ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز
- شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، هاوکاری نەوتی ڕووسیا و سعودیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئۆپێک+دا بە بەهێزی بەردەوامە، کە “هەرچی پێویست بێت” بۆ پاڵپشتیکردنی بازاڕ دەیکات.
ئۆپێک+ کە گروپێکە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی لەنێویاندا ڕووسیا کە نزیکەی 40%ی نەوتی خاوی جیهان بەرهەم دەهێنن، لە مانگی تشرینی دووەمەوە بەرهەمی نەوتی کەمکردووەتەوە بەمەبەستی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت .
سعوودیە و ڕووسیا کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهانن، رۆژی دووشەممە کەمکردنەوەی دابینکردنی نەوتیان زیادتر کرد، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەنگاوە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت بازاڕی بەرزکردەوە. ڕۆژی چوارشەممە، نرخی ئایندەی برێنت بە ڕێژەی زیاتر لە 1% دابەزی و گەیشتە 75.30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە کەمترە لە 80-100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لەوەی کە زۆربەی وڵاتانی ئۆپێک پێویستیانە بۆ هاوسەنگکردنی بودجەی وڵاتەکانیان.
ئۆپێک دەڵێت ئامانجیان نرخی نەوت نییە و هەوڵدەدەن بازاڕێکی هاوسەنگی نەوتیان هەبێت بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو بەکاربەر و بەرهەمهێنەران.
ئەمریکا کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە دەرەوەی ئۆپێک+، چەندین جار داوای لەو گروپە کردووە بەرهەمهێنان بەرزبکاتەوە بۆ یارمەتیدانی ئابووری جیهان و ڕەخنەی لە هاوکارییەکانی سعودیە لەگەڵ ڕوسیا گرتووە بەتایبەت دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا.
بەڵام ڕیاز چەندین جار داواکارییەکانی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە. شازادە عەبدولعەزیز ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەی بەرهەمی هاوبەشی نوێی نەوت کە لەم هەفتەیەدا ڕووسیا و سعودیە ڕێککەوتوون لەسەری ، دیسانەوە سەلماندی کە گومانەکان هەڵەن.
شازادە عەبدولعەزیز وتی: “بەشێک لەوەی کە ئێمە (ڕۆژی دووشەممە) بە هاوکاری هاوکارەکانمان لە ڕووسیاوە کردمان، کەمکردنەوەی بەدبینی تەماشاچییەکان بوو سەبارەت بەوەی کە لە نێوان سعودیە و ڕووسیادا دەگوزەرێت”.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری پیشەسازی نەوت لەگەڵ وەزیرانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە بە سیمیناری نێودەوڵەتی ئۆپێک ناسراوە ئاماژەی بەوەکرد، “تەواو ڕوونە کە ئێمە لە ڕۆژی دووشەممەدا وایدەبینین کە نەک تەنها بە درێژکردنەوەی (کەمکردنەوەی نەوت) دێینە دەرەوە … بەڵکو ڕەزامەندی ڕووسیاشی دەبێت”.
ئۆپێک رێگریکرد لە میدیاکانی ڕۆیتەرز، بلومبێرگ و وۆڵ ستریت جۆرناڵ بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکە کە بەشێکی بە شێوەی ئۆنلاین پەخشکرا.
دوای کۆتایی هاتنی پەخشەکە، شازادە عەبدولعەزیز لە سیمینارەکەدا ڕایگەیاندووە، ئۆپێک+ “هەرچی پێویست بێت” بۆ پاڵپشتیکردنی بازاڕ دەیکات، بەگوێرەی سەرچاوەیەک کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە.
بەسە بۆ ئێستا
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لە نیوەی دووەمی ساڵی 2023دا بازاڕی نەوت توندتر ببێت، ئەمەش بەشێکی بەهۆی کەمکردنەوەکانی ئۆپێک+ەوەیە.
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای مۆرگان ستانلی ڕۆژی چوارشەممە پێشبینییەکانی نرخی نەوتیان کەمکردەوە و ڕایانگەیاند، لەکاتێکدا پێشبینی دابەزینی پشکەکانی نەوتیان لە ساڵی 2023دا دەکرد، پێشبینی زیادەیەک دەکەن لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024، لەگەڵ گەشەسەندنی خستنەڕووی دەرەوەی ئۆپێک زیاتر لە خواست.
سوهەیل مەزروعی، وەزیری وزەی ئیمارات ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەمکردنەوەی زیاتری نەوت دەبێت بەس بێت بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕی نەوت.
مەزروعی بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە “ئەم (دواهەمین کەمکردنەوەیە بەسە ) بۆ هەڵسەنگاندنی بازاڕ و سەیرکردنی هاوسەنگی بازاڕ”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیمارات بەشداری لە کەمکردنەوەی نوێدا ناکات چونکە لە ئێستاوە بەرهەمهێنانی زۆر لە خوار توانای خۆیەوەیە.
هەروەها ووتی”شتێکی گەورەتر هەیە… من کەمیی وەبەرهێنان لە زۆرێک لە وڵاتان دەبینم. دەبێت بانگهێشتی تازەهاتووان بکەین بۆ ئەوەی بێن و بەشداری گروپەکە بکەن. تا وڵاتی زیاترمان هەبێت… کارەکە ئاسانترە… بۆ دڵنیابوون لەوەی کە .” جیهان لە داهاتوودا بەشی پێویست نەوتی هەیە”
” بیربکەرەوە ئەگەر 60%ی بەرهەمهێنەران یان 80%ی بەرهەمهێنەرانمان لەگەڵ بێت… بە دڵنیاییەوە کارێکی باشتر دەکەین.”