بۆچی بازاڕەکانی نەوت هەڕەشەی ئاڵۆزبوونی ڕەوشەکە لە باب المندب کەم دەنرخێنن؟

2026-07-23 لە لایەن روونبیین
کورتە ڕاپۆرت

روونبین

جێگرەوەکانی هەناردەکردن، پاراستنی دەریایی و سنوورەکانی ئاڵۆزبوونی ڕەوشەکە ترسەکانی پچڕانی پێداویستییەکان کەمدەکەنەوە

  • پێگەی جوگرافی توانای بەخشیوەتە حوسییەکان بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییەکان، لەکاتێکدا هێزە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتیی کەشتیوانی دەکەن
  • بەپێی نەخشەی بەدواداچوونی کەشتییەکان، جووڵەی کەشتیوانی ڕۆژی سێشەممە بەردەوام بووە
  • سەرەڕای گرژییەکان تائێستا نرخی نەوتی خاوی برێنت بڕێکی سنوورداری مەترسیی قەیرانەکە لەسەری  ڕەنگیداوەتەوە

گەرووی باب المندب جارێکی تر دەکوێتەوە بەر باس و خواست لەگەڵ نوێبوونەوەی هەڕەشەکانی گرووپی حوسییەکانی دڵسۆزی ئێران بۆ سەر کەشتیوانی، تا ئەگەری کێشەیەکی  تر زیادبکاتە سەر جووڵەی وزە، لە کاتێکدا جووڵەی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز هێشتا ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی توند دەبێتەوە.

بەڵام پەرچەکرداری بازاڕی نەوت ئاماژە بەوە دەکات کە وەبەرهێنەران تا ئێستا نرخیان بۆ سیناریۆیەک دیاری نەکردووە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کاریگەری لەسەر توانای سوعودیە هەبێت بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی دەریای سوورەوە. نەوتی خاوی برێنت لە سەرەتای هەفتەدا بە بڕی نزیکەی سێ دۆلار بەرزبووەوە بۆ ۹۱ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، وپاشان لە ناوەڕاستی هەفتە دا گەشتە ٩٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک،  کە ئەمەش باجێکی مەترسیی شەرمنانەیە و وای لێدەکات زۆر کەمتر بێت لە ۱۲٦ دۆلار، کە بەرزترین ئاست بوو لەم شەڕەدا پێی گەشتبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، “بلومبێرگ” لە چەند سەرچاوەیەکەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە  گواستییەوە کە شەش کۆمپانیای پاڵاوتن لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، چین و تایوان هێشتا بەنیازن بەردەوام بن لە بارکردنی نەوتی سوعودی لە دەریای سوورەوە بەپێی ئەو پلانانەی ئێستا دانراون. بەشێک لەو کەسانە ئاماژەیان بەوەش کرد کە نیوەی ئەو کۆمپانیایانە بەردەوامن لە ناردنی کەشتییەکانیان بۆ بەندەری یەنبەع.

پەرەسەندنەکانی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا بوونە هۆی زیاتر هێورکردنەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان، چونکە داتاکان ئاماژەیان بەوە کرد کە نزیکەی دە کەشتی بە سەرکەوتوویی لە ۲٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە گەرووەکە تێپەڕیون، لەکاتێکدا دوو کەشتی لە بەردەوامبوون لە گەشتەکەیان بەرەو باشوور پەشیمان بوونەوە و بەرەو کەناڵی سوێس ڕۆیشتن.

هەڵوێستی گشتیی سیاسی بەرامبەر بە ڕاگەیاندنەکانی  حوسییەکان زۆر ڕوون بوو، چونکە سەرۆکی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ، هەڕەشەی کرد کە ئەگەر حوسییەکان هەوڵی داخستنی گەرووی باب‌المەندەب بدەن، ئەمریکا دەستێوەردان دەکات. لە هەمان کاتدا، عەرەبستانی سعودی هەڵوێستی حوسییەکانی سەرکۆنە کرد و جەختی کردەوە کە هەموو ڕێکارە پێویستەکان دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی کەشتییەکانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی.

ڕەنگە چین کلیلی نهێنییەکە بێت

ڕەنگە هێوربوونەوە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سیاسیی تێکەڵاو، چونکە هەندێک لە شیکەرەوان ئەوەیان بە دوور زانیوە کە ئێران یان گرووپە یەمەنییەکە هەستن بە بڕینی دابینکردنی نەوت لە ڕێگەی دەریای سوورەوە، چونکە ئەو نەوتەی لەوێوە هەناردە دەکرێت لە بنەڕەتدا بەرەو بازاڕە ئاسیاییەکان دەچێت، بەتایبەتی چین، کە گرنگترین هاوبەشی سیاسی و ئابووریی ئێرانیشە.

ئەم هەنگاوە ڕەنگە پێویستی بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چین بێت، وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٤ ڕوویدا کاتێک حوسییەکان لەگەڵ ڕووسیا و چین گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک کە ڕێگەی دا کەشتییەکانیان تێپەڕبن، لە ماوەی هەڵمەتی دەستدرێژییەکانی پێشوویان بۆ سەر ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سووردا، بەپێی ڕاپۆرتێکی “بلومبێرگ” لەو کاتەدا.

ئاڵۆزییە لۆجیستییەکان و حساباتە سەربازییەکانیش لە دەرەوەی هاوکێشەکە نین؛ ئەندرێ کۆڤاتاریۆ، پسپۆڕی وزە و هاودەمەزرێنەری “ECERA” لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئازانسی “بلومبرغ” ڕایگەیاند کە پەکخستنی کەشتیوانی لە ڕێگەی باب المندبەوە “مەحاڵ نیە”، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەترە لە گەرووی هورمز، بەهۆی جیاوازیی توانای سەربازی لە نێوان ئێران و حوسییەکاندا، بە وتەی ئەو.

ئەگەر هورمز و باب المندب بەیەکەوە داخرا، چی بەسەر وزەدا دێت ؟

لە خراپترین سناریۆدا، ئەگەر هاتووچۆ لە باب‌المەندەب بوەستێت، ئەوە بە مانای وەستانی هەناردەی نەوتی عەرەبستانی سعودی نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری هەناردەکان دەگوازرێنەوە بەرەو باکوور لە ڕێگەی میسر.

ئەگەر باب‌المەندەب داخرا، «ئارامکۆی سعودی» تەنها ئەو هەڵبژاردنەی بۆ دەمێنێتەوە کە لە بەندەری یەنبوع، لە باکووری دەریای سوور، نەوت هەناردە بکات بۆ هێڵی بۆری «سومێد»ی میسری، کە توانای گواستنەوەی نزیکەی ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ دەریای ناوەڕاست هەیە. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەتوانرێت بە تانکەری نەوت لە کەناڵی سوێس بگوازرێتەوە، واتە کۆی توانای گواستنەوەی کەمتر لە ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەوە هەمان ئەو ئاستەیە کە بارکردنی یەنبوع لە هەفتەکانی دواییدا پێی گەیشتووە، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای «کپلەر» کە زانیاریی هاتووچۆی دەریایی و بازرگانیی کاڵا دابین دەکات.

بەڵام بارەکان کە بەرەو ئاسیا دەچن، گرانتر دەبن و ماوەیەکی زۆرتر دەخایەنێت تا بگەن بە شوێنی مەبەست. گەشتی تانکەرێکی گەورە بەرەو چین، لە ڕێگەی سوێس و ڕۆژئاوای ئەفریقا، لە نزیکەی ٧ هەزار میلەوە بۆ زیاتر لە ١٧ هەزار میل زیاد دەبێت. هەروەها تانکەرەکان ناچار دەبن نزیکەی نیوەی بارەکەیان لە «سومێد» دابگێن پێش تێپەڕبوون بە کەناڵی سوێس، پاشان لە ناوچەی «سیدی کریر» لەسەر دەریای ناوەڕاست دووبارە بار یبکەنەوە.

کێ کۆنتڕۆڵی باب المندب دەکات و کێ پارێزگاریی لێدەکات؟

لە ڕووی جوگرافییەوە، باب‌المەندەب لەنێوان یەمەن، جیبوتی و ئەریتریادا هەڵکەوتووە، بەڵام کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی ئەم تەنکەیە تەنها سنووری سەروەری ئەو وڵاتانە تێدەپەڕێنێت.

جیبوتی بنکەی سەربازیی چەندین هێزی نێودەوڵەتی لەخۆ گرتووە، لەوانەش ئەمریکا و چین، کە ئەوە گرنگیی ئەم ڕێگای ئاوییە لە هاوسەنگییە سەربازییەکاندا پیشان دەدات. هەروەها هێزە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بڵاو بوونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی.

لە نێوان ئەو هێزانەدا، ئەرکی «ئاسپیدس» (Aspides) یەکێتیی ئەورووپا هەیە، کە ئەرکی چاودێریکردنی بارودۆخی دەریایی، هاوڕێتی و پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجام دەدات لە بەرامبەر ئەگەری هەر هێرشێک کە ڕووبدات.

بەپێی داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەم ئەرکە لە کاتی دەستپێکردنی لە شوباتی ٢٠٢٤ تاکوو ئێستا پشتگیری لە زیاتر لە ١٩٦٠ کەشتیی بازرگانی کردووە و پاراستنی ڕاستەوخۆی بۆ زیاتر لە ٦٥٠ کەشتی دابین کردووە. هەروەها ماوەی کارکردنی ئەرکەکە تا شوباتی ٢٠٢٧ درێژ کراوەتەوە.

ئایا باب‌المەندەب دەکرێت ببێتە چەکێکی نوێ لە دەستی ئێران؟

لە ڕووی مێژووییەوە توانای ئێران بۆ کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی وزە مێژوویییانە بە گەرووی هورمزەوە بەستراوەتەوە، بەڵام هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە پیشانی دا کە تەنها بەرزبوونەوەی مەترسییەکان دەتوانێت کۆمپانیاکانی گواستنەوە ناچار بکات ڕێگاکانیان بگۆڕن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی (تأمين)، و لە کۆتاییدا کاریگەری لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی دەبێت.

لەو چوارچێوەیەدا، باب‌المەندەب دەتوانێت بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی فشارکردنی ناراستەوخۆ، چونکە کاریگەریکردن لە هاتووچۆی کەشتییەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بازرگانی و وزە.

کۆفاتاریۆ پێی وایە هەڕەشەکردن بە باب‌المەندەب دەکرێت “یەکێک بێت لە کۆمەڵە ئامرازانەی ئێران بەکاری دەهێنێت بۆ باشترکردنی پێگەی خۆی لە گفتوگۆ و دانوستانەکاندا”.

سنوورەکانی ئاڵۆزبوونی ڕەوشەکە

بەڵام ژمارەیەک لە شیکارکاران کە لەگەڵ ” بلومبێرگ” قسەیان کردووە، پێیان وایە هەر پەرەی ندنێمی گەورەی ئێران لە باب‌المەندەب یان کەنداوی عەرەبی، دواهەمین هەڵبژاردە دەبێت  بۆ تاران. لەوانەیە ئێران تەنها ئەو کاتە ئەم هەنگاوە بگرێتە بەر کە دۆنالد ترەمپ بڕیار بدات هەڵمەتی سەربازییەکی فراوان دەستپێ بکات کە بوونی ڕژێم و بەردەوامییەکەی بخاتە مەترسییەوە؛ ئەوەش سناریۆیەکە کە بازاڕە جیهانییەکان تا ئێستا بە دووری دەزانن.

عەلیا المبیض، سەرۆکی شیکاری ئابووری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور لە بانکی وەبەرهێنانی «Jefferies»، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نور عەماشە لە گەڵ  “بلومبێرگ” وتی سناریۆی سەرەکیی بازاڕەکان ئەوەیە کە هەردوو لا پێیان باشترە خۆیان  لە گەڕانەوە بۆ شەڕێکی کراوە بپارێزن، ئەمەش «سنوورێک» بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری  ملمڵانێکە دادەنێت.

لە لایەکی دیکەوە، هانی سەبرا، شیکارکاری سیاسی و دامەزرێنەری کۆمپانیای “Alf” بۆ ڕاوێژکاری لە نیویۆرک، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ “بلومبێرگ”دا گوتی لەوانەیە کۆمەڵەی حوسی هەوڵ بدات هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی باوەڕپێکراوی خۆی بپارێزێت، بەڵام ئەو ئەوەی بە دوور زانی کە بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ هەڕەشەیەکی کاریگەر لەسەر هەناردەی نەوتی عەرەبستانی سعودی دروست بکات..

راپۆرتی بلومبێرگ