ئێران و عومان ڕێککەوتنی گەرووی هورمز تاوتوێ دەکەن؛ سزاکانی ئەمریکا و کێشەی بیمە وەک کۆسپ دەردەکەون

ئاسایشی وزە 2026-08-06 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

گەرووی هورمز بووەتە ناوەندی گفتوگۆ و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان، لە کاتێکدا ئێران و عومان سەرقاڵی پێداچوونەوە و ڕێکخستنی نوێی هاتووچۆی دەریایین، کۆمپانیا جیهانییەکان و کەرتی شحن هۆشداری دەەن لە مەترسییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و کێشەکانی بیمەوە.

ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە لە پەرلەمانی ئێران

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردەوە کە ڕێککەوتنی نێوان تاران و مسقەت سەبارەت بە گەرووی هورمز لە پەرلەمانی ئێراندا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕێککەوتنەکە قەدەغەکردنی تێپەڕبوونی کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتانەی زیانیان بە ئێران گەیاندووە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان پێ نادرێت تاوەکو قەرەبوو نەدەن.

لای خۆیەوە، کاظم غەریب، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە دا که دوای گەیشتن بە تێگەیشتن لەسەر زۆربەی کێشەکان، بڕیارە “ڕێڕەوێکی کاتی” بۆ ماوەی دوو بۆ چوار مانگ کارا بکرێت و دواتر بە ڕێڕەوێکی نوێ جێگەی بگیرێتەوە کە زۆرترین بەشی بە ناو ئاوە نیشتمانییەکانی ئێراندا تێپەڕێت. هەروەها بڕیارە کەشتییەکان لە بەرامبەر تێپەڕبوون و وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکانی وەک سووتەمەنی، بیمە و خزمەتگوزارییە ژینگەیییەکان، رسوومات و باج بدەن.

ئاستەنگە پراکتیکییەکان و نیگەرانیی کۆمپانیا جیهانییەکان

سەرەڕای هەنگاوەکانی ئێران و عومان، چوار سەرچاوە لە کەرت و گواستنەوەی دەریاییدا بە ئاژانسی “ڕۆیتەرز”یان ڕاگەیاندووە که جێبەجێکردنی ئەم پێشنیارە لە ڕووی کردارییەوە زۆر سەختە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران هەوڵ دەدات باجێك بە ڕێژەی لە نێوان سەدا پێنج بۆ سەدا حەوتی بەهای بارەکە لە کەشتییەکان وەربگرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا و ئەو ڕێوشوێنە توندانەی کۆمپانیاکانی بیمە دەیانسەپێنن.

بە گوێرەی نوێترین گرێبەستەکانی بیمەی دەریایی، هەر کەشتییەک باجی تێپەڕبوون لە هورمز بدات، تووشی هەڵوەشاندنەوەی بیمەکەی دەبێتەوە. هاوکات، سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئەو لایەنە ئێرانییەی کە بەرپرسیارە لە گەرووەکە، مەترسیی یاسایی بۆ سەر کۆمپانیاکانی شحن دروست کردووە.

لە کۆتاییدا، کۆمەڵە دیارەکانی شحنی جیهانی لە پەیامێکی کراوەدا جەختیان کردەوە کە ئازادیی هاتووچۆی دەریایی پایەیەکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی وزە، و هەرچەشنە سەپاندنی باجێک بە ناوی جیاوازەوە لە گەرووی هورمزدا، ڕەتکراوەیە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی دەبێت.