نەوتی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی نوێ دەبێتەوە.. کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی هیندی بەهۆی مەترسییەکانی گەرووی هورمزەوە بارکردنی نەوت ڕادەگرن
روونبین
- نەوتی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی نوێ دەبێتەوە.. کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی هیندی بەهۆی مەترسییەکانی گەرووی هورمزەوە بارکردنی نەوت ڕادەگرن
- ڕاگرتنی بارکردنەکە ڕەنگدانەوەی کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتیوانییە لە ڕێگەی گەرووەکەوە لەگەڵ بەئامانجگرتنی ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر لەلایەن ئێرانەوە.
- وەزارەتی کەشتیوانیی هیندستان داوا دەکات ڕەوانەکردنی دەریاوانانی هیندی بۆ سەر ئەو کەشتییانەی لە هورمزەوە تێپەڕدەبن تا ئاگاددارکردنەوەیەکی تر ڕابگیرێت.
لەگەڵ زیادبوونی مەترسییە ئاسایشییەکان لە گەرووی هورمز، دوو کۆمپانیای حکومیی پاڵاوتنی نەوتی هیندی بارکردنی نەوتی خاویان لە عێراقەوە ڕاگرتووە، ئەمەش دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتییەکان قورستر دەکات، بەپێی وتەی ئەو کەسانەی لە بابەتەکەوە نزیکن.
ئەو کەسانە کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت لەبەر ئەوەی بابەتەکە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، وتیان کۆمپانیای “ئیندیان ئۆیل” (Indian Oil) دەستی لە پلانەکانی بارکردنی نەوتهەڵگری زەبەلاحی “لیلا جامناگار” (Lila Jamnagar) هەڵگرتووە، کە توانای هەڵگرتنی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە. کۆمپانیاکە گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کە تێپەڕبوونی کەشتییەکی پڕبار لە گەرووی هورمزدا مەترسییەکی گەورەی تێدایە، دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین کەشتیی بارهەڵگر کەوتوونەتە بەر بەربوونی تەقەمەنی و مووشەک.
ئەو کەسانە ڕاشیانگەیاند کە کۆمپانیای “مانگالۆر ڕیفاینری ئاند پترۆکێمیکاڵز” (Mangalore Refinery & Petrochemicals) کە لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای حکومیی “ئۆیل ئاند ناتچراڵ گاز” (Oil and Natural Gas) دایە، بەهۆی تێکچوونی باری ئاسایشەوە بارکردنی نەوتی لە عێراقەوە ڕاگرتووە.
هیچ کام لە کۆمپانیاکانی “ئیندیان ئۆیل”، “مانگالۆر ڕیفاینری ئاند پترۆکێمیکاڵز” و وەزارەتی نەوتی هیندستان دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانی لێدوانیان نەداوەتەوە.
مەترسییەکانی هورمز ڕێگری لە بارکردنی باری نەوت دەکەن
ڕاگرتنی بارکردن لەلایەن هیندستانەوە نیشانەی دابەزینی توندی جووڵەی کەشتیوانییە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، دوای ئەوەی ئێران ژمارەیەک نەوتهەڵگری کردە ئامانج بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییەدا. هەروەها ئەو کەشتییانەی کە ئامێرەکانی پەیوەندی و ڕادارەکانیان کوژاندووەتەوە بۆ ئەوەی دەستنیشان نەکرێن، ڕووبەڕووی هێرش بونەتەوە، ئەمەش پرسیاری لای خاوەن کەشتییەکان دروستکردووە سەبارەت بە بەردەوامی درێژەدان بە کەشتیوانی بەبێ کارپێکردنی ئەو ئامێرانە.
بەشێوەیەکی ئاسایی کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی پاڵاوتنی هیندی بەپێی گرێبەستی درێژخایەن نەوتی خاوی عێراق دەکڕن کە کڕیار پابەند دەکات بە ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی کەشتیوانی. هەروەها بەرزبوونەوەی مەترسییە دەریاییەکان بووەتە هۆی قورسبوونی دڵنیایی (تەئمین)کردنی نەوتهوڵگرەکان و بەرزبوونەوەی تێچووەکەیان. ڕۆیتەرز یەکەم سەرچاوە بوو کە هەواڵی ڕاگرتنی بارکردنی نەوتی لەلایەن هیندستانەوە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی کەشتیوانیی هیندستان ڕێنمایی داوەتە خاوەنی کەشتییەکان، بەڕێوەبەران و ئاژانسەکانی بەکرێ گرتنی کارمەند کە خۆیان بپاریزن لە ڕەوانەکردنی دەریاوانانی هیندی بۆ کارکردن لەسەر ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕدەبن تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی هێرشەکان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان.