“ئاگربەستی وزە” لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا: کارتی ترەمپ بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی پێش هەڵبژاردنەکان

دیزڵ 2026-10-12 لە لایەن روونبیین
ڕاپۆرت

روونبین

“ئاگربەستی وزە” لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا: کارتی ترەمپ بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی پێش هەڵبژاردنەکان

واشنتن پشت بە دیزلی ڕووسی نابەستێت، بەڵام نرخەکانی جیهانی سووتەمەنی فشار دەخەنە سەر کۆمارییەکان.

  • زێلێنسکی پشتیوانی لەو ئاگربەستە کاتییە دەکات کە ترەمپ ڕایگەیاندووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا بوەستێت، لە کاتێکدا هێشتا هیچ وەڵامێک لە مۆسکۆوە نەهاتووەتەوە.
  • ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە داوا لە وڵاتە ئەندامەکانی دەکات پابەند بن بە بەڵێنەکانیان بۆ بەکارهێنانی کۆگا ستراتیژییەکان و پێشینە بدەن بە دیزل، لە کاتێکدا جیهان ڕووبەڕووی کەمیی ئەم سووتەمەنییە بووەتەوە.
  • ترەمپ ڕایگەیاند کە لەگەڵ پوتین ڕێککەوتنێکی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی بڕێک لە دیزلی ڕووسی بۆ بازاڕەکان، لە کاتێکدا شیکەرەوەیەک گومان لە کاریگەریی ڕاستەقینەی ئەم ڕێککەوتنە دەکات.

ڕەنگە ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بە پێی ئەوە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی کاتی هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا ڕادەگرێت، هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ دابەزاندنی نرخەکانی وزە پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەر؛ هەرچەندە ئەمریکا بڕێکی زۆر لە دیزل هاوردە ناکات.

ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە لە پلاتفۆرمی “تروث سۆشیال” نووسی، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو:

“هەردوو لایەن ڕازی بوون. ڕێککەوتنەکە نەشکێنن!”

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، پشتیوانی لەم ئاگربەستەیە کرد، لە کاتێکدا مۆسکۆ هێشتا هیچ کاردانەوەیەکی لەبارەوە دەرنەبڕیوە.

لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنەدا، فاتح پیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری “ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە”، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە وڵاتە ئەندامەکانی کرد هەنگاو بنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەمیی دیزل لە بازاڕە جیهانییەکان، پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکە لە ١٥ی ئۆکتۆبەر.

ئەو هانی وڵاتەکان دا پابەند بن بە بەڵێنەکانیان بۆ بەشداریی کردن لە بەکارهێنانی کۆگا ستراتیژییەکان، بەوەی پێشینە بە دیزل بدەن.

 ئەمریکا پێویستی بە دیزلی ڕووسی نییە

لە ڕووی تەکنیکییەوە، ئەمریکا پێویستی بە هاوردەکردنی دیزل نییە، بە تایبەتی دیزلی ڕووسی. ئەمریکا بە هەناردەکارێکی خاوێنی ئەم سووتەمەنییە دادەنرێت؛ واتە بڕی ئەو دیزلەی هەناردەی دەکات لەوەی هاوردەی دەکات زۆرترە.

بەپێی نوێترین داتاکانی مانگانەی “بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی وزەی ئەمریکا”، هەناردەی دیزلی ئەمریکا لە ١.٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاتر بووە، لە کاتێکدا هاوردەکەی تەنها نزیکەی ١٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە. نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەم هاوردەکردنە لە کەنەداوە دێت.

جوگرافیا ڕۆڵێکی زیاتر دەگێڕێت؛ پاڵاوگە گەورەکانی ئەمریکا لە باشوور لەسەر کەنداوی مەکسیک هەڵکەوتوون، بەم پێیەش گواستنەوەی دیزڵ لێیانەوە بۆ ویلایەتەکانی باکووری ڕۆژهەڵات تێچووی زۆر دەبێت. بۆیە ئەو ویلایەتانە دیزڵ لە کەنەدای نزیک لە خۆیان هاوردە دەکەن، لە کاتێکدا پاڵاوگەکانی باشوور بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی ئەمریکای لاتین دەفرۆشن کە لێیانەوە نزیکترە.

بەڵام نرخدانانی دیزل پەیوەستە بەبازاڕی جیهانییەوە و  بە یەکەوە پەیوەستن. بۆیە هەر باشبوونێک لە هەناردەی دیزلی ڕووسیا، کاریگەری لەسەر نرخەکانی پەمپەکانی سووتەمەنی لە ئەمریکا دەبێت، تەنانەت ئەگەر هیچ بارێکی دیزلی ڕووسی نەگاتە بەندەرەکانی ئەمریکاش.

بۆیە شیکەرەوەکان پێیان وایە “ئاگربەستی کەرتی وزە” کە ترەمپ ڕایگەیاندووە، زیاتر پەیوەندی بە نرخەکانەوە هەیە تا بە دابینکردنی سووتەمەنی.

ئەگەر ئەم ئاگربەستە جێبەجێ بکرێت، ڕەنگە کاریگەرییەکەی لەئەو ئاگربەستە بچێت کە واشنتن و تاران لە مانگی حوزەیران پێی گەیشتن؛ ئاگربەستێک کە وای کرد گەرووی هورموز دووبارە بکرێتەوە و نرخەکانی نەوت دابەزبن. بەڵام دواتر، بەهۆی نوێبوونەوەی هێرشەکانی  ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورموز، نرخەکان دووبارە بەرز بوونەوە.

لەو بارودۆخەدا، وائل مەهدی، شیکەرەوەی نەوتی سعودی و هاونووسەری پەرتوکی  “ئۆپێک لە جیهانی نەوتی بەردیندا”، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ “ئەشرەق بلومبێرگ” وتی:

“ئەگەر ئاگربەستەکە جێبەجێ بکرێت، گرژی و نیگەرانییەکان کەم دەکاتەوە؛ واتە بارودۆخەکە خراپتر نابێت، تەنانەت ئەگەر باشبوونی ڕاستەقینەی بارودۆخی بازاڕەکانی نەوت پێویستی بە ماوەیەک کات هەبێت.”

 پێویستی بە دەنگی دەنگدەران

هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا وایان کرد مۆسکۆ سنوور بۆ هەناردەکردنی دیزل دابنێت. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ جەنگێک کە گەرووی هورموزی پەکخستبوو، گەروویەک گرنگییەکی زۆری بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ جیهان هەیە.

ئەم بارودۆخە نرخەکانی دیزڵی گەیاندە ئاستێکی پێوانەیی لە ئەمریکا و جیهاندا، و مەترسییەکانی هەڵئاوسانی جیهانی زیاتر کرد، بەهۆی گرنگی ئەم سووتەمەنییە لە ئابووری جیهاندا، بەم پێیەش هەر بەرزبوونەوەیەک لە نرخەکانیدا ڕەنگە ڕەنگبداتەوە لەسەر نرخی بەرهەمە کۆتاییەکان.
​ئەم بارودۆخانە بارگرانییەکی سیاسییان لەسەر ترەمپ و پارتی کۆماری دروستکرد پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و توانای خەڵک بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ژیان، لە سەرەوەی نیگەرانییەکانی دەنگدەراندا بوون.

مەهدی ئاماژەی بەوە کرد کە نرخەکانی سووتەمەنی یەکێکن لە بابەتە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکان. هەروەها  وتی: “نرخەکانی سووتەمەنی بوونەتە بابەتێک کە دیموکراتەکان بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی ترەمپ و جەنگی دژی ئێران بە بەرپرسیار لەو بارودۆخە بناسێنن. لە بەرامبەردا، ترەمپ هەوڵ دەدات بە لایەنگرانی خۆی پیشان بدات کە درێغی ناکات لە هیچ هەوڵێک لە پێناو دابەزاندنی نرخەکاندا.”

“کاتی ئەوە هاتووە سەرۆکێکی نوێ هەبێت”

ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە دوای ئەوە هات کە ترەمپ فشاری خۆی لەسەر سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، توندتر کرد بۆ ئەوەی داواکارییەکەی جێبەجێ بکات و هێرشەکان بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا بوەستێنێت.

ترەمپ ڕۆژی شەممە لە کۆشکی سپی بە توندی هێرشی کردە سەر زێلێنسکی و بە ڕۆژنامەنووسانی وت:

“پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە کە ئۆکرانیا سەرۆکێکی نوێی هەبێت.”

هەروەها وتی کە ئۆکرانیا پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە کە “توانای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هەبێت” لەگەڵ ڕووسیا.

ترەمپ: کاتی ئەوە هاتووە ئۆکرانیا سەرۆکێکی نوێی هەبێت

ئەمە یەکەم جار نییە ترەمپ هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر زێلێنسکی. پێشتر بە ڕوونی داوای لێ کردبوو هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوەکانی ڕووسیا بوەستێنێت، بەڵام وادیارە ئەو داواکارییە لە ئۆکرانیا پشتگوێ خراوە.

ترەمپ هەوڵەکانی فشارخستنە سەر ئۆکرانیای بە هەڕەشەی بڕینی چەک لە ئۆکرانیا هاوپێچ کرد؛ پاشان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین، ڕێککەوتنێکی کردووە بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە سنووردارکردنەکان لەسەر هەناردەی دیزلی ڕووسی.

بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تەن دیزل بە شێوەیەکی دەستبەجێ دەخرێتە بازاڕە جیهانییەکان. لە دوای ئەوە، ٥٠٠ هەزار تەن لە مانگی تشرینی دووەمدا دابین دەکرێت، پاشان یەک ملیۆن تەن، لەگەڵ دابینکردنی ٣ ملیۆن تەن دیزلی دیکە. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانانانە پەیوەستە بە بارودۆخی پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا.

بەڵام فرانسێس بیران، توێژەر لە پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ستراتیژی لە پاریس، پێی وایە ئەم ڕاگەیاندنانە ناتوانن گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بازاڕەکاندا دروست بکەن.

ئەو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ  “بلومبێرگ” وتی کۆی ئەو بڕە دیزلەی بڕیارە لە ڕووسیاوە هەناردە بکرێت، “تەنها بە ئەندازەی ١.٢ ڕۆژ لە بەکارهێنانی جیهانیی دیزلە”.

ئەو پێی وایە ئەم ڕێککەوتنە “تا ڕادەیەکی زۆر تەنها ڕاگەیاندنێک بوو” .بە مەبەستی ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی نرخەکان، کە هاوشێوەی ئەو ڕاگەیاندنانەیە ترەمپ دووبارەیان دەکاتەوە دەربارەی نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا.