ئەمەریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا. بۆچی داوای نەوتی خاوی ڤێنیزوێلا دەکات؟

ئەمەریکا 2026-08-30 لە لایەن روونبیین
شیکردنەوە

روونبین

بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ، ئەمریکا دەڵێت کۆنترۆڵی زۆرینەی ٢٠٪ی یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا بەدەست دەهێنێت. بەڵام بۆچی گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا، نەوتی زیاتر دەوێت؟ وەڵامەکە تەنها جۆگرافیای سیاسی نییە، بەڵکو تەکنیکییشە.

ئەمریکا دەڵێت بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ وڵاتێکی ئەمریکای باشوور، کۆنترۆڵی زۆرینەی زیاتر لە ٦٥ ملیار بەرمیلی نەوتی ڤەنزوێلا یان ٢٠٪ی یەدەگە سەلمێندراوە نەوتییەکانی بەدەست دەهێنێت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتوویەتی “گەورەترین ڕێککەوتنی نەوتە لە مێژووی جیهاندا” لە ڕێگەی هاوبەشییەکەوە جێبەجێ دەکرێت کە کۆمپانیا تایبەتەکان تێیدا بەشدارن، “بێ ئەوەی هیچ تێچوویەک بۆ باج‌دەرەکانی ئەمریکا هەبێت”.

ڤەنزوێلا گەورەترین یەدەگە سەلمێندراوەکانی نەوتی لە جیهاندا هەیە، کە نزیکەی ٣٠٠ ملیار بەرمیل مەزندە دەکرێت؛ بەڵام تەنها نزیکەی ١٪ی ئەو نەوتە خاوە بەرهەم دەهێنێت و دەیفرۆشێت کە جیهان بەکاری دەهێنێت. دوای ئەوەی ئەمریکییەکان لە مانگی کانوونی دووەمدا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد، ترامپ ڕایگەیاند کە واشنتن کۆنترۆڵی بواری نەوت لە کاراکاس دەگرێتە دەست و کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکان ملیاران دۆلار وەبەرهێنان دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلا.

دوای چەندین  مانگ، وادیارە ترامپ ئەو ئارەزووەی بەدی دەهێنێت.

ئەم ڕاگەیاندنە هەوڵێکی بەهێزە بۆ پێکەوەبەستنەوەی سەرمایە و تەکنەلۆژیای ئەمریکا لەگەڵ ژێرخانی بەرهەمهێنانی نەوتی گەورە، بەڵام لاوازبووی ڤەنزوێلا.

ئەمریکا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، هەروەها یەکێکە لە هەناردەکارە گەورەکانی “زێڕی ڕەش”یش. کەواتە بۆچی دەیەوێت کۆنترۆڵێکی زۆر  بەسەر نەوتی خاوی ڤەنزوێلاوە هەبێت؟

هەندێک هۆکارەکان ئاشکران لەوانە؛ سەپاندنی هەژموون بەسەر بازاڕی وزە، کەمکردنەوەی نرخی جیهانیی نەوت لە سایەی قەیرانی گەرووی هورمز، و زیادکردنی یەدەگ. بەڵام هۆکارێکی سەرەکی لە سروشتی خودی نەوتی ڤەنزوێلاوە سەرچاوە دەگرێت؛ چونکە جۆری نەوتەکەی زۆر چڕە، قورسە و “ترشە”.

 ڕاگەیاندنێکی گەورە، بەڵام وردەکارییەکی کەم

لەم قۆناغەدا، پێکهاتەی یاسایی و بازرگانیی وردی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ڤەنزوێلا هێشتا ڕوون نییە. لە کاتێکدا ترامپ وتوویەتی ئەمریکا بە کردەیی کۆنترۆڵی زۆرینەی ٦٥ ملیار بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا بەدەست دەهێنێت، ڤەنزوێلا ڕێککەوتنەکەی وەک بەرنامەیەکی سەرمایەگوزاریی سەرەکی بۆ زیندووکردنەوەی پیشەسازیی  نەوتی خۆی ناساندووە.

بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی هەواڵیی نێودەوڵەتی، پێکهاتەی پێشبینیکراوی ڕێککەوتنەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بریتی دەبێت لە پێکهێنانی کۆمپانیایەکی تایبەتیی نوێ  کە بە هاوبەشی joint ventures لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت خاوەندارێتی دەکرێت؛ لایەنی ئەمریکی ٥٥٪ی پشکی کارپێکردنی دەبێت. ئەو کۆمپانیایە ١٧ کێڵگەی نەوت پەرەپێدەدات، لە کاتێکدا کڕیارە ئەمریکییەکان نەوت بە نرخی تێچوون دەکڕن.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی ڤەنزوێلا کاریگەریی ئابووریی ئەگەرییەکەی بە نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تایبەت و زیاتر لە ٢٠٩ ملیار دۆلار داهاتی باج مەزندە کردووە.

ڤەنزوێلا بە درێژایی مێژوو کۆنترۆڵی بەهێزی دەوڵەتی بەسەر پیشەسازیی نەوتدا پاراستووە. ڕێککەوتنێک کە خاوەندارێتییەکی گەورە یان کۆنترۆڵی کارپێکردن بە کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر سامانی بەرهەمهێنانی نەوت بدات، بووەتە هۆی دروستبوونی مشتومڕێکی سیاسیی توند.

لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیاری ئەوە دەکرێت  کە ئایا حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا دەسەڵاتی پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نەوتییە درێژخایەنەکان هەیە یان نا. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڤەنزوێلا لە ئێستاوە دژی هەر ڕێککەوتنێکن کە کۆنترۆڵ بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدات.

بۆیە، پێکهاتەی یاساییی ڕێککەوتنە نوێیەکە زۆر گرنگ دەبێت. پێدانی گرێبەستی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان PSA بە کۆمپانیا گەورە نەوتییە ئەمریکییەکان شتێکە، بەڵام بەدەستهێنانی مۆڵەتێکی درێژخایەن یان بەشێکی ڕوونی زۆرینە لە کێڵگە نەوتییەکاندا شتێکی بە تەواوی جیاوازە  زیاتر لە گرێبەستی ئیمتیازەوە  نزیکە.

 بۆچی ئەمریکا نەوتی ڤەنزوێلای دەوێت؟

نەوتی خاو بە کردەیی کاڵایەک نییە کە جۆرەکانی بە تەواوی بتوانرێت جێگۆڕکێی یەکتر بکرێن، چونکە جیاوازی لە کوالێتی و پلەکانی جۆراوجۆری نەوتدا هەیە. زانینی ئەوەی کام جۆری نەوتی خاو بە ئاسانی و بە بڕێکی پێویست بەردەست دەبێت، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئامادەکردنی ئامێرەکانی پاڵاوتنەوەی نەوت “پاڵاوگەکان”.

وەک لە سەرەوە باسمان کرد، هۆکاری سەرەکیی سەرنجی ئەمریکا پلە و جۆری نەوتی ڤەنزوێلایە.

زۆربەی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا بە “قورس و ترش” پۆلێن دەکرێت؛ “قورس”ە چونکە بەراورد بە جۆرە سووکەکانی نەوتی خاو، چڕترە ، و “ترش”ە چونکە ڕێژەیەکی بەرزی گۆگردی تێدایە.

بە پێچەوانەوە، زۆربەی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا نەوتی “سووک” و “شیرین”ە؛ ئەمەش ئاماژەیە بە کەمبوونەوەی چڕی و  گۆگرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی ژێرخانی پاڵاوتنی نەوت لە ئەمریکا، بە تایبەتی پاڵاوگەکانی کەناراوەکانی کەنداوی ئەمریکا دیزاین و دروستکراون بۆ پاڵاوتنی ئەو  نەوتە قورسانەی کە لە ئەمریکای لاتین و کەنەداوە هاوردەی دەکرێن.

هەروەها ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی یەدەگی گەورەی نەوتی قورسیان هەیە، وەک ئێران و ڕووسیا، پەیوەندییەکی باشی نییە. تا مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هەمان شت بۆ ڤەنزوێلاش ڕاست بوو.

بۆیە، ئەمریکا هێشتا ناچارە نەوتی قورس و ترش هاوردە بکات بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ئەو پاڵاوگانە، تەنانەت لەکاتێکیشدا کە بڕێکی زۆر لە نەوتی “سووک و شیرین”ی خۆی هەناردە دەکات.

بەڵام چی لە پشت ئەم نەگونجاندنەوەیە هەیە لە نێوان ئەوەی ئەمریکا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت و ئەوەی دەتوانێت بیپاڵێوێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت چەند دەیەیەک بگەڕێینەوە دواوە.

ژێرخانی پاڵاوتنەوەی نەوت لە ئەمریکا

زۆرێک لە پاڵاوگە نەوتییەکانی کەناری کەنداوی ئەمریکا لە سەدەی ڕابردوودا دروست کراون. لەو کاتەدا، نەوتە قورس و ترشەکان بە ئاسانی بەردەستترین نەوت بوون بۆ ئەمریکا؛ لە کێڵگە نەوتییە ناوخۆییە کۆنەکانەوە و دواتر لە وڵاتانی دراوسێ، وەک ڤەنزوێلا، مەکسیک و کەنەدا.

لە بەشێکی گەورەی سەدەی ڕابردوو، کۆمپانیا گەورە نەوتییە ئەمریکییەکان ملیاران دۆلاریان لە پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلا وەبەرهێنا، کە یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی پاڵاوگە ئەمریکییەکان بە نەوتی قورس و ترشی کاراکاس پڕ بکرێن.

تەنها لە سەر تای ئەم  سەدەی ئێستادا تەکنیکە نوێکانی کون‌کردن و تێکشکانی هایدرۆلیک”Fracking” ، دەرفەتی دەرهێنانی بڕێکی زۆر لە نەوتی قەتیسماو لە بەردە نەوتییەکاندا ڕەخساند؛ ئەمەش بووە هۆی زیادبوونێکی زۆر لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نەوتی ئەم ریکا. ئەمە بە “شۆڕشی نەوتی بەردیی ئەمریکا” ناسراوە.

کەواتە بۆچی ئەمریکا پاڵاوگەی نوێی دروست نەکرد یان پاڵاوگەکانی ئێستای نەگۆڕی؟

دروستکردنی پاڵاوگەکان، بە تایبەتی ئەو پاڵاوگە زۆر ئاڵۆزانەی کە بۆ پرۆسەکردنی نەوتە قورسەکان تایبەت کراون، وەبەرهێنانێکی زۆری سەرمایەی دەوێت. گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەکانیاندا بە گشتی لە ڕووی داراییەوە هەڵبژاردەیەکی بەسوود نییە.

لەبەر ئەوە، پاراستنی ئەو جۆرە سەرەکییەی نەوت کە پاڵاوگەکان لە بنەڕەتدا بۆ پرۆسێسکردنی دروست کراوە، گرنگە بۆ ئەوەی پاڵاوگەکە بە ئاستی بەرزی کارایی و بەکارهێنان کار بکات. ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرنجی ئەمریکا بۆ نەوتی خاوی ڤەنزوێلا.

لە پاڵ ئەم هۆکارەشدا  هۆکارە جیۆسیاسییەکانیش هەن؛ ئیدارەی ترامپ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو و نزیکی دابینکردنەوەی دەوێت، دوای ئەوەی جەنگەکەی لەگەڵ ئێران وای کرد کە تاران دابینکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هۆرمزەوە بووەستێنێت؛ ئەو ڕێڕەوی ئاوییەی  کە لە کاتی ئاشتی‌دا پێنج یەکی ڕەوتی وزەی جیهانی بەناویدا تێدەپەڕی.

وەک لە سەرەوە باس کرا، ڤەنزوێلا بە درێژایی مێژوو دابینکەرێکی گەورەی نەوتی خاو بووە بۆ ئەمریکا. کەواتە ئەمە چۆن هەمووی گۆڕا؟

داینامیکی نەوت لە نێوان ڤەنزوێلا و ئەمریکا

ڤەنزوێلا تا سەرەتای سەدەی بیست‌ و یەکەم سەرچاوەیەکی سەرەکیی نەوتی خاوی ئەمریکا بوو،  کۆمپانیا نەوتییە گەورە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی زۆر کۆنترۆڵی ئەم بواریان لەوێ دەکرد. پاشان، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەم وڵاتە لاتینییە دەستی بە کەمبوونەوە کرد؛ ئەمەش لە ماوەیەکدا ڕوویدا کە دەوڵەت لە سەردەمی هۆگۆ چاڤێزدا کۆنترۆڵی زیاتری پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلای دەکرد. پرۆسەی نیشتمانیکردنی سامانەکان بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییە گەورەکان، وەک “ئێکسۆن مۆبیل” و “کۆنۆکۆ فیلیپس”، لە ساڵی ٢٠٠٧دا ڤەنزوێلا بەجێبهێڵن. لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو تووشی گەندەڵی و بەڕێوەبردنی خراپ بویەوە.

هەروەها ئەو ماوەیە شاهیدی خراپبوونی ژێرخانی نەوتی ڤەنزوێلا بووین ؛ ژێرخانێک کە بە دەست کەمی  وەبەرهێنان دەیناڵاند. پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاسی سۆسیالیست بە تێپەڕبوونی ساڵ زیاتر خراپ بوون. تا ساڵی ٢٠١٨، هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا گەیشتە نزیکەی چواریەکی بڕی لوتکەی کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠ ــ کە ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو، ئەو کاتەی ئەمریکا زیاتر لە نیوەی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلای وەردەگرت.

پاشان، لەگەڵ جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بەرامبەر ڤەنزوێلا لە ساڵی ٢٠١٩، دابینکردنی نەوت لە کاراکاس بە تەواوی وەستا. هەندێک بڕی نەوت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا دووبارە دەستی بە هەناردەکردن  کردەوە، دوای ئەوەی واشنتن مۆڵەتێکی تایبەتی بە کۆمپانیای گەورەی نەوتی ئەمریکی “شێڤرۆن” دا بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا و هاوردەکردنی بۆ ئەمریکا.

 ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبنەوە

سەرەڕای ئەوەی مەزندە دەکرێت ڤەنزوێلا پێنج یەکی یەدەگی سەلمێندراوی نەوتی جیهانی هەبێت، بەڵام کەمتر لە ١٪ی بەرهەمی جیهانی بەرهەم دەهێنێت. بەرهەمی نەوتی ڤەنزوێلا تەنها سێ یەکی بەرهەمی سەرەتای ئەم سەدەیە یە. سەرەڕای دیدگای زۆر ئەرێنیی ترامپ بۆ پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلا، زیادکردنی بەرهەم کارێکی ئاسان نابێت.

کۆمپانیای “ڕێستاد ئینەرژی”، کە کۆمپانیایەکی توێژینەوە و زانیاریی وزەیە و ناوەندی لە نەرویجە، لە مانگی کانوونی دووەمدا مەزەندەی کرد کە ئەگەر خولی نوێی وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٦ەوە دەستی پێ بکات، بەرهەمی نەوتی ڤەنزوێلا دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٤٠ بگەڕێتەوە بۆ ئاستی کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠. بۆ ئەوەی ئەم ڕوو بدات، دەبێت لە ماوەی ١٥ ساڵی داهاتوودا زیاتر لە ١٨٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکرێت.

لەگەڵ ئەوەی سزا ئەمریکییەکان بەرامبەر ڤەنزوێلا ڕەوتی نەوتی خاوی ڤەنزوێلایان لە بازاڕی نێودەوڵەتیی نەوتدا بە شێوەیەکی زۆر سنووردار کرد، ئاراستەی نەوتی  ئەو وڵاتە بەرەو چین گۆرڕا، چین ملیاران دۆلاری لە ڤەنزوێلا وەبەرهێناوە، لەوانەش بواری نەوت، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە کۆمپانیا گەورە نەوتییە ئەمریکییەکان بەجێیان هێشتووە. ڕووسیاش وەبەرهێنانی زۆری لە پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلا کردووە.

لێرەدا ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و کاراکاس دەبێتە بابەتێکی جیۆسیاسی؛ چونکە ئێستا ئاسۆی ئایندەی وەبەرهێنانی گەورەی چینی و ڕووسییەکان لە ڤەنزوێلا نادیارە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕاگەیاندنی ترامپ بۆ دەستگرتن بەسەر بواری نەوتی ڤەنزوێلا‌دا دەتوانرێت وەک هەوڵێک لەلایەن واشنتنەوە سەیر بکرێت بۆ نەهێشتنی یان سنوردارکردنی کاریگەریی چین و ڕووسیا لە کیشوەری ئەمریکا.

ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت دەستپێکی ئاراستەکردنەوەی ڤەنزوێلا بێت بەرەو ئەمریکا. بۆ چەندین دەیە، ڤەنزوێلا یەکێک بووە لە سەرسەختترین دوژمنانی واشنتن لە ئەمریکای لاتین، و پیشەسازییە نەوتییەکەی تێکەڵ بووە  لەگەڵ پەیوەندییەکانی بە چین و ڕووسیا و ڕکابەرانی دیکەی ئەمریکا.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.