ڕاستکردنەوەیەک لە وەزارەتی نەوتەوە: نرخەکانی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان وەک خۆیان دەمێننەوە

نرخی سوتەمەنی 2026-09-11 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەنگۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بڵاوبووەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاستیی بڕیارەکەی ڕوونکردەوە و جەختی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی سووتەمەنیی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا نەکراوە.

سەرەتای دەنگۆکان بەپێی نووسراوێکی دزەپێکراوی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بوو کە تێیدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخەکان کرابوو، بەشێوەیەک نرخی گازۆیل و نەوتی سپی بۆ ١,٠٠٠ دینار، بەنزینی ئاسایی بۆ ٧٥٠ دینار، بەنزینی موحەسەن بۆ ١,٠٠٠ دینار و بەنزینی سوپەر بۆ ١,٢٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک بەرزکرابوونەوە.

لە وەڵامی ئەم دەنگۆیانەدا، وەزارەتی نەوت لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە گرانبوونی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دەکەن.

وەزارەت ڕوونی کردەوە کە ئەو نرخە دەستکاریکراوانەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتوون تەنها تایبەتن بە دامەزراوە حکومییەکان و هەندێک لە کەرتە فەرمییەکان و هاووڵاتییان ناگرێتەوە، هەروەها فرۆشتنی سووتەمەنی بە هاووڵاتییان بە هەمان نرخە پاڵپشتیکراوەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت و سەرجەم وێستگەکانیش بەردەوامن لە دابینکردنی بەنزین، گازۆیل و گازی شل بەپێی نرخی فەرمیی جێگیر و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک.

 هاوکات وەزارەت داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات پشت بە زانیارییە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و دوای هەواڵ و بڵاوکراوە ناڕاستەکان نەکەون کە دەبنە هۆی دروستبوونی شڵەژان و دڵەڕاوکێ.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.