داشکاندنەکانی کەنداو و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، هندستان لە نەوتی ڕووسیا دووردەخەنەوە

داشکاندنی نرخی نەوت 2026-10-27 لە لایەن روونبیین
شیکردنەوە

نەوتی خاوی ڕووسی بە زیادەی نزیکەی دوو دۆلار لە سەرووی نرخی برێنت پێشکەش دەکرێت، کە ئەمەش سوودی ئابوورییەکەی لاواز دەکات.

کۆمپانیاکانی پاڵاوگەی نەوتی هندستان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە کڕینی نەوتی خاو دەکەن لە کەنداوی عەرەبییەوە و کڕینی نەوت لە ڕووسیا (دابینکەری سەرەکییان) کەمدەکەنەوە، دوای ئەوەی تێچووی زۆری گواستنەوەی دەریایی سوودی ئابووریی گواستنەوەی نەوتی بۆ مەودا دوورەکان لاواز کردوو.

بەپێی وتەی بازرگانانی بەشدار لە دانوستانەکاندا، هەندێک باری نەوتی عێراق بە داشکاندنێک کە زیاترە لە 25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەراورد بە نەوتی پێوەرى دوبەی (پێش هەژمارکردنی تێچووی گواستنەوە) دەفرۆشرێن. کاتێک تێچووی گەیاندن هەژمار دەکرێت، ئەم نرخانه یەکسانن بە داشکاندنی چەند دۆلارێک بۆ هەر بەرمیلێک بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت.

لە بەرامبەردا، نەوتی خاوی ڕووسی بە زیادەی نزیکەی دوو دۆلار لە سەرووی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت (پێوەری جیهانیی بازاڕی نەوت) پێشکەش دەکرێت، کە ئەمەش کڕینی نەوت لە ڕووسیا، کە گەورەترین دابینکەری نەوتی خاوە بۆ هندستان، لە ڕووی ئابوورییەوە بێسوود دەکات.

“ئارامکۆ” و “ئەدنۆک” داشکاندن بۆ نرخی نەوت پێشکەش دەکەن

ڤیتسا ڕاماکریشنا گوپتا، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای پاڵاوگەی حکومی “بهارات پێترۆلیۆم” (Bharat Petroleum Corp)، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی کار لە ڕۆژی دووشەممەدا وتی: “لە مانگی تشرینی دووەمدا بارە هاتووەکان لە ڕووسیاوە بە شێوەیەکی بەرچاو  کەمیان کردووە بەهۆی دابەزینی سوودە بازرگانییەکەی… بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوەوە، چیتر پێشنیاری باشمان لە ڕووسیاوە پێ ناگات.”

ئەم گۆڕانکارییە تەنها لایەنی عێراق ناگرێتەوە. لقی بازرگانیی سەر بە کۆمپانیای “ئارامکۆی سودی” بەمدوایانە هەندێک باری نەوتی خاوی “الخفجي”ی ئامادە بۆ بارکردنی دەستبەجێ بە داشکاندنێک فرۆشتووە کە گەیشتووەتە 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەراورد بە نەوتی پێوەری دوبەی، لە کاتێکدا کۆمپانیای “پێترۆلی ئەبو زەبی نیشتمانی” (ئەدنۆک) لە سەرەتای ئەم مانگەدا نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بە داشکاندنێکی کەم فرۆشتووە.

ئەم گۆڕانکارییە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی هەشت مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگەکەدا، دووبارە نەخشەی بازرگانیی نەوتی خاو لە هندستان دەکێشێتەوە. هەروەها هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو شێوازە بازرگانییانە دەکات کە دوای داگیرکاریی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروستبوون، کاتێک هندستان وەک کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ڕووسی دەرکەوت لەگەڵ پاشەکشەی کڕینی کڕیارە ئەورووپییەکان.

بووژانەوەی ڕەوتی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە

ڕەوتی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بووژاوەتەوە بۆ ئاستێک کە نزیکە لە ئاستەکانی پێش جەنگ، سەرەڕای زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە ماوەی ڕابردوودا، لە سایەی هەوڵەکانی ئەو ئابوورییانەی کە بە توندی پشتیان بە داهاتی نەوتی خاو بەستووە بۆ پاراستنی بەردەوامیی هەناردەکردنیان. لە بەرامبەردا، بارە ڕووسییەکان ڕوو لە دابەزینن، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی توندی نرخەکانی گواستنەوە بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووی گەشتە دوورەکان بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ وڵاتانی هاوردەکار وەک هندستان.

ڤیکاس کۆشال، سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی “هندوستان پێترۆلیۆم” (Hindustan Petroleum Corp)، ڕۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە شیکەرەوەکانی ڕاگەیاند کە بەرهەمهێنەرانی نەوت لە کەنداوی عەرەبی، کە ڕووبەڕووی زەحمەت دەبنەوە لە گواستنەوەی نەوتەکەیاندا، داشکاندنی گەورە پێشکەش دەکەن کە بەس بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی نرخە “فەلەکییەکان”ی گواستنەوە.

بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسی کەمدەکاتەوە

ڕووسیا هێشتا گەورەترین دابینکەری نەوتە بۆ هندستان، کە سێیەم گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا، بەڵام گۆڕانی هاوکێشە ئابوورییەکان پشکی ڕووسیا کەم دەکاتەوە. بەپێی وتەی بازرگانان، کۆمپانیای “بهارات پێترۆلیۆم” لە مانگی تشرینی یەکەمدا کڕینی نەوتی ڕووسی بە شێوەیەکی توند کەمیکردەوە، دوای ئەوەی نەوتەکە سوودی ئابووریی خۆی لەدەستدا.

گوپتا لە کۆمپانیای “بهارات پێترۆلیۆم” وتی، هاوردەکردنی مانگی تشرینی دووەم لە ڕووسیاوە کەمترە لەو دابینکارییانەی لە کەنداوی عەرەبییەوە دێن، کە سوودی بازرگانیی زیاتریان هەیە. هەروەها کۆمپانیا ڕکابەرە گەورەکەی “ئیندیان ئۆیل” (Indian Oil Corp) و کۆمپانیای “مانگالۆر ڕیفاینری ئاند پێترۆکێمیکاڵز” (Mangalore Refinery and Petrochemicals Ltd) کڕینی نەوتی خاوی ڕووسییان کەمکردووەتەوە.

کۆمپانیاکانی پاڵاوتن کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر تێچووی گواستنەوەدا بەهێزتر دەکەن لە ڕێگەی بەکرێگرتنی کەشتیی نەوتکێش لەسەر حیسابی خۆیان بۆ گەشتکردن بۆ کەنداوی عەرەبی و بارکردنی نەوتی عێراقی. لە بەرامبەردا، بارەکانی نەوتی ڕووسی ئاساییانە دەگەنە بەندەرەکانی هندستان لەسەر بنەمای گەیاندن (CIF)، کە ئەمەش توانای کەمتر دەداتە کڕیاران بۆ کۆنترۆڵکردنی تێچووی گواستنەوە، بەپێی وتەی کەسانی ئاگادار.


بابەتە هاوپۆلەکان

هیچ هاوبەشیك نەدۆزرایەوە.