. ئەندامەکانی جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە لە ڕووی سیاسەتی ناوخۆیی و ئەولەویەتەکانی ئابووری و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیی و ستراتیژییەکانەوە. بۆ نموونە، بەرژەوەندییەکانی ئەنگۆلا جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ سعودیە هەیە، هەروەک پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئێران هاوشێوەی پێگەی ئیمارات نییە کە هەردووکیان ئەندامی ئۆپیکن! وەک جێف کۆلگان- Jeff Colgan لە زانکۆی براون باسی کردووە، سەرکردەکانی ئۆپێک هەمیشە سەرکەوتوو نەبوون لە دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا [7].
لە ماوەی دەیان ساڵی تەمەنیدا، ئۆپێک چەندین گۆڕانکاری گەورەی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینیوە. هەریەکەو بە هۆکارێک؛ قەتەر لە سەرەتای ٢٠١٩ ەدا لە ڕێکخراوەکە کشایەوە، ئەمەش هۆکاری تێکەڵەیەک لە هۆکاری ئابووری، ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی. ئەگەرچی بە فەرمی دۆحە ڕایگەیاند کە بەنیازە زیاتر سەرنجی لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بێت، بەڵام بڕیارەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیوەست بوو گۆڕینی ئەولەویەتە نیشتمانییەکانی قەتەر و بێزاریی لە ڕۆڵی باڵادەستی سعودیە لەناو ڕێکخراوەکەدا:
بە بەراورد بە کشانەوەی ئیمارات لە ٢٠٢٦ دا، کشانەوەی قەتەر لە ئۆپێک لە ٢٠١٩دا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە پێکهاتە و کاریگەرییەکانی ئۆپیک دا نەکرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە قەتەر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ئەندامانی سەرەکی وەک سعودیە، عێراق، ئیمارات و ڤەنزوێلا. جگە لەوەش، پرۆفایلی وزەی قەتەر بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای گازە، و وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی هەناردەکارانی غازی سروشتی شل (LNG) لە جیهاندا دەمێنێتەوە. بۆ نموونە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراینەوە ئەوروپا بۆ نزیکەی لەسەدا ١٢-١٤ی هاوردەکردنی گاز- LNG پشت بە قەتەر دەبەستێت. بەم مانایە، پەیوەندی ستراتیژی قەتەر زیاتر ڕەگ و ڕیشەی لە بازاڕەکانی گازدا هەیە نەک لە چوارچێوەی حوکمڕانی ئۆپێک کە سەنتەری نەوتە.
٢. جەنگی کەنداو-٢٠٢٦: سیستەمی پیترۆ-دۆلار خستە ژێر پرسیارەوە!
ساڵی ١٩٤٤ کە تازە دوەمین جەنگی جیهانیی کۆتایی دەهات، ڕێککەوتننامەی بریتون وودز لە نیوهەمشایەر بۆ سەقامگیرکردنی نرخەکان و ئاڵوگۆڕ واژۆکرا؛ ڕێککەوتنێک کە ئیدی وڵاتانی جیهان دراوەکانیان دەبەستن بە دۆلاری ئەمریکییەوەو، دۆلارە ئەمریکییەکەش بە “زێڕ” پشتگیریی دەکرا. ئەم سیستەمی “بریتوون وودز” ەش بووە هۆی دروستکردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) و بانکی جیهانی، لێرەدا (٤٤) وڵاتی بەشدار لە کۆنگرەکەدا ڕەزامەندییان دەربڕی لە بەشداریکردن لە دروستکردنی ئەم سەقامگیرییە بۆ هەڵسانەوەی بازرگانی، ئەویش لە ڕێگەی دانانی دۆلار وەک پێوەرێک بۆ بەهای دراوەکانیان، هەر کاتێکیش ویستیان دەتوانن لە بەرامبەر دۆلاردا زێڕ وەرگرن. لەم ڕێککەوتنەدا دۆلار سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا و بووە لێڤەگەڕ (مەرجەع) ی دراوەکانی تر ، ئەم گۆڕانەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانی دەسەڵاتی جیهان بوو لە ئەوروپاوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەم ڕێکەوتننامەیە ڕێگری لە وڵاتان دەکرد کە وەک پێویست بەهای دراوەکانیان نزم بکەنەوە تاوەکو پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیان قازانجی پێبگات.
لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٠ ەوە، مقۆ-مقۆیەک درووست بوو لەسەر هەڵئاوسان لەناوخۆی ئەمریکادا، بۆیە ئەوە ڕوویدا کە لەئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا زۆرجار پێی دەوترێ “شۆکی نیکسۆن-Nixon Shock”، لە ئابی ١٩٧١ دا، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان ڕیچارد نیکسۆن بڕیاری نەمانی “بریتون وودز”ی دەرکرد لەبەر ئەوەی کە نەدەکرا دۆلار بگۆڕدرێتەوە لەگەڵ زێڕدا (بەتایبەت خواستی جیهانی تا دەهات لەسەر دۆلار زیاد دەبو). بەمجۆرە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ستانداردی زێڕ بەرانبەر دۆلار کۆتایی هات. بەڵام بۆ ٥٠ ساڵی داهاتوو (١٩٧١ تا ئێستا ٢٠٢٦) شتێکی تر بە هێمنی جێگەی خۆی گرتەوە: “نەوت/ پیترۆڵ”؛ نەوت بەرانبەر دۆلار. ئەمە سەرەتا لە گەشتێکی نهێنی هێنری کیسنجەر بۆ سعودییە دەست پێدەکات، دواتر لە ١٩٧٤ دا، کیسنجەر دەتوانێت بڕوا بە وڵاتانی کەنداو بهێنێت کە “دۆلار” وەک دراوێکی باڵادەستی جیهانیی دەمێنێتەوە، ئەمریک دەتوانێت ئاسایش و بەرگریی بۆ ئەوان مسۆگەر بکات و، وڵاتانی کەنداویش نەوتەکەی خۆیان بە دۆلار بفرۆشن[٨].
بەمجۆرە کیسنجەر مەسەلەی “پیترۆ-دۆلار” بهێنێتە ئاراوە. لەوکاتەوە هەر ڕژێمێک ویستوویەتی لە “سیستەمی دۆلار” بچێتە دەرەوە ئەو ڕژێمە یان ڕووخاوە، یان وڵاتەکەی خۆی تووشی گێژاوێکی قوورس کردوە، وەکو ئەوەی سەددام حوسەین و قەزافی بەسەریان هات؛ دەیانویست نەوت بە دراوێکی تر جگە لە دۆلار بفرۆشن.
بەڵام سەرهەڵدانی جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا-ئێران لە ٢٠٢٦ دا، درزە بچووکەکانی پێشووی گەورەتر کردەوە و نیشانی دا کە ئەمریکا نەیتوانیوە ئاسایش و بەرگریی نیزیکترین هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزیت؛ لەماوەی دوومانگدا ئێران بە درۆن و بە مووشەک هەزاران هێرشی کردۆتە سەر وڵاتانی کەنداو (کە زۆرینەیان بۆ سەر ئیمارات بوە) . لەپاڵ ئەمانەدا، هەژموونی چین وەک چیرۆكێکی ئامادەو سەرکەوتوو بە بێدەنگی کاری خۆی کردوە؛ خەریکە “پترۆ-یوان” وەک جێنشینێکی ئاشکرا کاری خۆی دەکات، وەک ئەوەی چەند ساڵێکی پێشووتر سعودییەکان لە ٢٠٢٤ دا بە هێمنی پترۆ-دۆلارەکەیان پشتگوێ خست و نەوتیان بە یوانی چینی فرۆشت!
جەنگی ئێران و ئاڵۆزییەکانی کەنداو، تازە لە ٢٠٢٦ دا لاوازیی پترۆ-دۆلاری ئاشکرا کرد لە سیستمە جیهانییەکەدا. دوای یەکەم هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر گەرووی هورموزی داخست، کە لەم ڕێگەیەوە ٢٠٪ ی دابینکردنی نەوتی جیهانی بازرگانی پێوەدەکرێت[٩].
وەک پێشووتریش تێبینیمان کردوە، وڵاتانی کەنداو ساڵانێکە پێش ململانێکانی ئێستا بە هێمنی هاوبەشە بازرگانییەکانیان هەمەچەشن دەکەن، بازرگانی نەوتییان لە دەرەوەی دۆلاری ئەمریکی کردووە و بەو هۆیەوە بە شێوەیەکی دیاریکراو بنەمای پترۆدۆلار وەک دراوی تایبەت بۆ بازرگانیکردن بە نەوت لەناو دەبەن. مایکل هاریس-Michael Harris، شرۆڤەکاری گروپی دارایی کۆمپانیای EBC نووسیویەتی، پشکی دۆلار لە یەدەگی دراوی بیانی جیهانی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی ٢٥ ساڵدا: لە ١٩٩٩ دا ٧١٪ بوە لە ئایاری ٢٠٢٦ دا بۆ نزیکەی ٥٧٪ دابەزیوە[١٠].
٣. پێداویستی جیهان بۆ نەوت و گازی سرووشتی زیاد دەکات
بیهێنە پێش چاوی خۆت؛ لە جیهانێکدا بژیت کە کارەباو ڕووناکی تیا نییە، جووڵەی ئۆتۆمبیل نییە، جووڵەی کەشتی نییە، فڕۆکەو هەلیکۆپتەر نافڕێت، کارگەکان لەکارکردن بوەستن، گەرمکەرەوە و فێنکەرەوە نییە. ئەوەی وا دەکات هەموو ئەوانە هەبن و، جووڵە درووست ببێت ئەوە پێی دەوترێ “وزە”. لە چوارچێوەی وزەدا ئامارەکان نیشانی دەدەن تا دێت پێداویستی جیهان بۆ نەوت و گازی سرووشتی زیادو-زیاتر دەکات:
ئەگەرچی پێشووتر باس نەدەکرا، بەڵام جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئەو دەمامکەی بە تەواوی لابرد؛ کە سەرەڕای پێشکەوتنە تەکنەلۆژیی و داهێنانە زۆرەکان لەجیهاندا، هێشتا تا دێت پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی بە نەوت و گاز زیاد دەکات (جگە لەوەی هێشتا خەڵوزیش بە ڕێژەی ١٠٪ پشتی پێدەبەسترێت وەک بەشێک لە سووتەمەنییە بەردینییەکان):
ساڵی (١٩٨٠) تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی نەوت لە جیهاندا ٦٣ ملیۆن بەرمیل بوە. لە (٢٠١٠) جیهان ڕۆژانە (٨٦.٤) ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکارهێناوە. لە (٢٠٢٥) دا تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی جیهان (١٠٥) ملیۆن بەرمیل بوە. ئۆپیک و زۆر دامەزراوەی دی پێشبینی دەکەن ئەم پێداویستییە لە (٢٠٤٠) دا بگاتە (١١٤) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. ئەمە لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا ڕێساو پلانی نوێی بڵاوکردۆتەوە کە لە ساڵی (٢٠٤٠) دا بگاتە ئاستی سفر لە بەکارهێنانی کاربۆن و بێلایەنی لە پرسە ژینگەییەکاندا !؟ لە کاتێکدا لە نێوان ١٩٨٠ – ٢٠٢٥ دا بەڕێژەی ٦٠٪ پێداویستی جیهان بۆ نەوت زیادیکردوە [١١].
بۆ گازی سرووشتی پێداویستییەکە زیاتر بوە: لە ساڵی (١٩٨٠) جیهان (٥٣) تریلیۆن پێ سێجا-tcf ی بەکارهێناوە. لە (٢٠١٠) ەدا ئەم ئاستی پێداویستییەکە هەڵکشاوە بۆ (١١٣) تریلیۆن پێ سێجا. لە (٢٠٢٥) دا جیهان (١٥٠) سەتو پەنجا تریلیۆن پێ سێجا گازی بەکارهێناوە[١٢].
دە وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوت بەرهەم دەهێنن، هەشت وڵات خاوەنی گازی سرووشتین. کاتێک مرۆڤایەتی دەرگیر دەبێت لەگەڵ گۆڕانکاریی لە سیستەمە جیهانییەکە و هەڵگیرسانی جەنگ لە کەنداودا، بێگومان پیشەسازییەکانی جیهان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی زۆر گەورە دەبنەوە. وڵاتێکی وەکو یابان ٩٥٪ ی ئەو نەوتەی هاوردەی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە، چین ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ ی نەوتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاوردە دەکات، بەهەمان شێوە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێژەی بەرچاو پشت بە نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن[١٣].
٤. ڕۆیشتنی ئیمارات بۆ ئۆپێک چی دەگەیەنێت؟
لەڕووی تیۆرییەوە؛ بیرکردنەوەی دەوڵەتەکان لە بەدەستهێنانی هێزی زیاتر، لێکدانەوەی دەوڵەت بۆ بەرزڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانیی، بوونی فەوزا، بەهێزبوونی “کاراکتەری دەوڵەت” لەچاو ڕۆڵی کۆمپانیاکاندا، هەموو ئەوانە بەهێزبوونی تیۆری “ڕیالیزم” لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا نیشان دەدەن.
لە هەمان کاتدا ئەم ڕەوتانە تەحەدای گریمانە سەرەکییەکانی جیهانگیری و نیولیبراڵیزم دەکەن، بە تایبەتی ئەو چاوەڕوانییەی کە نیۆ-لیبراڵەکان هەیانبوو بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵ و دەستوەردانی دەوڵەت بۆ ئەوەی ئابوریی بەگشتی لە ژێر کۆنتۆڵی بازاڕ و کەرتی تایبەتدا بێت. وەکو “عومەر ڕەزاز” سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەردەن، لە بابەتێکیدا لە ٩ ی ئازاری ٢٠٢٦ لە سەنتەری عەرەبی بۆ لێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسات لە دەوحە بەناونیشانی “دابەزینی نیولیبرالیزم: تێڕوانینەکان و کاریگەرییەکانی سیاسەت” بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت: بە کردەوە دەوڵەت وەک ئەکتەرێکی ناوەندی لە بزوێنەری گەشەپێدان و داهێناندا ماوەتەوە، بەتایبەتی لە کەرتە ستراتیژی و هەستیارەکانی تەکنەلۆژی وەک وزە، بەرگری و زیرەکی دەستکرد.
وەک ڕەزاز باسی دەکات، بە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیای نیولیبراڵ کە پێی وایە سنووردارکردنی ڕۆڵی دەوڵەت مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ بەدەستهێنانی گەشەی بەردەوام و تەرخانکردنی سەرچاوەی کاراتر، ئەزموونی پراکتیکیی پێچەوانەکەی سەلماندووە. تەنانەت لە لوتکەی نیولیبرالیزمیشدا، دەوڵەت وەک کاراکتەری سەرەکی ڕۆڵێکی سەرەکی لە بزوێنەری گەشەپێدان و داهێناندا هەبوە، بەتایبەتی لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان و پیشەسازییە زانستییەکاندا، زۆرجار بەهۆی دوودڵی کەرتی تایبەتەوە بۆ دەستپێشخەریکردن، یان بەهۆی توانا سنووردارەکانی کۆمپانیاکانەوە، یان لەبەر ئەوەی ئاستی مەترسییەکان بۆ کەرتی تایبەت زیاتر بوو لەوەی کە بەرگەی بگرێت[١٤].
لەم چوارچێوەیەدا پێدەچێت سیستەمی نێودەوڵەتی لە یەکگرتنی ئابووری جیهانیی دوور بکەوێتەوە بەرەو زیادبوونی پارچە-پارچەبوون بۆ بلۆکە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییە کێبڕکێکارەکان هەنگاو بنێت. ئەم ڕەوتە بە هۆی ڕکابەریی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و چین و شەڕی ئۆکرانیا و ناسەقامگیری لە کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز و سەرهەڵدانی بەرفراوانی ناسیۆنالیزم لە قاڵب دەدرێت. لە ئەنجامدا دەوڵەتان تادێت ئاسایشی نیشتمانی و پشت-بەخۆ-بەستنی ئابووری لە پێش کارایی جووڵە جیهانییەکانەوە دادەنەن.
لەناو ئەم دیمەنە جیهانییەدا، ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی ئۆپیک بابەتێکی پەرەسەندوو دەبێت لە بازاڕی ئابوریی دا؛ ئایا ئۆپێک نوێنەرایەتی چەند لەسەدی دابینکردنی نەوتی جیهانی دەکات؟ تا دێت دەیە لەدوای دەیە کاریگەری ئۆپیک بەسەر نرخدانانی جیهانییەوە کەم دەکات! ئەمڕۆ لە ٢٠٢٦ دا، جیهان بە نیزیکەیی پێویستی بە ١٠٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە. لە بارودۆخی ئاسایی (پێش داخستنی گەرووی هورمز) وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک ٢٥-٢٧ ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە ڕۆژێکدا دابینکردوە. لە ماوەی پچڕانی هورمز لە مانگی نیسانی ٢٠٢٦دا، دابەزی بۆ نزیکەی ١٦.٥- ١٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا (بەبێ ئیمارات). وەک ڕۆیتەرز لە زاری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئارامکۆ وە لە ١١ی ئایاری ٢٠٢٦ دا ئاماژەی پێدەکات، ئەگەر گەرووی هورمز بەداخراویی بمێنێتەوە، جیهان هەفتانە ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە دەست دەدات[١٥].
بێگومان، کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپیک بەرئەنجامی لێکدانەوەی بەرژەوەندییە ئابوریی و ستراتیژییەکانی خۆیەتی. زیاتر لەوەش، ئیمارات بڕیاری خۆی داوە کە لەگەڵ کێ و لەکام هێڵ دا پیاسە بکات! ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئیمارات پێکەوە هاوبەشییە- ستراتیژییە- بەهێزەکەیان دەپارێزن کە سەنتەری ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاری بەرگری و وەبەرهێنانی ئابوورییە. ئیمارات بە “هاوبەشێکی سەرەکی بەرگری” ئەمریکا دادەنرێت و لە خاکەکەیدا میوانداری سەربازانی ئەمریکی دەکات. هاریکاریی نێوانیان دەستپێشخەرییە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و زیرەکی دەستکرد، و چوارچێوەیەکی وەبەرهێنانی دە ساڵە کە بەهای نزیکەی یەک تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دۆلارە. بەگشتی لە زۆر حاڵەتدا ئیمارات لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکادا هاوتەریبە، بەتایبەتی سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەیی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام [16]. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت ئیمارات وەک ناوەندێکی گەورەی جیهانی بۆ وەبەرهێنانی بازرگانی و دارایی سەیر بکرێت کە پەیوەندییەکی نزیکی بە بەرژەوەندی ئابووری و ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە؛
ئەوە شتێکی نهێنی نییە کە لە ٢٠٢١ دا کۆمپانیای موبادەلە پترۆلیۆمی ئیماراتی (بنکەکەی لە ئەبوزەبییە) ٢١٪ ی پشکەکانی کۆمپانیای دێلێک درێلینک-Delek Drilling ی ئیسرائیلی لە کێڵگەی گازی تامار بە نزیکەی ١.١ ملیار دۆلار کڕی، بەو واتایەی لەوکاتەوە کۆمپانیای فەرمی ئیماراتی لە کێڵگەی گازیی ئیسرائیلدا لەکەناراوە ئاوییەکانی ڕۆژهەلاتی دەریای سپی کاردەکات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵبوونەوەی ئەو بەشدارییە ئابوورییەیە کە لە میانەی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی دا هاتۆتە ئاراوە [17].
بۆیە، بەڵێ.. ئیمارات ڕێگەی خۆی هەڵبژاردووە لەڕووی ستراتیژییەوە خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هاوتەریب بکات. ئەم ئاراستەکردنە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دەجووڵێت. یەکێک لەوانە کێشەکانی نێوان ئیمارات و ئێران ە لەسەر سێ دوورگەی “توینبی گەورە”، “توینبی بچووک”، و “ئەبو موسا”: ئەمە ناکۆکییەکە لەسەر پرسی خاک و سەروەری و مێژووییەکی هەیە؛ ئەم دوورگانە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرینگن، لە نزیک گەرووی هورمز لە ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارس هەڵکەوتوون و وەک پرسێکی سەرەکی سەروەری بۆ ئیمارات دەمێننەوە.
کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپیک ئیمارات جگە لەوەی بەدوای سەربەخۆیی زیاتری خۆیەوەتی و دەیەوێت بەرژەوەندییە ئابورییەکانی لەناوچەکەدا بەرەو پێش ببات، هۆیە سەرەکییەکەی دیکەی خزمەتکردنە بە ئەجێندای ئەمریکاو خۆرئاوا. ئایا ئەمریکا و ئەوروپا تا ئاستی نەمانی تەواوەتی ئۆپیک هەوڵەکانیان چر دەکەنەوە؟ من پێموایە (نەخێر)؛ ئەمریکا دەیەوێت نرخی نەوت دابگرێت و کاریگەریی ئۆپیک کەمبکاتەوە، بەڵام ئەمەش لە ئاستێکی سنوورداردا دەبێت، چوونکە ئەگەر نرخی نەوت بۆ خوار پەنجا دۆلار داببەزێت، ئەوا لەولاوە دەیان کۆمپانیای زەبەلاحی بواری نەوتی ئەمریکاو ئەوروپا بێکاریگەر دەبن و، ڕادەوەستن، چوونکە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتانی خۆرئاوا زۆرە و، کۆمپانیاکان ناتوانن بەردەوام بن ئەگەر نرخی نەوت زۆر داببەزێت.
پێویستە ئەمە دووبارە بکەمەوە: کاتێک ئەندامێک لە ئۆپیک دەچێتە دەرەوە، مانای وایە دەیەوێ لەمەولا بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات و لە ژێر کۆت و بەندەکانی ڕێکخراوەکە دەربچێت. کاتێک بەرهەم و خستنە بازاڕ زیاد دەکات، نرخی نەوت دادەبەزێت. دوای ئەمیش یەکێکی دی دەکشێتەوە لە ڕێکخراوەکە ئیتر بەمجۆرە نرخی نەوت دادەبەزێت. هەندێک دەڵێن ئەمریکا دابەزینی نرخی نەوتی دەوێت، بەڵام کاتێک نرخی نەوت دێتە خوار پەنجا دۆلارەوە، ئەوکاتە کۆمپانیا گەورەکان زیانی گەورە دەکەن و بێکاریگەر دەبن، لەڕاستییدا ئەمەیە کە ویلایەتە یەکگرتوەکان نایەوێت.
ئەنجام:
تاران توانیویەتی درزێکی گەورە لە نێو وڵاتانی عەرەبی دروست بکات، بە جۆرێک ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە بنەڕەتدا دژی ئێران دروست بووە، ئێستا لە کێشەی قووڵدایە (ئەگەر نەڵێین لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە). وڵاتانی کەنداو تاک-تاک بێت یان هەموویان پێکەوە پێویستە هەست بەوە بکەن ئەوان لەناو جەرگەی گۆڕانکارییە جیهانییەکەدان، بەڵکو هۆکاری سەرەکی وەرچەرخانی ستراکچەری سیستمە جیهانییەکە پەیوەندیی بە کەنداوی عەرەبییەوە هەیە، بە مانایەکی بەهێز تاک-تاک بێت یان هەرهەموویان بەیەکەوە کارتی بەهێزیان بەدەستەوەیە؛ چۆن دەتوانن وەکو فلۆرەنسا لە ئەوروپا پژمینێکی گەورە بکەن و، تەقینەوەیەکی گەورەی ئابوریی بەرجەستە بکەن؟ لەبەرانبەر ئەمەدا، تەحەدایەکی گەورە هەیە؛ داخستنی گەرووی هورمز ساتێکی ناوازەیە لە بازاڕی وزەدا، چونکە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بە شێوەیەکی کاریگەر خنکاوە. هێشتا ئۆپیک (تەنانەت بە کشانەوەی ئیمارات)، وەک کارتێلێک دەمێنێتەوەو بڕێکی زۆر لە نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت. پێویست بەکاتێکی گونجاو دەکات بۆ پێشبینیکردن لەسەر کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئۆپێک؛ پێویستە سەرەتا گەرووی هورمز بکرێتەوە، پاشان بیر لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی هەموو ئەو شتانە بکەینەوە کە ڕوویانداوە.
سەرچاوەکان:
[1] . Masha Kotkin: Iran Conflict Hits Foundations of Gulf Economies. Stimson. May 12, 2026. Available at: https://www.stimson.org/2026/iran-conflict-hits-foundations-of-gulf-economies/
[2]. Rebecca Ann Hughes & Dianne Apen-Sadler: Iran conflict ‘costs Middle East travel and tourism industry €515 million a day’. Euro News. Updated 11/03/2026 – 12:13 GMT+1. Available at: https://www.euronews.com/travel/2026/03/11/trips-are-pretty-much-on-hold-iran-war-risks-40-billion-loss-in-middle-east-visitor-spendi?utm_source=chatgpt.com
[3]. SWFA: Top 100 Largest Sovereign Wealth Fund Rankings by Total Assets. n.d. Available at: https://www.swfinstitute.org/fund-rankings/sovereign-wealth-fund?utm_source=chatgpt.com
[4]. Nuno Luís Madureira: Squabbling Sisters: Multinational Companies and Middle East Oil Prices. Cambridge University Press: 30 January 2018.
[5]. Bassan Fattouh & Lavan Mahadeva: OPEC: What Difference Has It Made? Oxford Institute for Energy Studies. January 2013, pp. 1-6
[6]. Oman Petroleum and Energy Show: What is OPEC, and how does it operate? April 29, 2026. Available at: https://omanpetroleumandenergyshow.com/newfront/news/what-is-opec-and-how-does-it-operate
[7]. Sasha Rogelberg: 2 years ago, Saudi Arabia quietly canceled the ‘petrodollar’ deal with America that wired the world economy for 50 years. Then, the war broke out in Iran. Fortune. April 7, 2026, 4:28 PM. Available at: https://fortune.com/2026/04/07/what-is-petrodollar-petroyuan-saudi-china-dollar-strength/
[8]. David Hammes & Douglas Wills: Black Gold: The End of Bretton Woods and the Oil-Price Shocks of the 1970s. The Independent Review, v. IX, n. 4, Spring 2005, ISSN 1086-1653, Copyright © 2005, pp. 501– 511.
[9]. Jim Krane: The Iran War and the End of the US-Gulf “Oil for Security” Deal. The Arab Center, Washington, DC, March 27, 2026. Available at: https://arabcenterdc.org/resource/the-iran-war-and-the-end-of-the-us-gulf-oil-for-security-deal/?utm_source=chatgpt.com
[10]. Sasha Rogelberg: 2 years ago, Saudi Arabia quietly canceled the ‘petrodollar’ deal with America that wired the world economy for 50 years.
[11]. IEA: World Energy Outlook 2025. Executive summary. Available at: https://www.iea.org/reports/world-energy-outlook-2025/executive-summary?utm_source=chatgpt.com
[12]. Bahrooz Jaafar: Middle East Geopolitics and the Rise of Multipolarity: Global Turning Point. Springer Nature. Switzerland. 03 January 2026.
[13]. S&P Global: How Japanese Companies Will Handle Middle East Risk Varies Across Sectors. 19-Mar-2026 | 03:38 EDT. Available at: https://www.spglobal.com/ratings/en/regulatory/article/how-japanese-companies-will-handle-middle-east-risk-varies-across-sectors-s101675576?utm_source=chatgpt.com
[14]. Omar Razzaz: The Decline of Neoliberalism: Insights and Policy Implications. Arab Center for Research & Policy Studies. 09 March 2026. Available at: https://www.dohainstitute.org/en/economic-studies/Pages/the-decline-of-neoliberalism-lessons-and-policies.aspx
[15]. Reuters: Oil market will lose around 100 million barrels every week, if Strait of Hormuz remains closed, Aramco CEO says. May 11, 2026: 3:39 PM GMT+3Updated May 11, 2026. Available at: https://www.reuters.com/business/energy/oil-market-will-lose-around-100-million-barrels-every-week-if-strait-hormuz-2026-05-11/
[16]. Christopher Preble & Nevada Joan Lee: Can a US Partner Practice Multi-Alignment? The UAE is certainly trying. Stimson. February 12, 2026. Available at: https://www.stimson.org/2026/can-a-us-partner-practice-multi-alignment-the-uae-is-certainly-trying/
[17]. Simon Henderson: UAE-Israel Gas Deal (Finally) Finalized. The Washington Institute for Near East Policy. Sep 3, 2021. Available at: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/uae-israel-gas-deal-finally-finalized