ترەمپ هەناردەی وزەی ڕووسیا لە باج و سزاکانی یاسای گراهام دەبەخشێت
روونبین
ترەمپ هەناردەی وزەی ڕووسیا لە باج و سزاکانی یاسای گراهام دەبەخشێت
ئەم هەنگاوە دوای ئەو پلانە دێت کە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندرا، بۆ کارکردن لەگەڵ سەرۆککۆماری ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین، بە مەبەستی زیادکردنی دابینکردنی سووتەمەنی دیزلی ڕووسی.
ترەمپ هەوڵ دەدات نرخەکانی دیزڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دابەزێنێت دوای گەیشتنیان بە ئاستێکی پێوانەیی
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، هەناردەی وزەی ڕووسیای لە باجە گومرکییە گەورەکان بەخشی کە لە یاسایەکدا هاتوون کە مانگی ڕابردوو واژۆی کردووە. دوای ئەوەی ئەم ڕێکارانە ڕێگرییان لە هەوڵەکانی کرد بۆ دابەزاندنی نرخەکانی دیزڵ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە ٣ی تشرینی دووەمدا ئەنجام دەدرێت.
ئەم بەخشینە پشت بە بڕگەیەکی یاساکە دەبەستێت کە ڕێگە بە بەخشین دەدات. ئەو یاسایە لەلایەن لیندسی گراهام، سێناتۆری کۆچکردوو، پاڵپشتی کرا بوو بۆ سزادانی ڕووسیا بەهۆی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا. هەروەها، یاساکە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ سزاکانی سەر مۆسکۆ دابین کرد و مەودای ئەو سزایانەی فراوانتر کرد.
ترەمپ لە فەرمانێکی جێبەجێکاریی کە درەنگانی ڕۆژی هەینی دەرچوو، ڕایگەیاند: “بەپێی ئەمە، جێبەجێکردنی ئەم سزا و سنووردارکردن و باجانەی لە یاسای گراهامدا هاتوون دەبەخشم. زانیاری و پشتڕاستکردنەوەم پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە کە دەرکردنی ئەم بەخشینە لە کاتی ئێستادا لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە.”
مەرسومەکە بە شێوەیەکی یاسایی باجەکان بە سەپێندراوی دەهێڵێتەوە، بەڵام جێبەجێکردنیان ڕادەگرێت، ئەمەش واتە ترەمپ دەتوانێت لە کاتێکی تردا جێبەجێیان بکاتەوە ئەگەر بڕیاری دا.
مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژ بۆ سەپاندنی باج
ئەم ڕێکارە مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژەی بە ترەمپ دا بۆ سەپاندنی باجی گومرکی بە ڕێژەی ١٠٠٪ لەسەر هەموو ئەو کاڵایانەی کە لە پێنج کڕیاری گەورەی نەوتی خاوی ڕووسیاوە هاوردە دەکرێن. هەروەها، سەپاندنی سزا لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوە ڕووسییەکان و باجی گومرکی بە ڕێژەی ٥٠٠٪ لەسەر هەموو ئەو بەرهەمە وزەییانەی کە لە ڕووسیاوە دەهێنرێنە ئەمریکا، لە یاساکەدا هاتووە. بڕیار بوو ئەم مۆڵەتە لە ١٨ی ئۆکتۆبەر کۆتایی پێ بێت.
ئەم بڕگانە لەگەڵ ئەو پلانەی ترەمپ ناکۆکن کە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، بۆ کارکردن لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بە مەبەستی خستنە بازاڕ و دابینکردنی دیزەلی ڕووسی بۆ جیهان. سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات نرخەکانی دیزەڵ لە ئەمریکا دابەزێنێت؛ نرخێک کە لە ئاستێکی بەرز و نزیک لە ڕیکۆرددایە، ئەوەش چەند هەفتە پێش هەڵبژاردنەکانی ٣ی نۆڤەمبەر.
بەخشینی باجەکان لەوانەیە شەپۆلێکی نوێی ڕەخنە لە ناو کۆنگرێسدا دروست بکات، لەوانەش لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی کۆمارییەوە کە بەهۆی بڕیاری ترەمپ سەبارەت بە هەناردەکردنی دیزەلی ڕووسی تووڕە بوون. ئەم هەفتەیە، کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران لە هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەوە، نامەیەکیان واژۆ کرد و داوایان لە ترەمپ کرد پاشگەز ببێتەوە لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پوتین و بڕگەکانی یاسای گراهام جێبەجێ بکات.
هەروەها، ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکە ترەمپ لە مەترسیی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ گەورەترین کڕیارانی بەرهەمە وزەییەکانی ڕووسیا، واتە چین و هیندستان و تورکیا، دەپارێزێت.
گراهام، کە ئەندامی حیزبی کۆماری لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور بوو و یەکێک بوو لە دیارترین پاڵپشتیکارانی ئۆکرانیا، پێش مردنی لە مانگی تەممووزدا پڕۆژەی یاساکەی داڕشتبوو. پەسەندکردنی یاساکەش وەک ڕێزگرتنێک لە یاد و بیرەوەریی ئەو سەیر دەکرا.
گراهام، کە کۆمارییەکی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور بوو و یەکێک بوو لە دیارترین پاڵپشتیکارانی دێرینی ئۆکراینا، پڕۆژەیاساکەی دارشتبوو پێش کۆچی دوایی لە مانگی تەمووزدا، و پەسەندکردنی یاساکەش وەک ڕێزگرتنێک لە یاد و بیرەوەریی ئەو سەیر دەکرا.
گراهام بەردەوام دووپاتی دەکردەوە کە ئەم سزایانە ئامرازی سەرەکین بۆ پاڵپێوەنانی پوتین بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هێرش و داگیرکاریی فراوانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا؛ هێرشێک کە چووەتە ساڵی پێنجەمیەوە.