واشنتن تاوتوێی سووککردنی سزاکانی سەر “کەشتیگەلی سێبەر” دەکات بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی دەریایی

دیزڵ 2026-10-16 لە لایەن روونبیین
شیکردنەوە

روونبین

واشنتن تاوتوێی سووککردنی سزاکانی سەر کەشتییەکانی “کەشتیگەلی سێبەر” دەکات بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی دەریایی، پێشنیازەکە ڕێگە بە گواستنەوەی نەوتی قەدەغەنەکراو دەدات لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی نێوان ترەمپ و ئۆکرانیا فراوانتر دەبن.

  • بەرپرسێکی ئەمریکی: دانوستانەکان ئامانجیان  کەشتییە سزادراوەکانە، نەوەک نەوتی قەدەغەکراوی ڕووسی و ئێرانی.
  • وەزیرانی “ئۆپێک پڵەس”: هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی (تەئمین) بۆ زیاتر لە سێیەکی بەهای کاڵاکان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سێکتەری وزەوە.
  • زێلێنسکی: ڕەخنە لە سووککردنی سزاکانی سەر دیزڵی ڕووسی دەگرێت و ترەمپ و ماسک تۆمەتبار دەکات بە سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکانی مانگی دەستکرد کە لە ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن.

ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی سووککردنی سزاکانی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی “کەشتیگەلی سێبەر” (Shadow Fleet) دەکات، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی دەریایی جیهانی کە بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە، هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئۆکرانیا سەبارەت بە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی ڕووسیا.

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی “ڕۆیتەرز”ی ڕاگەیاند، دانوستانەکان جەخت دەکەنە سەر ئەگەری ڕێگەدان بەو کەشتییانەی پێشتر سزادراون بۆ گواستنەوەی بارە نەوتەکانی “ڕێگەپێدراو”، واتە نەوتی خاو و بەرهەمە پەترۆڵییەکانی کە سزای ئەمریکایان لەسەر نییە، نەک بارە نەوتە قەدەغەکراوەکانی ڕووسیا و ئێران.

دانوستانەکان ئەو کەشتییانەش دەگرێتەوە کە بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە پەترۆڵییەکان لە وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئێران و ڤێنزیوێلا بەکاردێن، لە کاتێکدا بەرپرسەکە ڕوونیکردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوە ئاسانکارییە بۆ دەرچوونی نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکانی زیاتر لە ناوچەی کەنداوەوە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە واشنتن لە هەوڵی سووککردنی ڕێکارەکانی سەر ئەو کەشتییانەیە کە بۆ گواستنەوەی نەوت بەکاردێن، نەک هەڵگرتنی سزا لەسەر بارە نەوتییە خاوەکان و بەرهەمە نەوتییە قەدەغەکراوەکان خۆیان، کە ئەمەش ڕەنگە ڕێگە بدات کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی زیاتر لە بازرگانیی نەوتێک کە سزایان لەسەر نییە بەکاربهێنرێن.

تێچووی گواستنەوەی دەریایی زیاتر لە سێیەکی بەهای نەوت تێدەپەڕێنێت

دانوستانەکانی ئەمریکا لە کاتێکدا دێن کە بازاڕی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ڕووبەڕووی کەمییەکی توندی کەشتییە بەردەستەکان بووەتەوە، هاوکات لەگەڵ بوژانەوەی هەناردەی نەوت لە ناوچەی کەنداو و بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی دەریاوانی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە.

وەزیرانی وزە و نەوت لە هاوپەیمانی “ئۆپێک پڵەس”، لە کاتی کۆبوونەوەیەکیاندا لە ڕیاز لە ڕۆژی دووشەممەدا لە پەراوێزی “کۆنگرەی جیهانی پەترۆڵ”، هۆشدارییان دا لەوەی پەککەوتنی ڕەوتی وزە بەهۆی جەنگەوە تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی بۆ ئاستێکی بێپێشینە بەرزکردووەتەوە کە زیاتر لە سێیەکی بەهای شتومەکەکەی تێپەڕاندووە، ئەمەش ڕێگری لە گواستنەوەی کارای نەوتی خاو و بەرهەمە پەترۆڵییەکان دەکات و گوشاری هەڵئاوسانی زیاتر دەخاتە سەر ئابووری جیهان.

وەزیرەکان جەختیان لەوە کردەوە کە بەرزبوونەوەی بێئەندازەی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی (تەئمین) دەگوێزرێتەوە بۆ تەواوی زنجیرەی بەهای نەوت، کە ئەمەش بارگرانییەکان لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەر زیاتر دەکات و کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری جیهانی دادەنێت، و جەختیان لە گرنگی پاراستنی ڕێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی ڕەوتی وزە.

بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، بەسە تەماشای تێچووی بەکرێگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر بکەین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ چین، کە گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠ ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش تێچووی هەڵدانی موشەکێکی “فالکۆن ٩”ی کۆمپانیای “سپەیس ئێکس” تێدەپەڕێنێت کە ٧٤ ملیۆن دۆلارە، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای نێوەندگیری کەشتیگەلی “گیبسۆن”. ئەم بڕە پارەیە لە سەرەتای ئەمساڵدا دەکرا بۆ کڕینی کەشتییەکی نەوتهەڵگری تەواو نوێ بە هەمان تایبەتمەندی بەکاربهێنرێت.

بەرزبوونەوەکە مووچەی ستافی کەشتییەکانیشی گرتووەتەوە؛ ڕۆژنامەی “فاینانشاڵ تایمز” لە سەرچاوەکانی نزیک لە خاوەن کەشتییەکان و ستافەکانیانەوە گواستوویەتییەوە کە کاپتنی ئەو کەشتییانەی لە کەنداو کاردەکەن ڕەنگە نزیکەی ١٠٠ هەزار دۆلار لە مانگێکدا وەربگرن، بێجگە لە پاداشتێکی ٥٠ هەزار دۆلاری بۆ هەر تێپەڕبوونێک بە گەرووی هورمزدا، لە بەرامبەر مووچەی ئاسایی کاپتنێک کە نزیکەی ١٥ هەزار دۆلارە لە مانگێکدا.

ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو گوشارە زیاترانەیە لەسەر بازاڕی گواستنەوەی دەریایی، کە تێچووی گواستنەوەی نەوت لە ڕێڕەوی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ چین بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی ٤١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا تێکڕای تێچووی گواستنەوە ٤.٥٠ دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک لە ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش  بەهۆی سنوورداری کەشتییە بەردەستەکان و ئاڵۆزییەکانی گواستنەوەی بارەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.

ترەمپ گوشارەکانی لەسەر ئۆکرانیا زیاتر دەکات

تاوتوێکردنی سووککردنی سزاکانی سەر کەشتییەکان لە چوارچێوەی زنجیرەیەک جوڵەی ئەمریکایدایە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی وزە، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵکشانی ناکۆکییەکان لە نێوان ترەمپ و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ڕووسیا.

ترەمپ پێشتر چەندین جار داوای لە زێلێنسکی کردبوو دەستبەرداربێت لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ڕووسیا، و هەڕەشەی بڕینی یارمه‌تییه‌ ئه‌منی و چەکی ئەمریکای کردبوو بۆ سەر ئۆکرانیا بۆ گوشارخستنەسەری تا بەدەنگ داواکارییەکانییەوە بچێت.

سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو تۆنی قسەکانی توندتر کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی لە کۆشکی سپی ڕاگەیاند: “پێموایە کاتی ئەوە هاتووە ئۆکرانیا سەرۆکێکی نوێی هەبێت”، و هەروەها وتی کە وڵاتەکە پێویستی بە ڕابەرێکە “بتوانێت ڕێککەوتن بکات” لەگەڵ ڕووسیادا.

زێلێنسکی ڕۆژی چوارشەممە وەڵامی ترەمپی دایەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنکاری بەریتانی پیرس مۆڕگان گوتی: “ئازاربەخشە کە سەرۆک ترەمپ لایەنێک هەڵبژێرێت.. کە لایەنی ئێمە نییە.”

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ترەمپ گەیشتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی ڤلادیمێر پوتین بۆ سووککردنی بەشێکی بەربەستەکانی سەر هەناردەی دیزڵی ڕووسی، لە هەوڵێکدا بۆ زیاترکردنی بڕی بەردەست لە بازاڕە جیهانییەکان و ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕیارە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تەن دیزڵ دەستبەجێ دابین بکرێت، و بەدوایدا ٥٠٠ هەزار تەن لە مانگی نۆڤەمبەردا، پاشان ملیۆنێک تەن، لەگەڵ ٣ ملیۆن تەنی دیکە کە دابینکردنی بەستراوەتەوە بە دۆخی پاڵاوگە ڕووسییەکانەوە.

ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە ڕاشیگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی کاتیی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی “Truth Social” نووسیویەتی: “هەردوولا ڕازی بوون. ڕێککەوتنەکە نەشکێنن!”. بەڵام هیچ کەس لە لایەنەکان ئاگربەستەکەیان پشتڕاست نەکردەوە، و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆردوومانی توندی ڕووسیا بەردەوام بوو، کە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئۆکرانیای گرتەوە.

ناکۆکی نێوان واشنتن و کیێڤ فرەوانتر دەبێتەوە

هەنگاوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەناردەی سووتەمەنی ڕووسی کاردانەوە و ڕەخنەی زێلێنسکی و وڵاتانی ئەوروپی و هەندێک لە ئەندامانی پارتی کۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی لێکەوتەوە، کە ئەو هەنگاوەیان بە دیارییەک بۆ سەرۆک پوتین وەسفکرد، کە ڕەنگە داهاتی زیاتر بۆ موسکۆ دابین بکات بۆ دابینکردنی دارایی جەنگەکەی لە ئۆکراینا.

تەوژمی ناکۆکییەکان ڕۆژی چوارشەممە توندتر بووەوە، دوای ئەوەی زێلێنسکی، ترەمپ و ئیلۆن ماسکی تۆمەتبار کرد بە سنووردارکردنی دەستگەیشتنی سوپای ئۆکرانیا بە خزمەتگوزارییەکانی مانگی دەستکردی کۆمپانیای “سپەیس ئێکس”، کە بەپێی وتەی سەرۆکی ئۆکرانیا کاریگەری کردووەتە سەر توانای هێزەکانی وڵاتەکەی لە ڕێگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا. زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی پێیوایە سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ئەنقەست بووە، و بە “هەڵەیەکی گەورە” وەسفی کرد.

ماسک وەڵامی ئەم لێدوانانەی دایەوە و ڕایگەیاند کە هەر سنووردارکردنێک لە خێرایی یاخود بەکارهێنان لەلایەن سوپای ئەمریکا و سەرۆکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، و سیستەمەکانی “Starshield” موڵکی حکومەتی ئەمریکان و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندان.

ئەم پێشهاتانە هاوكات بوون لەگەڵ دانوستانەکانی ناو کۆشکی سپی سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ کیێڤ، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی “Semafor” لە بەرپرسێکی ئەمریکیەوە  گواستوویەتییەوە کە ناوەکەی ئاشکرانەکرد، بێ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو هەنگاوە. لە کاتێکدا ترەمپ ڕۆژی سێشەممە جەختی لە بەردەوامی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئۆکرانیا کردبووەوە.

ئیدارەی ترەمپ ڕووبەڕووی گوشاری سیاسی ناوخۆیی دەبێتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و تێچووی گوزەران، پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە ٣ی نۆڤەمبەردا، کە ئەمەش وای لێکردوون بەدوای ڕێگەچارەدا بگەڕێن بۆ زیاترکردنی خستنەڕووی بڕی نەوت و دابەزاندنی نرخەکان.