بەشێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان ڕادەگرن

2026-07-20 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان، هەردوو کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت “گوڵف کیستۆن” (Gulf Keystone) و “شاماران” (ShaMaran Petroleum) ڕایانگەیاند کە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان و ژێرخانی کێڵگەکان، بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە.

کۆمپانیای گوڵف کیستۆن لە بەرواری ١٩ی تەموز دا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی پەرەسەندنی مەترسییە ئاسایشییەکان کارەکانی ڕاگرتووە، هەروەها کۆمپانیای شامارانیش بە هەمان شێوەلە ٢٠ی تەموز بڕیاری ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی لە کێڵگەکانی “ئەترووش” و “سەرسەنگ” داوە.

ئەم بڕیارەی کۆمپانیاکان بەشێکە لە شەپۆلێکی نوێی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم. پێشتریش ئەم دوو کۆمپانیایە، لەگەڵ کۆمپانیای “دی ئێن ئۆ”ی (DNO) نەرویجی کە لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابوور کار دەکات، لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوودا بەهۆی جەنگی نێوان (ئێران – ئەمریکا – ئیسرائیل) کارەکانیان ڕاگرتبوو.

پێش وەستانی ڕەوتی بەرهەمهێنان، ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی کێڵگەکان بەم شێوەیە بووە

* کێڵگەی شێخان: سەرووی ٤٥ هەزار بەرمیل

* کێڵگەی ئەترووش: ٣٧ هەزار بەرمیل

* کێڵگەی سەرسەنگ: ٧ هەزار بەرمیل

* کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابوور: نزیکەی ٧٥ هەزار بەرمیل

هەرچەندە کۆمپانیاکانی نەوت  لە ٢٦ی حوزەیراندا دەستیان بە چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت کردبووەوە، بەڵام جارێکی تر لە ١٩ی تەممووزدا بەهۆی دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و مەترسیی لەسەر کارەکانیان، نەچار بوون بڕیاری ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بدەنەوە.