بەسەرپەرشتیی وەزیری نەوت؛ پڕۆسەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک ڕادەستی دەستەی بەگەڕخستنی هاوبەش کرا لەگەڵ کۆمپانیای (BP)

نەوتی کەرکوک 2026-10-15 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

بەسەرپەرشتیی وەزیری نەوت؛ پڕۆسەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک ڕادەستی دەستەی بەگەڕخستنی هاوبەش کرا لەگەڵ کۆمپانیای (BP)

کەرکووک — چوارچێوەی هەنگاوە ستراتیژییەکانی حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گاز، ڕۆژی پێنجشەممە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی وەزیری نەوتی عێراق، ئەندازیار باسم محەممەد خەزیر ئەلعەبادی، بەڕێوەبردنی کارەکانی چوار کێڵگەی سەرەکیی نەوت لە پارێزگای کەرکووک (کەرکووک، بای حەسەن، خەباز و جەمبور) بە فەرمی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوورەوە گواسترایەوە بۆ “دەستەی بەگەڕخستنی هاوبەش”.

 پاشخانی بڕیارەکە و ڕەهەندە ستراتیژییەکانی:

ئەم هەنگاوە نوێیە درێژەپێدانی ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییەیە کە لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای وزەی بەریتانی (BP) واژۆ کرا، بە مەبەستی بوژاندنەوە، نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی گشتگیر لەو چوار کێڵگە نەوتییە مێژووییەی کەرکووکدا.

  • مێژووی پەیوەندییەکە: کۆمپانیای (BP) خاوەنی مێژوویەکی دێرینە لە کێڵگەکانی کەرکووکدا، چونکە یەکێک بوو لەو کۆمپانیایانەی کە لە ساڵانی ١٩٢٠دا نەوتی لەم ناوچەیە دۆزییەوە. هەروەها، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩ چەندین لێکۆڵینەوەی تەکنیکیی وردی لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەنجام دا بۆ هەڵسەنگاندنی توانای وەبەرهێنانی دووبارەی کێڵگەکان.
  • ئامانجە سەرەکییەکان: پڕۆژەکە ئامانجییەتی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەم کێڵگانەدا بەرز بکاتەوە بۆ نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و وەبەرهێنانی ٥٠٠ ملیۆن پێی سێجا پێوانەیی لە گاز لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.

لە لێدوانێکدا، وەزیری نەوت جەختی لە گرنگیی ئەم گرێبەستە کردەوە و ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە پێویستی بە کارکردنی بەردەوام و شەوانەڕۆژیی هەیە بە مەبەستی خزمەتکردنی ئابووریی نیشتمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی تەگەرەکان.

وەزیری نەوت کۆمپانیای (BP)ی بە هاوبەشێکی ستراتیژیی کارا لە وەبەرهێنانی نەوت و گازدا ناوزەد کرد و دووپاتی کردەوە کە کارکردن لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە بە گیانی یەک تیم، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەت هەموو پاڵپشتییەکی پێویست بۆ کۆمپانیای (BP) دابین دەکات، و قۆناغی داهاتوو شاهیدی مەشق و ڕاهێنانی کادیرانی وەزارەت و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و ئەزموونی جیهانی دەبێت.

مەراسیمی گواستنەوەی کارەکان بە ئامادەبوونی بریکارانی وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان (استخراج) و گاز، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیا و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای (BP)ی بەریتانی لە عێراق بەڕێوەچوو.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.