نەوتی ئەو مبارکراوی ئێران لە ناو دەریادا و لە دەرەوەی ناوچەی گەمارۆکە گەیشتە سفر، لەکاتێکدا ئێران لەبەردەم سێ بژاردەی دژواردایە
هۆمایون فەلەکشاهی
نەوتی مبارکراوی ناو دەریای ئێران لە دەرەوەی ناوچەی گەمارۆکە گەیشتووەتە سفر، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە دوایین بارەکان لە چین دابەزێنران. بەهۆی ئەمەشەوە، ڕەنگە تا ناوەڕاستی مانگی دوانزە (کانونی یەکەم) داهاتی نەوتی ئێران بۆ سفر دابەزێت. لەکاتێکدا تاران کەوتووەتە دۆخێکی تەنگژەی سەختەوە، بەمەش سێڕیانە ستراتیژییە دژوارەکەی بڕیاربەدەستانی تاران قووڵتر بووەتەوە و بژاردەی ئاڵۆزکردنی سەربازی بۆ مەودای کورتمەودا بووەتە یەکێک لە جدیترین ڕێگەچارەکان لای ئەوان.
پێشبینییەکانی بازاڕ و بازرگانی
پێکهاتەی دوبەی: بە نەمانی بەرمیلە نەوتەکانی ئێران، پاڵاوگە ئاسیاییەکان ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی خێرای نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە لە بارودۆخی ئاساییدا دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی پێکهاتەی دوبەی، مەگەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بە بەرزیی بمێنێتەوە، کە لەو حاڵەتەدا ئەگەری دابەزینی زیاتر لە پێکهاتەکەدا هەیە.
بەرزبوونەوەی کەمی بەهای برێنت لە مەودای نزیکدا: ئێران ناچارکراوە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا لە ٣ی نۆڤەمبەردا گرژییەکان بە بەرزی بهێڵێتەوە، کە ئەمەش مەترسییەکان لەسەر ڕەوتی نەوتی کەنداوی فارس زیاتر دەکات.
خاڵە سەرەکییەکان
نەوتی ئەمبارکراوی ئێران ناو دەریادا لە دەرەوەی ناوچەی گەمارۆکە لە ناوەڕاستی مانگی دە (تشرینی یەکەم)دا بۆ سفر دابەزی، لەکاتێکدا لە ١٤ی تەمووزدا لە لووتکەدابوو کە ٨٨.٨ ملیۆن بەرمیل بوو. نزیکەی ٤٣ ملیۆن بەرمیل بە گیرخواردوویی لە ناوچەی گەمارۆکەدا ماونەتەوە.
پێدانی پارەکان دوو مانگ لە دوای دابەزاندنی نەوتەکەوە دەبێت، بۆیە پێویستە تا ناوەڕاستی مانگی دوانزە داهاتەکانی نەوتی خاو و کۆندنسەیتی ئێران وشک ببن، ئەگەر تاران توانیبیتی داهاتەکانی بگەڕێنێتەوە.
تاران ڕووبەڕووی ئەو سێڕیانە دژوارە دەبێتەوە کە لە مانگی ئابدا ئاماژەمان پێدا: دانبەخۆداگرتن، دانوستان، یاخود ئاڵۆزکردن. بژاردەی یەکەم ئاماژە بە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەکات پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، پێش ئەوەی ئەگەری گۆڕینی ستراتیژ هەبێت.
ئەو ڕێگەیە مەترسیی گەورەی لەگەڵدایە: وەڵامێکی بەهێزی ئەمریکا، وەک ئەوەی لە تەمووزدا ڕوویدا، و توندبوونی هەڵوێستە هەرێمییەکان دژی تاران.
دوایین بەرمیلەکان گەیشتنە جێ وەک لە دوایین ڕاپۆرتی بەرمیلی نەوتی خاودا ئاماژەی پێکراوە، زانیارییەکانمان نیشانی دەدەن کە نەوتی خاو و کۆندنسەیتی سەر ئاوی ئێران لە دەرەوەی ناوچەی گەمارۆکە لە ناوەڕاستی مانگی دەدا بۆ سفر دابەزیوە. ئەم هەڵسەنگاندنەی شیکەرەوان جیاوازە لەو ژمارەیەی ئێستا لە سەر پلاتفۆرمی Kpler نیشان دەدرێت، کە هێشتا ڕەنگدانەوەی ئەم دابەزاندنانەی تێدا نییە و لە نوێکردنەوەدایە. لە سەرەتای جەنگدا، ئێران نزیکەی ١٣٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە دەرەوەی ناوچەکەدا هەبوو، کە زۆربەی لە ئاوەکانی مالیزیا و سەنگاپورە ڕاوەستابوون. ئەو یەدەگە ڕێگەی پێدا کە بەردەوام بێت لە دابینکردنی نەوت بۆ چین لە ماوەی دوو قۆناغی گەمارۆکەدا.
لە کاتی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیراندا (MoU) گەیشتەوە نزیکەی ٨٩ ملیۆن بەرمیل، بەڵام لەو کاتەوەی کە گەمارۆکە لە ناوەڕاستی تەمووزدا گەڕایەوە، بەردەوام کەمی کردووە. ئێران لە ٢٥ی ئابەوە هیچ بارێکی نەوتی خاو یان کۆندنسەیتی بار نەکردووە، و ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی لە ناوەڕاستی تەمووزەوە باریان کردووە نەیانتوانیوە لە هێڵی گەمارۆکە تێپەڕن. ئەمەش کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێرانی (NIOC) ناچار کردووە کە بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە بۆ ئاستی پێداویستییە ناوخۆییەکان، کە لەم پایزەدا بەهۆی دابەزینی وەرزیی داواکاری ناوخۆیی، بۆ کەمتر لە ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.
نەوتی خاو و کۆندنسەیتی ئێران لەسەر ئاو (ملیۆن بەرمیل – mbbls)

سەرچاوە: خەمڵاندنی شیکەرەوانی Kpler
تێبینی: ئەم هێڵکارییە ڕەنگدانەوەی هەڵسەنگاندنی شیکردنەوەکانمانە بۆ نەوتی سەر ئاوی ئێران. ئەو دابەزاندنانەی دوایی تێدا کۆکراوەتەوە کە هێشتا لە پرۆسەی جێبەجێکردندان لە زانیارییەکانی نەوتی سەر ئاو لەسەر پلاتفۆرمی Kpler، بۆیە ڕەنگە هەردووکیان بۆ قەبارەی دەرەوەی ناوچەی گەمارۆکەی ئێران جیاواز بن. پلاتفۆرمەکە نوێ دەکرێتەوە بۆ ڕەنگدانەوەی ئەم گۆڕانکارییانە.
بارکردنی نەوتی خاو و کۆندنسەیتی ئێران بەپێی بەندەری دەستپێک (هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا – kbd)

سەرچاوە: Kpler
بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران

سەرچاوە: Kpler
زیانە داراییەکە هێشتا بەڕێوەیە؛ چونکە کڕیارە چینییەکان بەگشتی یەک تا دوو مانگ دوای دابەزاندنی نەوتەکە پارە دەدەن، بۆیە پێشبینی دەکەین داهاتی نەوتی خاو و کۆندنسەیتی ئێران تا ناوەڕاستی مانگی دوانزە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە سفر.
فرۆشتنی نەوت نزیکەی ٣٠ تا ٤٠٪ی داهاتی حکومەت پێکدەهێنێت و گەورەترین سەرچاوەی دراوی بیانییە بۆ ئێران. لە هەمان کاتدا، بازاڕی دراو لە ئێستاوە ڕەنگدانەوەی ئەم زیانەی تێدا دەرکەوتووە؛ لە ٢٢ی تشرینی یەکەمدا، دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە نزیکەی ٢٧٢,٠٠٠ تومەن بوو، لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا (کاتی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە) ١٥٧,٠٠٠ تومەن بوو. تومەن لەو ماوەیەدا نزیکەی ٤٢٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە، کە ئەمەش تێچووی هاوردەکردنی بەرزکردووەتەوە و هەڵئاوسانی زیاتر کردووە، ڕێک لەو کاتەی گەمارۆکە زیاتر پەستانی خستووەتە سەریان.
دانبەخۆداگرتن، دانوستان، یاخود ئاڵۆزکردن
لە مانگی ئابدا، ئاماژەمان بەوەدا کە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە ئەگەری هەیە ببێتە باشترینی نێو بژاردە خراپەکان بۆ تاران لە مەودای کورتمەودادا، چونکە گەمارۆکە بەردەوامی دۆخی ئێستای زۆر گرانتر دەکرد لەکاتێکدا هەناردەی وڵاتانی دراوسێی بەرەو چاکبوونەوە دەچوو.
بە نەمانی پشتێنی تەواوکاریی نەوتی ناو دەریاکان، روداوەکانی هەفتەی ڕابردوو پشتگیری لەو تێڕوانینە دەکات:
ئەمەش بژاردەی ئاڵۆزکردن بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، روداوەکانی هەفتەی ڕابردوو ئاماژە بەوە دەکات کە تاران بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕوات : هەر ئەمڕۆ، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە چوار کەشتیی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئەمریکای داوە لە باکووری کەنداوی فارسدا، و دەڵێت سێ کەشتیی تر بەر مین کەوتوون لە ڕۆژئاوای گەرووی هورمز. دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) بە جیا پشتڕاستی کردەوە کە بە مووشەک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی نزیک فاو و بوخا دراوە. هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاگاداری داوە کە ڕەنگە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ببنە ئامانج. هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە توندتر بوونەتەوە، کە ئەمەش ئارامکۆی ناچار کردووە بارەگای سەرەکی خۆی لە زەهران چۆڵ بکات.
سەرەڕای ئەمەش، قەبارەی نەوتی خاو (بەبێ قەبارەی ئێران) کە ناوچەکە جێدەهێڵێت لەسەر بنەمای مامناوەندی ٧ ڕۆژە بە بەرزتر لە ئاستی پێش جەنگ دەمێنێتەوە. بەڵام، بەرزبوونەوەی ژمارەی هێرشەکان ڕەنگە تێپەڕبوون و بارکردن لە کەنداو لە ڕۆژانی داهاتوودا کەم بکاتەوە، ئەگەرچی پێشبینی دەکرێت ڕەوتی گشتی بە بەرزی بمێنێتەوە. بەهۆی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا لە ٣ی نۆڤەمبەردا، تاران هەموو هاندەرێکی هەیە بۆ ئەوەی ئێستا تێچووی جەنگەکە بەرز بکاتەوە.
گرەوێکی پڕ لە مەترسی
مانگی تەمووز مەترسییەکەی نیشاندا؛ چونکە فشاری ئێران لەسەر کەشتیوانی بووە هۆی وەڵامێکی بەهێزی ئەمریکا کە دەسەڵاتی تارانی بەسەر گەرووەکەدا لاواز کرد، و بەپێی ڕاپۆرتەکان واشنتۆن و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشی نوێ دەکەن.
ڕەنگە هەڵوێستە هەرێمییەکانیش زیاتر توند ببنەوە بەپێی هێرشەکانی ئێران یان گرووپە وەکیلەکانی: ئیمارات لە مانگی ئابدا بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕاگرت، بەریتانیا و فەرەنسا پشتیوانی بەرگریی بۆ سعودیە زیاتر دەکەن، و میسر ڕایگەیاندووە کە ئەگەر داوای لێبکرێت بەرگری لە خاکی سعودیە دەکات. دوێنێ، عێراق یەکێک لە دەروازە سنورییە سەرەکییەکانی لەگەڵ ئێراندا داخست (سنووری شەیب / چەزابە). ئەگەر وڵاتانی کەنداو لە بێلایەنیی وریاوە بەرەو دژایەتی ئاشکرا هەنگاو بنێن، ڕەنگە تاران زیاتر پەراوێز بخرێت، کە ئەمەش پەستانە ئابوورییەکان قووڵتر دەکاتەوە کە هەوڵی ڕاکردن لێیان دەدات.