هەناردەی نەوتی عێراق گەڕاوەتەوە ئاستی پێش قەیرانەکە
وەزیری نەوت ئاشکرایکرد: هەناردەی نەوتی عێراق گەڕاوەتەوە ئاستی پێش قەیرانەکە. وە ڕووبەڕووی کێشەی دارایی دەبینەوە بەهۆی داخرانی هورمزەوە
وەزیری نەوت، باسم محەممەد خەزیر ئەلعەبادی ڕایگەیاند کە هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو و ئەم مانگەدا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستێک کە هاوتا بێت لەگەڵ ئاستەکانی پێش قەیرانی گەرووی هورمز، لە کاتێکدا وڵات بەهۆی لێکەوتەکانی قەیرانەکەوە ڕووبەڕووی کێشەی دارایی دەبێتەوە.
ئەلعەبادی لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی دەستەی ڕای لە وەزارەتی نەوت ڕوونی کردەوە کە لە کاتی قەیرانەکەدا، وەزارەت هەناردەکردنی نەوت لە پێشەنگی کارەکانی دادەنێت، و ئاماژەی بەوەدا کە “سەرکەوتنێکی بەرچاو”ی بەدەستهێناوە لە پاراستنی ئاستی هەناردەکردن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو و ئەم مانگەدا.
ئەوەشی زیاد کرد کە وەزارەت کار دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و دەستەبەرکردنی بەردەوامییەکەی، لە ڕێگەی چاککردنەوەی بیرەکان و بەستنەوەیان، جگه لە هاندانی ئەو کۆمپانیایانەی کێڵگە نەوتییەکان بەڕێوەدەبەن بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونە گرێبەستییەکان کە تایبەتن بە گەشەپێدانی کێڵگەکان و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان.
وەزیر گوتیشی کە پێشینەی دووەم بریتییە لە گەشەپێدانی کەرتی پاڵاوتن، سەرەڕای کۆنیی ژمارەیەک لە پاڵاوگە عێراقییەکان و پێداویستییەکانی چاککردنەوەی خولیی، و جەختی لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان کردەوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی بەکاربردنی ناوخۆیی لە دەرھێنراوە نەوتییەکان (سووتەمەنی).
ئەلعەبادی ڕێنمایی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی کرد بە بەرزکردنەوەی ئاستی کۆگای ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی لەناکاو، لە چوارچێوەی ئەو پلانانەی کە وەزارەت بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی وزە لە وڵاتدا دایناوە، جگە لە پشتیوانیکردنی ئابووری نیشتمانی.
هەروەها ئاماژەی بە خێراکردنی ڕێکارەکانی کڕینی کەشتیگەلی نەوتکێش کرد و جەختی لەسەر پێویستی خێراکردنی ڕێکارەکان کردەوە، چونکە ئەم بابەتە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و بەدەستهێنانی داهاتی پشتیوانیکەر بۆ بودجەی دەوڵەت.