قەیرانی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان: شیکاریی ئابووری و جیوپۆلەتیکی هۆکارەکانی کەمیی بڕ و گرانیی نرخی نەوتی سپیی ماڵان، و ستراتیجییەکانی چارەسەرکردنی بەردەوام
روونبين
نووسینی: دکتۆر بێستون محمد، دکتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی سروشتی
- پێشەکی و چوارچێوەی گشتی
1.1. پاشخانی بابەتەکە
سووتەمەنیی نەوتی سپی (Kerosene) لە هەرێمی کوردستاندا تەنها بەرهەمێکی ئاسایی بەرهەمهاتوو نییە لە نەوتی خاوەوە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتیی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تەندروستی گشتی و بژێویی خێزانەکانە لە وەرزی زستاندا. بەرزیی تۆپۆگرافیای بەشێك لە ناوچەکانی هەرێمی كوردستان، کە بەشێکی زۆری ناوچە سنوورییەكانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەگرێتەوە، وایکردووە پلەکانی گەرما لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانونی دووەم و شوباتدا بۆ ژێر پلەی سفیری سەدی داببەزن.
بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق کە لە 20-10-2024 ئەنجامدرا و لەلایەن وەزارەتی پلان دانانی عێراق لە 26-11-2025 ڕاگەیەندرا، کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (6,519,129) کەس کە 14.13%ی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت بە کۆی (46,118,793) کەس. بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرژمێرییەکە، (1,379,163) خێزان لە هەرێمدا دەژین کە تێکڕای قەبارەی یەك خێزان بریتییە لە (4.6) کەس.
نەبوونی تۆڕی نیشتمانیی ڕاکێشانی غازی سروشتی بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون، لەگەڵ گرانی نرخی کارەبای نیشتمانی، بارگرانییەکانی گەرمكدنەوەی لە وەرزی زستاندا بە تەواوی خستووەتە سەر نەوتی سپی وەک تەنها سەرچاوەی گەرمکردنەوەی ماڵان.
2.1. کێشەی توێژینەوە
دژبەری لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە، کە سەرەڕای بوونی چەند پاڵاوگەیەكی فەرمی و گەورە كە تەنها (4) پاڵاوگەیان ( كەڵەك/كار، لاناز، بازیان و تاوكێ) خاوەنی توانستی دیزاینکراوی پاڵاوتنی (256,000) بەرمیل/ڕۆژ لە نەوتی خاون، بازار لە وەرزی هاوین و پاشان زستاندا تووشی کەمیی بەرچاو و هەڵکشانی بێ پێوانەی نرخ دەبێتەوە.
لە ئابی 2026دا، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە لووتکەدا بوون، نرخ لە بازاڕی ئازاد و بورسەی سووتەمەنیدا بە شێوەیەکی بێ پێشینە بازدانی بەخۆیەوە بینی:
- ساڵی: 2024 نرخ لە نێوان 150,000 بۆ 190,000 دینار بوو.
- ساڵی: 2025 نرخ لە ئابدا 110,000 دینار بوو، لە ئەیلولدا بووە 140,000 دینار، و لە تشرینی یەکەمدا گەیشتە 180,000 دینار لە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە (27-09-2025).
- ساڵی:2026 لە ئابدا نرخی بەرمیلێک کە یەکسانە بە (200) لیتر بەربەستی (250,000) تا (280,000) دیناری بڕی.
ئەم گۆرانكارییانە، بەرزبونەوەی لە 95% تا 154% لە نرخدا نیشان دەدەن لە چوارچێوەی 12 بۆ24 مانگدا، کە فشاری بێوێنە دەخاتە سەر داهاتی خێزانەکان.
3.1. . پرسیارەکانی توێژینەوە
ئەم توێژینەوەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بنەڕەتییانە دەداتەوە:
- هۆکارە پێکهاتەیی، جیوپۆلەتیکی و داراییەکانی دروستبوونی ئەم قەیرانە لە ساڵی 2026دا چیین؟
- تێکڕای خواستی بەکارهێنانی نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێم بەپێی سەرژمێریی 2024 و جیاکاریی شار/لادێ چەندە؟
- بۆچی ژێرخانی پاڵاوتنی ناوخۆیی کە توانستی بەرهەمهێنانی (5) ملیۆن لیتر نەوتی سپیی هەیە ناتوانێت (317,207,400) ملیۆن لیتر پێداویستیی ماڵان دابین بکات؟
- چی بکڕێت تا سەقامگیری بۆ زنجیرەی دابینکردن بگەڕێندرێتەوە؟
4.1. میتۆدۆلۆجی
توێژینەوەکە ڕێبازی شیکاریی چەندایەتی و ئابووریی بەراوردکاری (Comparative Economic Analysis) پەیڕەو دەکات. داتاکان لەم سەرچاوە فەرمییانەوە دەستنیشان و پێوەر کراون:
- داتاکانی سەرژمێریی گشتیی وەزارەتی پلان دانانی عێراق (2024/2025).
- ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (Deloitte Reports) بۆ وردبینیی نەوتی هەرێم (بەتایبەت ڕاپۆرتی Q1 2022).
- داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان (KRG Ministry of Natural Resources) و وەزارەتی نەوتی عێراق.
- شیکاریی میدیایی و بەیاننامەکانی بورسەی هەولێر و ڕاپۆرتە بنکۆڵکارییەکانی درەو میدیا و پەرەگراف و تۆڕی میدیایی ڕووداو.
تێبینیی ئاماری: لە کاتێکدا لە ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانییەکاندا تێکڕای قەبارەی خێزان بە 4.6 کەس ئاماژەی پێکراوە، بەڵام لەم توێژینەوەیەدا بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بیرکاری لە نێوان کۆی دانیشتووان (6,519,129 کەس) و کۆی گشتیی خێزانە تۆمارکراوەکانی سەرژمێریی ٢٠٢٤ (1,379,163 خێزان)، تێکڕای قەبارەی خێزانی ڕاستەقینە بە 4.726 کەس بۆ هەر خێزانێک وەرگیراوە. ئەمەش ڕێگە دەدات ژمارەی خێزانەکان لە سەرجەم خشتە و شیکارییەکانی پێداویستیی سووتەمەنیدا سەدا سەد لەگەڵ داتای فەرمیی فیدراڵی یەکانگیر بێت.
- شیکاری دیموگرافی، ئاستی شارنشینی و پێداویستیی سووتەمەنی
1.2. داتاکانی سەرژمێریی 2024 و هەڵسەنگاندنی خێزان
بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی 2024، ئاستی شارنشینی (Urbanization) لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 85%، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراق 68% ە. ئەم چڕییە شارنشینییە لەگەڵ پارچەبوونی جوگرافیایی ناوچە شاخاوییەکان، نەخشەی بەکارهێنانی وزە دەستنیشان دەکات.
بنواڕە بۆ خشتەی دابەشبوونی دانیشتووان، خێزان و ئاستی شار و لادێ:
خشتەی (1): دابەشبوونی دانیشتووان، خێزان، شار و لادێ لە هەرێمی کوردستان (سەرژمێریی 2024)

2.2. پشکنینی پێداویستیی ڕاستەقینەی نەوتی سپی بەپێی شوێن و گەشەی دانیشتووان
پێداویستیی خێزان بەپێی ناوچەی جوگرافیا جیاوازە:
- ناوچە شارنشین: تێکڕای بەکارهێنانی ساڵانەی خێزانێک بریتییە لە1 بەرمیل (200) لیتر لەبەر بەکارهێنانی لاوەکیی کارەبا یان غاز.
- ناوچە لادێیی و شاخاوییەکان: تێکڕای بەکارهێنانی ساڵانەی خێزانێک بریتییە لە 2 بەرمیل (400) لیتر بەهۆی سەرما و درێژبوونی وەرزی زستان.
بۆ هەژمارکردنی وردی کۆی خواستی ساڵانە لە سەرانسەری هەرێم:
- خێزانەکانی شار (85%):
1,379,163 * 0.85 = 1,172,289
1,172,289 * 200 لیتر نەوتی سپی/ ماڵان 234,457,800=
- خێزانەکانی لادێ (15%):
1,379,163 *0.15 = 206,874
206,874 * 400 = لیتر نەوتی سپی/ ماڵان 82,749,600
- کۆی خواستی بنەڕەتیی ماڵان:
234,457,800 + 82,749,600 = 317,207,400 لیتر نەوتی سپی/ ماڵان
- كۆی گشتی لە پێداویستی كۆی خێزانەكانی هەرێمی كوردستان = 1,586,037 بەرمیل/ ساڵ.
ئەگەر حکومەتی هەرێم بەپێی کەمترین ستاندارد تەنها 1 بەرمیل (200) لیتر بۆ هەر خێزانێک هەژمار بکات، کەمترین بڕی پێویست لە ساڵێکدا بریتییە لە (275,832,600 لیتر) كە یەكسانە بە (1.37 ملیۆن بەرمیل). ئەم داتایە ڕوونیدەکاتەوە، بەراورد بە داتاکانی ساڵی (2021) کە پێداویستی بە (240.2 ملیۆن لیتر خەمڵێندرابوو)، خواست بە ڕێژەی 14.8% زیادی کردووە.
خشتەی (2): هەڵسەنگاندنی پێداویستیی سووتەمەنیی ماڵان بەپێی پارێزگاکان (داتای 2025-2026 )
وەكو ئەوەی كە لە خشتەی ژمارە (1)دا دەركەوتووە پێداویستیی ساڵانەی نەوتی سپی بۆ ماڵان لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئامارەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 دیاریكراوە، بەپێی پێدراوەكانی سەرژمێریی فەرمیی ساڵی 2024، کۆی دانیشتووانی هەرێم بەرزبووەتەوە بۆ 6,519,129 کەس، کە وادەکات کۆی ژمارەی خێزانەکان بگاتە 1,379,163 خێزان. لەم ژمارەیە، 1,170,372 خێزانی شارنشینن، پێویستیان بە 234,074,400 لیتر نەوت هەیە و 208,791 خێزانی لادێ نشینن پێویستیان بە 83,516,400 لیتر هەیە. بە کۆی گشتی، خواستی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 317,590,800 لیتر، بە تێكڕا 1,587,954 بەرمیلی 200 لیتری یان 1,997,552 بەرمیلی ستانداری 159 لیتری.
دابەشبوونی جوگرافیی ئەم پێداویستییە لەسەر ئاستی پارێزگاکان بۆ ساڵی 2024 نیشانی دەدات کە پارێزگای هەولێر بە بوونی 532,670 خێزان (447,443 شار + 85,227 لادێ) بەرزترین خواستی هەیە کە 123,579,400 لیترە (ڕێژەی 38.62%ی کۆی هەرێم). بەدوای ئەویشدا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە کۆی 508,165 خێزان (452,267 شار + 55,898 لادێ) پێویستیان بە 112,812,600 لیتر هەیە (ڕێژەی 36.84%). پارێزگای دهۆکیش بە بوونی 338,328 خێزان (270,662 شار + 67,666 لادێ) پێویستی بە 81,198,800 لیتر نەوتی سپی هەیە (ڕێژەی 24.54%).
پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت بەپێی پێوەری فەرمیی و جوگرافیای سروشتی كوردستان بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی ئەم ژمارانە جێگیر كراون، بڕی 200 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێکی نیشتەجێی ناوچە شارییەکان (Urban) و بڕی 400 لیتر بۆ هەر خێزانێکی ناوچە گوندی و لادێییەکان (Rural) تەرخان دەکرێت. تێکڕای قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان بە 4.726 کەس بۆ هەر خێزانێک دیاری کراوە، هەروەها ڕێژەی دابەشبوونی دانیشتووان بە شێوەی 85% لە شارەکان و 15% لە لادێکاندا ئەژمار کراوە.
بە ئامانجی تێگەیشتن لە گۆڕانكارییەكان و گەشەكردنی ژمارەی دانیشتوان و زیادبوونی پێداویستی سوتەمەنی، ئەم توێژینەوەیە داتای بەراوردكاری بەكارهێناوە، چەند داتایەكی ساڵی 2021 خراونەتە ڕوو، لە ساڵی 2021دا، کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نێزیکەی 6,171,083 کەس بووە کە دەکاتە 1,305,773 خێزان. لەم ژمارەیە، 1,107,907 خێزانیان لە ناوچە شارییەکاندا بوون و پێداویستیی ساڵانەیان دەکردە 221,581,400 لیتر؛ لە بەرامبەردا 197,866 خێزانی لادێیی پێویستیان بە 79,146,400 لیتر بووە. بەمهۆیەوە، کۆی خواستی ساڵانەی هەرێم لە ساڵی 2021دا بریتی بووە لە 300,727,800 لیتر، تێكرا 1,503,639 بەرمیلی 200 لیتری.
ئەم بەراوردکارییە دەریخستووە کە لە نێوان ساڵانی 2021 تا 2024، ژمارەی خێزانەکان بە بڕی 73,390 خێزانی نوێ گەشەی کردووە (ڕێژەی گەشەی +5.62%). ئەم بەرزبوونەوەیەی دانیشتووان بووەتە هۆی زیادبوونی خواستی ساڵانەی سووتەمەنی بە بڕی 16,863,000 لیتر، تێكڕا +84,315 بەرمیلی 200لیتری، بە ڕێژەی گەشەی +5.62%. لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پاڵاوگەکان بە نەگۆڕی لە دەوروبەری 446,400,000 لیتر ماوەتەوە، ئەم گەشەی خواستە کەلێنی دابینکردن و کوڕتیهێنانی لە -256,327,800 لیتر لە ساڵی 2021دا فراوانتر کردووە بۆ -273,190,800 لیتر لە ساڵی 2024دا، کە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیاتر بوونی پشتبەستنی هەرێم بە هاوردەکردنی دەرەکی.
- هۆکارەکانی قەیرانی کەمیی بڕ و گرانیی نرخی نەوتی سپی
1.3. هۆکارە سیاسی و جیوپۆلەتیکییەکان
.Aبڕینی نەوت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە پاڵاوگەی بێجی:
بەپێی لێدوانی (نەسرەت زەنگەنە( گوتەبێژی ئەنجومەنی بورسەی سووتەمەنیی هەولێر، لە ساڵی 2025دا رۆژانە (3,600,000 لیتر) سووتەمەنی (نەوتی سپی، بەنزین و دیزل) لە باشووری عێراق و پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەددینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا.
لە ساڵی 2026دا، بەهۆی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لەسەر دۆسیەی (عەدنان جومەیلی) بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق و ئاڵۆزبوونی ململانێ ئیدارییەکانی بەغدا و هەولێر، ئەم هاوردەیە بە تەواوی ڕاوەستا. ئەمەش شوکێکی گەورەی خستنەڕووی لە بورسەی هەولێر و سلێمانی دروستکرد.
.Bپەککەوتنی ڕێککەوتنی ٥٠ هەزار بەرمیلەکەی ڕۆژانە:
لە 23-04-2026دا، پەرلەمانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان (هیبەت ئەلحەلبووسی) و بەپێی داواکاریی فەرمیی پەرلەمانتارێك كە داواكاری پێشكەشكردبوو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دامەزراند.
ناوەرۆکی لیژنەكە بۆ کێشەیەک بوو كە بریتی بوو لەوەی بەپێی ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر، دەبوو ڕۆژانە (50,000 بەرمیل نەوتی خاو (كە دەكاتە (7,950,000 لیتر)، بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی ڕادەستی هەرێم بکرێت. بەپێی فۆڕمۆلەی پاڵاوتن، دابەشبوونی بەرهەمەکان بەم شێوەیە دیاریکرابوو:
- بەنزین (Gasoline – 45%): 3,557,500 لیتر/ڕۆژ.
- نەوتی سپی (Kerosene – 30%): 2,385,000 لیتر/ڕۆژ.
- بەرهەمەکانی تر (Other Derivatives – 25%): 2,007,500 لیتر/ڕۆژ.
تێبینی: ئەو دابەشكارییە بە ڕیژەی سەدی بۆ نەوتی سپی لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكاندا یەكناگرێتەوە، بۆیە لەم شیكارییەدا 9% لە بەرهەمهێنانی نەوتی سپی دانراوە لە بەرمیلێك نەوتی خاو.
بەپێی یاسا فیدراڵییەکان، دەبوو ئەم نەوتە سپییە بە نرخی پاڵپشتیکراوی فەرمی ( 31,500دینار) بۆ بەرمیلێک) بدرێتە هاووڵاتییان. بەڵام ئەم نەوتە لە ڕێگەی بازرگانانەوە ڕەوانەی بازاڕی ئازاد کراوە و بە نرخی بازرگانی فرۆشراوە، هەرچەندە بەشێكی كەمی بە كۆبوون دابەشی سەر بەشێك لە خێزانەكان كراوە بە (000,110) دینار.
.C ڕاگرتن و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت:
لە 27-09-2025، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان دەستی پێكردەوە، ئەمە دوای ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو بۆ زیاتر لە 2 ساڵ و 6 مانگ، كاتێك هەناردەكردن وەستا لە 25-03-2023وە تا ئەیلوولی 2025 بەهۆی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی ناوبژیوانی پاریس. هەناردەکردنەکە دەستی پێکردەوە بەپێی ڕێککەوتننامەیەك لە بەرواری 25-09-2025 لە نێوان حکومەتی هەرێم، حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیا بیانییەکان.
دوای دەستپێکردنەوەی هەناردە، بەشێکی گەورەی نەوتی خاوی کێڵگە ناوخۆییەکان ئاڕاستەی بۆرییەکانی هەناردەکران، ئەمەش دابینکردنی نەوتی خاوی بۆ پاڵاوگە فەرمییەکانی هەرێم کەمکردەوە و کورتهێنانی زیاتری لە سووتەمەنی ناوخۆیی دروستکرد.
2.3. هۆکارە ئابووری و داراییەکان
.A هەڵکشانی نرخەکان لە بازاڕی ئازاددا:
بەهۆی ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەیتوانی بەشە نەوتی پاڵپشتیکراو دابەش بکات (کە ساڵانی پێشوو بە 45,000، 105,000 دینار دابەش دەکرا)، هاووڵاتییان بۆ دەستكەوتنی سوتەمەنی روویان لە بازاڕی ئازاد كرد.
شیکاریی نرخەکان لە مانگی ئابی 2026 بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەپێی داتای میدیایی و کاسبکاران بەم شێوەیەیە:
- ئابی 2024: 190,000 – 150,000 دینار/بەرمیل.
- ئابی 2025: 140,000 – 110,000 دینار/بەرمیل.
- تشرینی یەکەمی 2025: 180,000 دینار/بەرمیل (دوای هەناردەکردنەوە).
- ئابی 2026: 280,000 – 250,000 دینار/بەرمیل.
ئەم بەرزبوونەوەیە گوشارێکی ئابووریی توند دەخاتە سەر خێزانەکان، بەتایبەت لە سایەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.
.Bتێچووی سوتەمەنی خێزانێك لە وەرزی زستاندا:
بەپێی ڕاگەیەندراوی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی، دابەشکردنی حکومی لە ساڵی 2026دا پاشەکشەی کردووە بۆ مانگی 10، ئەمەش هاووڵاتییانی ناچار کرد لە هاویندا بڕی پێویست بە نرخی گران بکڕن.
تێچووی گەرمکردنەوەی خێزانێک:
- خێزانێک لە شار (2 بەرمیل لە بازاڕی ئازاد):
2 * 280,000 = 560,000 IQD (دیناری عێراقی)
- خێزانێک لە لادێ/ناوچەی شاخاوی (3 بەرمیل):
3 * 280,000 = 840,000 IQD (دیناری عێراقی)
ئەم بڕە بەرامبەرە بە زیاتر لە 80% تا 120%ی تێکڕای مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی پلە ناوەند لە هەرێمی کوردستان.
3.3. هۆکارە تەکنیکی و ژێرخانییەکان
لە هەرێمی کوردستاندا 4 پاڵاوگەی فەرمی هەن کە خاوەنی توانای بەرزی پاڵاوتنی نەوتی خاون:
- پاڵاوگەی کار (کەڵەک/کەورگۆسک): هەولێر، کۆمپانیای KAR Group، توانستی دیزاینکراو: 110,000 بەرمیل/ڕۆژ؛ کارکردنی کردەیی 50,000 بەرمیل/ڕۆژ.
- پاڵاوگەی بازیان: لە نزیك شاری سلێمانییە، خاوەندارییەكەی کۆمپانیای قەیوانە Qaiwan Group ، توانستی پاڵاوتن 40,000 بەرمیل/ڕۆژ.
- پاڵاوگەی لاناز: لە نزیك شاری هەولێرە، توانستی دیزاینکراو: 100,000 بەرمیل/ڕۆژ؛ کارکردنی کردەیی: 30,000 بەرمیل/ڕۆژ 30%ی توانستی خراوەتە كار.
- پاڵاوگەی تاوکێ: لە نزیك شاری دهۆک، کۆمپانیای DNOی نەرویجی خاوەندارێتی دەكات، توانستی پاڵاوتن 6,000 بەرمیل/ڕۆژ.
خشتەی (3): توانستی پاڵاوگە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و توانای بەرهەمهێنانی نەوتی سپی
خشتەی (3) بریتییە لە شیکارییەک بۆ توانستی پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوتی سپی (Kerosene) لە چوار پاڵاوگە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان (کار، بازیان، لاناز، و تاوکێ). لەسەر بنەمای تێکڕای دابینکردنی بڕی 126,000 بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە (bpd) بۆ پاڵاوتن، کۆی بڕی نەوتی خاوی پاڵێوراوی ساڵانە دەگاتە 7,308,832,410 لیتر. بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی پیشەسازیی پالاوتنی نەوتی خاو، %9ی بەرمیلێک نەوتی خاو لە دوای پاڵاوتن ئەو ڕێژە نەوتە سپییەی لێ بەرهەم دێت و ئەم ڕێژەیە ستانداردی جیهانییە. بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێژە دەرهێنانە لەسەر بڕی نەوتی خاوی دابینکراو، کۆی گشتی توانستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 658,063,116 لیتر. لەم نێوەندەدا، پاڵاوگەی کار بە دابینکردنی 50,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزترین توانستی بەرهەمهێنانی هەیە کە 261,136,157 لیتر نەوتی سپی ساڵانەیە، و لە دوای ئەویش پاڵاوگەی بازیان بە 208,908,926 لیتر، پاڵاوگەی لاناز بە 156,681,694 لیتر، و پاڵاوگەی تاوکێ بە 31,336,339 لیتر دێن. ئەم ئامارانە ئاستی توانای واقعی پاڵاوگەکان بۆ دابینکردنی پێداویستیی سووتەمەنی ناوخۆیی ئاشکرا دەکەن.
بەڵام، بەپێ ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق فیدراڵ لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، تەنها بڕی 50,000 بەرمیل نەوتی خاو ڕۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆ دابینكراوە، لە خشتەكەی خوارەوەداشیكارییەكی بەراوردکاری بڕی نەوتی سپیی بەرهەمهاتوو لەگەڵ خواستی بنەڕەتیی ماڵانی هەرێمی کوردستان (317,207,400 لیتر / 1,586,037 بەرمیل)، لە هەردوو حاڵەتی دابینکردنی 50,000 بەرمیل و 126,000 بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە بۆ پاڵاوتن كراوە.
خشتەی(4) بەراوردکاری بەرهەمهێنان، خواستی ناوخۆ، و کوڕتهێنان / زیادە
خشتەی ژمارە (4) ئامادەكراوە لەسەر بنەمای هەژمارکردنی خواستی بنەڕەتیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نەوتی سپی کە ساڵانە 317,207,400 لیترە (هاوتا لەگەڵ1,586,037 بەرمیل)، ئاستی پڕکردنەوەی ئەم خواستە بەپێی بڕی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ پاڵاوگەکان دەگۆڕێت.
لە حاڵەتی یەکەمدا، ئەگەر تەنها 50,000 بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە (واتە 18,250,000 بەرمیل لە ساڵێکدا) تەرخان بکرێت، بەپێی ڕێژەی ستانداردی %9ی دەرهێنان، تەنها 261,136,640 لیتر، كە دەكاتە 1,642,500 بەرمیل نەوتی سپی بەر بەرهەم دێت. لەم بارەدا، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وەڵامی تەواوی خواستە ناداتەوە و کورت هێنان بە بڕی 56,070,760 لیتر، كە دەكاتە 356,463 بەرمیلتۆمار دەکرێت، کە یەکسانە بە کورتهێنانی ڕێژەی %17.68 لە دابینکردنی پێداویستیی ماڵان.
بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا، کاتێک بڕی نەوتی خاوی دابینکراو بۆ پاڵاوتن بەرز دەکرێتەوە بۆ 126,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا (واتە 45,990,000 بەرمیل لە ساڵێکدا)، بڕی بەرهەمی ساڵانەی نەوتی سپی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەكات بۆ658,064,333 لیتر، كە دەكاتە 4,139,100 بەرمیل. لەم حاڵەتەدا نەک هەر کورت هێنانی پێشوو بەتەواوی پڕ دەکرێتەوە، بەڵکو زیادە بە بڕی 340,856,933 لیتر، كە دەكاتە 2,553,063 بەرمیل دەهێنێتە ئاراوە کە زیاتر لە دوو ئەوەندەی خواستی سەرەکیی خێزانەکانە. ئەم بڕە زیادەیە دەکرێت بۆ عەمبارکردنی ستراتیژی، دابینکردنی پێداویستیی کەرتە ئابووری و پیشەسازییەکانی تر، یان بەکارهێنانی ئابووریی ناوخۆیی ڕێکبخرێتەوە.
- ئاسەوار و کاریگەرییە هەمەلایەنەکانی قەیرانەکە
1.4. کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی:
- دابەزینی ئاستی گوزەران: گرانبوونی نەوتی سپی بارگرانی لەسەر بودجەی خێزانە کەمدەرامەتەکان زیاد دەکات.
- دیاردەی قۆرخکاری لە بورسەدا: کەمیی خستنەڕو وایکردووە بازاڕەكان بەبێ چاودێری بمێننەوە و بازرگانان نرخەکان دەستکاری بکەن.
2.4. کاریگەریی ژینگەیی و تەندروستی
- تێکدانی دارستانە سروشتییەکان: نەبوونی سووتەمەنی و گرانبوونی بەرمیلی نەوت بۆ 280,000 دینار، خەڵکی گوندەکان و ناوچە شاخاوییەکان ناچار دەکات ڕوو لە بڕینەوەی بەرفراوانی دارستانەکان بکەن.
- کێشەی تەندروستی: بەکارهێنانی داری تەڕ یان سووتەمەنیی پلە دوو لە زستاندا، تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان زیاد دەکات.
- میکانیزم و ستراتیجییەکانی چارەسەرکردن
1.5. چارەسەری کورتخایەن (مەودای 1 تا 6 مانگ)
- مانەوەو جێبەجێکردنی ڕیكارەكانی پاڵاوتنی 50 هەزار بەرمیلەکە، هەروەها وەرگرتنی بڕی 75 هەزار بەرمیلی تر و پاڵاوتنی و دابەشکردنی بە نرخی فەرمیی 31,500 دینار.
- دیاریکردنی سەقفی نرخ لە بورسەدا: چاودێریکردنی بورسەی هەولێر و سلێمانی بۆ بەرگرتن لە فرۆشتنی بەرمیلی نەوت بە زیاتر لە 100,000 دینار.
2.5. چارەسەری درێژخایەن و پێکهاتەیی (مەودای 1 تا 3 ساڵ)
- زیادکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێویستە بڕی تەرخانکراوی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگە فەرمییەکان لە 9 ملیۆن بەرمیلەوە زیاد بکات بۆ لانی کەم 55 ملیۆن بەرمیل/ساڵ. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 275 ملیۆن لیتر نەوتی سپی و دابینکردنی سەدا سەدی پێداویستیی ناوخۆ.
- دروستکردنی کۆگای ستراتیجی: دروستکردنی کۆگای نیشتمانی لە پارێزگاکان بۆ ئیدخارکردنی نەوت لە وەرزی بەهار و هاویندا تا لە زستاندا بازاڕ بەرامبەر شوکی نرخ پارێزراو بێت.
- گۆڕینی سیستەمی گەرمکردنەوە: پەرەدان بە پڕۆژەکانی ڕاکێشانی تۆڕی غازی سروشتی بۆ ماڵان و هاندانی بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە.
- دەرئەنجام
قەیرانی کەمیی بڕ و گرانیی نرخی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026دا (کە تێیدا نرخی بەرمیلێک گەیشتە 280,000 دینار)، ئەنجامی کەمیی سەرچاوەی سروشتی یان نەبوونی ژێرخانی پاڵاوتن نییە. چارەسەرکردنی ئەم دۆخە لە توانای ناوخۆدایە لە ڕێگەی کاراکردنی پاڵاوگە ناوخۆییەکان و بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان.
سەرچاوەکان:
- وەزارەتی پلان دانانی عێراق – دەستەی گشتیی سەرژمێری 26-11-2025: ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان 2024.
- دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان شوباتی 2021: ڕاپۆرتی شیکاریی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان – عێراق.
- کۆمپانیای دیلۆیت (Deloitte Reports – July 2022) بەرهەمی نەوت، هەناردە، بەکاربردن و داهات لە ماوەی 1ی کانونی دووەمی 2022 تا 31ی ئازاری 2022 (Q1).
- تۆڕی میدیایی ڕووداو 12-08-2026: قەیرانی نەوتی سپی؛ نرخی بەرمیلێک گەیشتە 280 هەزار دینار – ڕاپۆرتی مستەفا گۆران و لێدوانی نەسرەت زەنگەنە و سەلام عومەر.
- دامەزراوەی میدیایی پەرەگراف 23-04-2026: پەرلەمانی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم پێکدەهێنێت.
- ڕاپۆرتی بنکۆڵکاریی درەو میدیا 03-09-2022: توانای پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی سپی.
Daban Mohammed / Peregraf (14-10-2025): Diesel and Kerosene Prices Surge in Kurdistan