وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەهۆی گوشاری گەمارۆی ئەمەریکاوە چۆڵن

هەناردەی نەوتی ئێران 2026-10-19 لە لایەن روونبیین
هەواڵ

روونبین

  • هەناردەی نەوتی خاوی تاران لە ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگی تەممووزەوە دابەزی بۆ سفر لە کۆتاییەکانی ئابەوە.
  • ئێران ٦٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە ماوەی ئەو ساڵەی کە لە نیساندا کۆتایی هات هەناردە کردووە کە زۆرینەیان بۆ چین ڕۆیشتوون
  • هەوڵەکانی ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت سەرکەوتوو نین.. و تاران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان لە هورمز پەرەپێدەدات

وێستگەکانی سەرەکی بارکردنی نەوت لە ئێران بۆ چەندین هەفتەیەکە بە چۆڵی ماونەتەوە، ئەمەش ئەو ئاماژانە بەهێزتردەکات کە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکی کە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنراوە بە توندی هەناردەی تاران سنووردار دەکات.

بەپێی شیکارییەکی داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان و وێنەکانی مانگی دەستکردی یەکێتی ئەورووپا، لە کۆتاییەکانی مانگی ئابەوە هیچ تانکەرێکی نەوت لە وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە دوورگەی خارک بەندەری نەگرتووە.

ئەمەش بە درێژترین ماوەی وەستانی چالاکی لە دوورگەکەدا دادەنرێت لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە لە مانگی شوباتەوە.

هەناردەی نەوتی ئێران لە ژێر گوشاردا دایە

نەبوونی تانکەرەکان لە دوورگەی خارک، کە دەکەوێتە قووڵایی کەنداوی عەرەبی/فارس، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی گوشارەکان لەسەر ئێران لەو کاتەوەی کە ئەمەریکا سێ مانگ لەمەوبەر دووبارە گەمارۆ سەربازییەکەی بەسەر جووڵەی کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە وڵاتەکەدا سەپاندەوە. بەپێی داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان، و ئامارەکانی هەردوو کۆمپانیای “کێپلەر” و “فۆرتکسا”، هەناردەی خاو لە مانگی تەمووزدا  نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە و  دابەزی بۆ سفر لە کۆتاییەکانی ئابەوە.

پرۆسەکانی بارکردنی نەوت لە مانگی تەممووزدا لە نیوەی یەکەمی مانگەکەدا چڕبوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاراندا بووە هۆی هەڵگرتنی کاتی گەمارۆی ئەمەریکی.

ڕێکخراوی ناحکومی “یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی” ئاماژەی بەوەدا کە لە نیوەی ئەو مانگەوە، کە گەمارۆ لەسەر جووڵەی کەشتییەکان دووبارە سەپێنراوە، هیچ تانکەرێکی بارکراو بە نەوتی ئێران نەیتوانیوە وڵاتەکە یان ئاوە نزیکەکانی جێبهێڵێت.

تاران هێرشەکان لە گەرووی هورمز پەرەپێدەدات

بەپێی داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی تانکەرەکان، ئێران نزیکەی ٦٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە ماوەی ئەو ساڵەی کە لە نیساندا کۆتایی هات هەناردە کردووە، کە زۆرینەیان بۆ چین ڕۆیشتوون. ئێستاش، لەگەڵ ونبوونی نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا، پاڵاوگە چینییەکان ڕوو لە سەرچاوەی تری خاو دەکەن، و کێبرکێ لەگەڵ کڕیارانی تر دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بارەکانی نەوت و تانکەرەکان، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و شپرزەیی دروستکرد لە بەرزبوونەوەیەکی مێژوویی تێچووی گواستنەوەدا.

لەگەڵ شکستخواردنی هەوڵەکانی ئێران بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی نەوت، تاران هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کەشتییانە پەرەپێدا کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، کە کەنداوی عەرەبی بە دەریا کراوەکانەوە دەبەستێتەوە. بەپێی ئەو ئاگادارییانەی کە دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، سەر بە هێزی دەریایی شانشینی یەکگرتوو ناردوویەتی، لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمی تشرینی یەکەمدا، ٢٥ کەشتی لە گەرووەکە و ناوچە دەوروبەرەکانی بەئامانج گیراون، لە بەرامبەر ١٨ ڕووداو کە لە تەواوی مانگی ئەیلوولدا ڕاگەیەندراون، و ١٥ ڕووداو لە ئابدا.

نزیکەی سەرجەم هەناردەی نەوتی ئێران بە دوورگەی خارکدا تێدەپەڕێت، و بەندەری جاسک کە دەکەوێتە سەر سوچی ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، تەنها رێژەیەکی کەم لەو هەناردانە پێکدەهێنێت. لە کاتێکدا چالاکی لە دوورگەی خارک وەستا، وێنەکانی مانگی دەستکرد نیشانیان دا کە هیچ تانکەرێک لە بەندەری جاسکیشدا لەنگەریان نەگرتووە.

دۆخی بەندەرە ایرانییەکان ئێستا

ئەو وێنانەی لەلایەن دوو مانگی دەستکردی “سنتینل ١” و “سنتینل ٢”ی سەر بە یەکێتی ئەورووپا گیراون. هەردووکیان هەر چەند ڕۆژجارێک بەسەر دوورگەکەدا بە جیا تێدەپەڕن، و درێژترین ماوەی نێوان هەر دوو وێنەیەک کە لەلایەن ئەم دوو مانگە دەستکردەوە گیراون لە سێ ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە. بارکردنی تانکەرێکی زەبەلاح لە دوورگەی خارکدا بە شێوەیەکی گشتی نێوان ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر دەخایەنێت.

لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا کەشتییەکی بچووک لەنگەری گرتووە، کە وادەردەکەوێت کۆتایی  ماوەی وەستانی چالاکیبێت کە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ بەردەوام بوو. بەڵام نیشانەکانی دیاریکردنی شوێنی ئۆتۆماتیکی کە لێیەوە دەرچوون ئاشکرایان کرد کە ئەو تانکەری کیماوی و بەرهەمە نەوتییەکانی “کلاڤێل” (Clavel) بووە، کە لە نێوان بەندەرە ئێرانییەکاندا هاتووچۆ دەکات.

لە ڕووداوێکی جیادا، لانیکەم دوو تانکەر لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ی ئەیلوولدا نزیک ڕێڕەوەکانی بارکردن لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەی خارگ، بینراون.

بەڵام بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوانە تەنها بۆ بارکردن و گواستنەوەی شلەی گازی شلکراوەی نەوتی (LPG) و گوگردە.