سەرۆک وەزیرانی نەرویج ڕوونکردنەوە لەسەر بەڕێوەبردنی سندوقی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەدات کە بەهای 2.25 تریلیۆن دۆلارە
روونبین
سەرۆک وەزیرانی نەرویج “ئەوەی بۆ خەڵکی ڕوون بکەیتەوە کە حکومەت ناتوانێت ئەو پارەیە بەکاربهێنێت کە نییەتی ئاسانە، بەڵام زۆر قورسترە ڕوونی بکەیتەوە کە ناتوانیت ئەو پارەیە بەکاربهێنێت کە هەتە!”
نیویۆرک- لە پەراوێزی کۆبونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گفتوگۆ و دیبەیتێکی تایبەت لە 21ی ئەیلوولی 2026 لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە (CFR) لە شاری نیویۆرک بەڕێوەچوو. دانیشتنەکە لەژێر ناوی “گفتوگۆیەک لەگەڵ یۆناس گاهر ستۆره، سەرۆک وەزیرانی نەرویج و ئەلێکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلاند” کە لەلایەن فەرید زەکەریاوە بەڕێوەبرا .
یۆناس گاهر ستۆره، سەرۆک وەزیرانی نەرویج، لە وەڵامی پرسیارەکانی فەرید زەکەریا، ڕۆژنامەنووسی دیاری جیهانی، ڕوونکردنەوەی دا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی سندوقی سەروەریی نیشتمانیی نەرویج، کە بەهای سەرمایەکەی گەیشتووەتە 2.25 تریلیۆن دۆلار (نزیکەی 500 هەزار دۆلار بۆ هەر هاووڵاتییەکی نەرویجی).
لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، فەرید زەکەریا بە پێکەنینەوە ڕووی لە یۆناس گاهر ستۆره، سەرۆک وەزیرانی نەرویج کرد و وتی:
”ئێوە سندوقێکی بچووکتان لە نەرویج هەیە، نزیکەی 5 ملیۆن کەس دەبن و پارەکەش گەیشتووەتە 2.25 تریلیۆن دۆلار… واتە نیو ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک! دەتانەوێت چی لەو هەموو پارەیە بکه ن؟”
ڕاستەوخۆ و بەرلە وەڵامدانی سەرۆک وەزیرانی نەرویج، ئەلێکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلاند کە لە تەنیشتی دانیشتبوو، بە پێکەنینەوە بەشداربوو لە وەڵامەکەدا ووتی:
”بەشی بکەن! پێم وایە دەبێت لەگەڵ فینلاندییەکاندا بەشی بکەن.”
سندوقێک بۆ نەوەکانی داهاتوو
سەرۆک وەزیرانی نەرویج ڕایگەیاند کە تەواوی داهاتی فرۆشتنی وزە و نەوتی وڵاتەکەی، بەزۆری بۆ ئەورووپا دەنێردرێت، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ئەم سندوقەوە و لە بودجەی گشتیی حکومەت بەکارناهێنرێت. ئامانجی سەرەکیی سندوقەکە دابینکردنی متمانە و پارەی خانەنشینییە بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی نەرویج ساڵانە تەنها مافی ئەوەی هەیە تا 3٪ لە سوودی کەڵەکەبووی ئەو سندوقە خەرج بکات، بەبێ ئەوەی دەستکاری سەرمایە سەرەکییەکە بکات، تاوەکو سندوقەکە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە.
جیاوازی لەگەڵ سندوقەکانی تری جیهان
ستۆره ئاماژەی بەوە دا کە سندوقی نەرویج جیاوازە لە سندوقەکانی کەنداو؛ چونکە مەبەست لێی کڕینی پشکی کۆنترۆڵکەر لە کۆمپانیاکاندا نییە، بەڵکو وەبەرهێنانیان کردووە لە نزیکەی 7,000 تا 8,000 کۆمپانیای جیهانیدا و تەنها 1٪ تا 3٪ی پشکی کۆمپانیاکان دەکرێتەوە.
پابەندبوون بە بنەما ئەخلاقی و نێودەوڵەتییەکان
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕێنماییە ئەخلاقییەکان و بابەتی ئیسرائیل و غەززە، سەرۆک وەزیرانی نەرویج دووپاتی کردەوە کە سندوقەکە وەبەرهێنان لەو وڵاتانەدا ناکات کە ڕێز لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ناگرن. هەروەها وڵاتەکەی پێداچوونەوە بۆ بنەماکانی وەبەرهێنان دەکات تاوەکو لەگەڵ بەهاکانی گەلی نەرویج بگونجێت، وەک دوورکەوتنەوە لە وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانی تووتن و خەڵووز.
لە کۆتاییدا، ستۆره بە شێوەیەکی خۆش بەڕێوەبردنی ئەم سەرمایەیەی بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە وەسف کرد و وتی:
“ئەوەی بۆ خەڵکی ڕوون بکەیتەوە کە حکومەت ناتوانێت ئەو پارەیە بەکاربهێنێت کە نییەتی ئاسانە، بەڵام زۆر قورسترە ڕوونی بکەیتەوە کە ناتوانیت ئەو پارەیە بەکاربهێنێت کە هەتە!”