ئاماژەکانی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا

هەناردەی نەوتی عێراق 2026-09-27 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

کۆمپانیای دەوڵەتیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” بارە نەوتییەکان لە کۆتا ساتەکاندا بۆ کڕیاران  دەخاتە ڕوو ، بەپێی وتەی ئەو کەسانەی زانیاریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بابەتەکە هەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی کرێی گواستنەوەی دەریایی، کڕینی بارە نەوتییەکانی عێراقی لە ناوچە دوورەکانی ناو کەنداو ئاڵۆز کردووە.

ئەو کەسانە کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت چونکە ڕێگەیان پێنەدراوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان بکەن، ئاماژەیان بەوە کرد کە بەردەستبوونی نەوتی زیاتر بۆ کڕین، وەک ئاماژەیەک بۆ پاشەکشەی هەندێک لە بازرگانان، سۆمۆی هان داوە تا نەوتی ئامادەکراو بۆ بارکردن لە کۆتاییەکانی ئەیلولدا بخاتە ڕوو، لاینیکەم بۆ دوو کۆمپانیا. ئەگەر عێراق نەتوانێت کڕیار یاخود کەشتی بەدەستبهێنێت، ڕەنگە ئەم ئاڵۆزییانە گوشاری زیاتری بەرزبوونەوە بخەنە سەر نرخەکانی نەوتی خاو لە کاتێکدا تێچووی گواستنەوەی دەریایی بەتوندی لە بەرزبوونەوەدایە و بازاڕە جیهانییەکان تووشی ئاڵۆزیی توند بوونەتەوە.

هەروەها گواستنەوەی نەوت بە کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان لە کەنداوی عومانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، نزیکەی ٢٠ دۆلار دەخاتە سەر نرخی هەر بەرمیلێک، بەپێی ژمێرکارییەکانی “بلۆمبێرگ” کە پشتی بە داتاکانی “بۆرسەی بەڵتیک” بەستووە. ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی پێنجیەکی بەهای نەوتی خاو، کە لە ئێستادا نرخی بارکردنی لە ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕیوە، بە بەراورد لەگەڵ بەشێکی زۆر کەمی تێچووی گەیاندن لە پێش جەنگدا.

ئاستەنگەکانی عێراق بۆ گواستنەوەی نەوت

بەهۆی شوێنی جوگرافییەکەی کە لە هەندێک دراوسێی کەنداو دوورترە لە گەرووی هۆرمز، عێراق لە بواری گواستنەوەی دەریایی تووشی کێشەی زیاتر بووە، زیاتر پشت بە کۆمپانیا بازرگانییەکان دەبەستێت بۆ بازاڕکردن و گواستنەوەی نەوتەکەی. هەروەها داشکاندنی گەورەی نرخی پێشکەش کردووە بۆ هاندانی کڕیاران، و لە کۆتا زیادکردندا نرخی نەوتی “بەسرەی مامناوەند” و  “بەسرەی قورس”ی دابەزاندووە.

کێبڕکێی نێوان وڵاتانی کەنداو بۆ فڕۆشتنی نەوتەکەیان بووە هۆی ئەوەی هەندێک لەو کۆمپانیایانەی پێشتر نەوتی عێراقیان بار دەکرد ڕوو لە دابینکەرانی دیکە بکن کە داشکاندنی گەورەتریان لە نرخەکاندا پێشکەش دەکرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە نەوتی دابینکراوی عێراق بێ بارکردن بمێنێتەوە، بەپێی وتەی عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی”سۆمۆ” لە ٢٠ی سێپتەمبەردا، لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکەوە کە لە کەناڵی فەرمیی پەرلەمانی عێراق لە یوتیوب دانراوە.

هێشتا بە ڕوونی دیار نییە کام بازرگانانی نەوت لە پرۆسەی بارکردنەکە کشاونەتەوە، کە بووەتە هۆی بەردەستبوونی نەوتی خاوی زیاتر. بەپێی زانیارییەکانی «بلومبێرگ»، پێشتر کۆمپانیاکانی “گرووپی ڤیتۆل” (Vitol Group)، “گرووپی ترافیگۆرا” (Trafigura Group)، “تۆتال ئێنێرجیز” (TotalEnergies) و “کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبو زەبی” بەشدار بوون لە گواستنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.