هاوکێشەی نوێی ئاسایشی وزە؛ بۆچی سعودیە بەتەنها ڕووبەڕووی حوسییەکان نابێتەوە؟

ئاسایشی وزە 2026-09-12 لە لایەن روونبیین
بیروڕا

   

یادگار سدیق گەڵاڵی

دەستپێکی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئاسایشی وزە لە ناوچەکەدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە شانشینی عەرەبی سعودیە هەست بە مەترسییەکی قووڵ دەکات بەرامبەر لاوازیی ژێرخانی وزەکەی لەبەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکاندا. سعودیە باش دەزانێت کە دامودەزگا و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، بەندەرەکانی هەناردەکردن و سەرچاوەکانی وزەی، خاڵی لاوازی ستراتیژیی ئەون و پاراستنیان بەتەنها کارێکی ئاسان نییە. لەبەر ئەم هۆکارە، ڕیاز ناخوازێت بەتەنیا بچێتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و درێژخایەن لەگەڵ حوسییەکاندا؛ هەر ئەم مەترسی و بێتواناییە بەدیاریکراوی لە پاراستنی سەربەخۆیانەی ئاسایشی وزەدا بووە هۆی ئەوەی شازادەی جێنشینی سعودیە دوو جار پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بکات، تاوەکو واشنتۆن ڕاستەوخۆ بێنێتە ناو هاوکێشەی بەرگرییەکە و هاوبەشیی ئاسایشی دەریایی و ئاسمانیی ناوچەکە بکات.

ئەم ترسەی سعودیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە گەشە و پێشهاتە نوێکانی ڕۆژئاوای یەمەن و باب‌المەندەب، قەیرانی ئاسایشی وزەی ناوچەکەیان خستووەتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە. فراوانبوونی نفووزی حوسییەکان لەسەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن و گەیشتنیان بە شوێنە ستراتیژییەکان لە نزیک باب‌المەندەب (لەوانە دوورگەی میون)، تەنها پێشهاتێکی سەربازی لە ناوخۆی یەمەندا نییە؛ بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و کەناڵی سوێسەوە دەبەستێتەوە. گرنگیی ئەم پێشهاتە لەوەشدا بەرجەستە دەبێت کە باب‌المەندەب لە بەرامبەر گەرووی هورموزدا هەڵکەوتووە؛ ئەو گەرووەی کە خۆیشی بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی جەنگی ئیقلیمی و بەڕێوەبردنی فشارەکان.

مەترسییەکە کاتێک قووڵتر دەبێتەوە کە ئاستەنگەکانی گەرووی هورموز، لە ڕووی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزە، زیاد لە شەش مانگ پێش قەیرانی باب‌المەندەب سەریان هەڵدا؛ چونکە پەککەوتنی کەشتیوانی لە هورموز، بەشێکی گەورە لە هەناردەی نەوت و گازی کەنداوی فارسی خستە مەترسییەوە و ڕایگرتن. لەم چوارچێوەیەدا، باب‌المەندەب بۆ سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو چەند هێندە گرنگییەکەی زیاتر بووە، چونکە بەشێکە لە ڕێڕەوە جێگرەوەکانی گواستنەوەی وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. بەم پێیە، تێکچوونی  ئاسایشی هەردوو گەرووەکە لە یەک کاتدا، قەیرانەکە لە ئاڵۆزییەکی ناوچەیییەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی نێودەوڵەتیی گشتگیرتر لە ئاسایشی وزە و گواستنەوەی دەریاییدا.

لە ناوەندی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، سعودیە پشت بە هێڵی بۆری ڕۆژهەڵات–ڕۆژئاوا دەبەستێت کە نەوت لە ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە بۆ بەندەرەکانی دەریای سوور دەگوازێتەوە، تاوەکو بەشێک لە نەوتەکەی بەبێ تێپەڕبوون بە هورموزدا هەناردە بکات. ئەم هێڵە بڕبڕەی پشتی ستراتیژیی جێگرەوەی ڕیازە، چونکە بەپێی هەڵسەنگاندنی چاودێرانی کەشتیوانی، ڕێژەی پەمپکردنی نەوتی تێیدا لە مانگەکانی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٤–٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەڵام کاتێک هێرشێکی درۆنی لە ١٠ی ئەیلولدا کە سەرچاوەکەی عێراق بووە ئەم هێڵەی کردە ئامانج و  بەکارهێنانی بۆ ماوەیەک وەستا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر ئاشکرا بوو: سەرکەوتنی ئەم ڕێگا جێگرەوەیەش دیسانەوە بەستراوەتەوە بە ئاسایشی دەریای سوور و باب‌المەندەبەوە. بەم شێوەیە زنجیرەیەکی بەپەیوەست لە مەترسی دروست دەبێت—هورموز ڕێگای دەریایی کەنداو پەک دەخات، هێڵی ڕۆژهەڵات–ڕۆژئاوا وەک بەدیلی وشکانی دەکەوێتە ژێر هەڕەشە، و باب‌المەندەبیش ڕێڕەوی دەریایی ئەم رێگە جێگرەوەیە ئاڵۆزتر دەکات.

ئەم فرەچەشنکردنەی بەرەکانی مەترسی بەبێ هاوکێشە ئیقلیمییەکان تێپەڕ نابێت. لە لایەکەوە، بوونی حوسییەکان لە یەمەن و توانای فشارخستنە سەر باب‌المەندەب، کارتێکی ستراتیژیی زیادە دەداتە ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. بەڵام لە ڕووی شیکارییەوە، وردترە حوسییەکان ئێستا وەک ئەکتەرێک ببینرێن کە خاوەنی ئەجێندا و توانای بڕیاردانی سەربەخۆی خۆیانن و پەیوەندییان لەگەڵ تاران لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی ناوچەییدایە، نەک وەرگرتنی فەرمانی ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە.

لە لایەکی ترەوە، تێوەگلانی عێراق بەهۆی بەکارهێنانی خاکەکەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ ئامانجگرتنی هێڵەکانی وزەی سعودیە، بازنەی ململانێکەی بەرفراوانتر کردووە و بەغداشی هێناوەتە ناو هاوکێشە ئەمنییەکەوە. ئەم پێشهاتە، کابینەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی خستووەتە بارودۆخێکی زۆر سەخت و پڕ فشارەوە؛ چونکە لە لایەکەوە واشنتۆن گوشاری توند دەکات بۆ چەککردنی ئەو گرووپانە، و لە لایەکی ترەوە تاران هەوڵی پاراستنی ڕۆڵ و پێگەی هاوپەیمانەکانی لە عێراقدا دەدات و بەردەوام بەکاریان دەهێنێت، چ بۆ ناوخۆی عێراق یان هێرشکردنە سەر دراوسێکان. لەم نێوەندەدا، بەردەوامی و گەورەتربوونی ئەم هێرشانە وڵاتەکە ڕووبەڕووی  مەترسی سزای ئابووری و لێدانی سەربازیی ڕاستەوخۆ دەکاتەوە؛ دۆخێک کە دەسەڵاتی زەیدی لە نێوان سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت و خۆپاراستن لە داڕمانی ناوخۆییدا خستووەتە داوێکی ستراتیژیی ئاڵۆزەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانەی عێراق و دەریای سووردا، دروستبوون و تۆکمەبوونی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی نێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان (پەیماننامەی بەرگریی مەککە)، ڕەهەندێکی بەرگریی نوێی داوەتە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە. ئەم بڵۆکە نوێیە کە وەک بەرەیەکی سەربازی و ئاسایشیی کارا لە نێوان سێ جەمسەری سەرەکیی جیهانی سوننیدا دەردەکەوێت، تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی ترسی هاوبەشی ئەو وڵاتانەیە لە تەشەنەسەندنی مەترسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیا شیعییەکان. بەوپێیەی ئەم هاوپەیمانییە توانای تەکنەلۆجیی بەرگریی تورکیا، توانا و هێزی چەکداری پاکستان، و سەرمایە و شوێنی ئابووری-دینیی سعودیە کۆدەکاتەوە، ئامانج لێی دروستکردنی هاوسەنگییەکی سەربازیی نوێیە لە ناوچەکەدا. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم ڕێكکەوتنە سێقۆڵییە ئاماژەیەکی ڕوونیشە بۆ دڵنیا نەبوونی سعودیە لە چەتری بەرگریی درێژخایەنی ئەمریکا؛ بەوەش ڕیاز هەوڵ دەدات سەربەخۆیی ئاسایشیی خۆی بپارێزێت و بە پشتبەستن بەم جەمسەرە سونییە، بەرپەرچی هەڕەشەی درۆن و مووشەکەکانی حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق بداتەوە.

لە کۆتاییدا و لەبەر رۆشنایی ئەم پێشهاتانە، کێشەی سەرەکی تەنها لە باب‌المەندەب یان هورموزدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو  ئەگەری پەککەوتنی  چەندین زنجیرەی سەرەکیی وزەی لیدەکرێت: بەرهەمهێنان، هێڵەکانی بۆری، بەندەرەکان و ڕێڕەوە دەریاییەکان.

 ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، توانای سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو بۆ بەکارهێنانی ڕێگە جێگرەوەکان گرانتر و سنووردارتر دەبێت، کرێی گواستنەوە و بیمە هەڵدەکشێت و فشارێکی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر نرخەکانی نەوتی جیهانی. بەم پێیە، پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای یەمەن نەک قەیرانێکی ناوچەیی، بەڵکو گۆڕانکارییەکی مەترسیدارن لە نەخشەی ئاسایشی وزەی جیهانیدا، کە تێیدا دەکرێت ململانێکان لە ئامانجگرتنی سەربازییەوە بۆ پەکخستنی ژێرخانی ئابووری و بازرگانیی نێودەوڵەتی بگوازرێنەوە.